وەزارەتی پەروەردە: ساڵنامەیەکی تایبەت بە خوێندن لە سنوری بایکۆت دادەنرێت



وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ساڵنامەی تایبەتی خوێندن بۆ پەروەردەکانی سنوری بایکۆت دادەنرێت، دڵنیایش دەداتە خوێندکاران کە خوێندن نافەوتێت.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کەناڵی کوردستان ٢٤یرایگەیاند، وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ هەموو ماف و شایستەکانی مامۆستایاندایە، حکومەتیش بە جیددی کاری لەسەر ئەوە کردووە کە سایشتەکان بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران دابین بکات.

لە بارەی داواکارییەکانی مامۆستایانیشەوە وتیشی:”بە گرێبەستکردنی وانەبێژان بابەتێکی نوێ نییە بۆ ئێمە، پێش ئەوەی ئەم قەیرانە بسەپێندرێت بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، چەندین جار کۆبوونەوە کراوە کاری جیددی لەسەر کراوە، بەڵام بەهۆی ئەم قەیرانە دواخراوە، هەوڵی زۆر جیددی هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق، ئەگەر جێەجێکرا ئێمەش پابەندی خۆمان رادەگەیەنین بە جێبەجێکردنی دوو داواکارییەی مامۆستایان”.

راشیگەیاند، ئێمە پابەندین بە پاراستنی ماف و شکۆی مامۆستایان، بەڵام دەبێت هەموومان تێبگەین ئەم دۆخەی ئێستا دۆخێکی سەپێندراوە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، هیچ تاوانێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە.

لەبارەی ساڵنامەی خوێندن، بۆ ئەو سنوورانەی بایکۆتی تێدا کراوە وتەبیژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت:” ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی کردووە لەگەڵ پەروەردەی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بۆ ئەم مەبەستە دەسەڵاتیان پێدراوە کە ساڵنامەیەکی تایبەت بەو سنوورانە دابنێن، لێژنەی پسپۆڕ دانراوە بۆ دانانی ئەو ساڵنامەیە لە پۆلی 1 بنەڕەتی تاوەکو 11ـی ئامادەیی، هەروەها بۆ پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی ساڵنامەکەی تایبەت بە گوێرەی بەرژەوندی قوتابییان دادەنرێت و ناهێڵن هیچ قوتابییەک زیانمەند بێت.

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە داوا لە مامۆستایانی ناڕازی دەکات بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن تا خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت و دەشڵێت:” وەزارەتی پەروەردە بەردەوام لە خەمی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆیەتی و لە ماوەکانی رابدووشدا زیاتر لە پێنج هەزار مامۆستای وانەبێژ کرانە هەمیشەیی”.

ئەمڕۆ یەکشەممە ، ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوێکدا داوای لە مامۆستایان کرد بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خویندن و راشیگەیاند، دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسای بەرکارەکان دەستپێدەکاتەوە، هەروەها مامۆستایانی وانەبێژ دەکرێن بە گرێبەست.

دواتر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەکانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین بە نووسراوی فەرمی داوایان لە مامۆستایان کرد، رۆژی سێشەممە لە پێناو بەردەوامبوونی پڕۆسەی ئەمساڵی خوێندن دەست بە دەوامی فەرمی بکەنەوە لە بەرامبەریشدا مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند، بایکۆت ناشکێنین و سبەینێ خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام دەدەین.

لە مەغریب کچێک پرسە بۆ پشیلەکەی دادەنێت
پێشت لە مەغریب کچێک پرسە بۆ پشیلەکەی دادەنێت
بەهۆی داڕمانی شاخەوە دانیشتوانی ئەم ناوچەیەی هەرێم بێ ئاو دەبن
دواتر بەهۆی داڕمانی شاخەوە دانیشتوانی ئەم ناوچەیەی هەرێم بێ ئاو دەبن
ەیوەندیدار