مامۆستایانی ناڕازی بۆ خەڵک: بایکۆت ناشکێنین



وەرزی دووەمی خوێندن لە بەشێکی پەروەردەکانی هەرێم دەستیپێکردووە، بەڵام بایکۆت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان بەردەوامی هەیە، هیچ نیازێک بۆ شکاندنی نییە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە داواکاری مامۆستایانی ناڕازی بڵاویکردەوە، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان مەرجەکانی مامۆستایانی ناڕازی جێبەجێدەکرێن.

ئاماژەی بەوەکرد، پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان دەستپێدەکات، مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری گرێبەستیان بۆ دەکرێت.

سەبارەت بە شکاندنی بایکۆت و گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن، بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، “ئێمە پێشبینیمان کردبوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرج دابنێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان، بەڵام ئێمە پابەند نابین بە گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن و سوور دەبین لەسەر داوا ڕەواکانمان”.

مامۆستا بەرهەم ئەوەشی خستەڕوو، “هەموو مامۆستایان لەسەر ئەوە ڕێککەوتووین کە جێبەجێکردنی خاڵمان بە مەرجەوە قبوڵ نییە، دەبوو لەم مانگەوە پلەبەرزکردنەوە بۆ مامۆستایان دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەزموونێکی دورودرێژمان هەیە لەگەڵ ئەم جۆرە بەڵێنانە کە جێبەجێناکرێن”.

وتیشی، “پرۆسەی خوێندن بەرەو مەترسی هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە حکومەت هۆکاری پەکخستنی پرۆسەی خوێندنە نەک مامۆستایان”.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ماوەی پێشتردا مامۆستایان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و داواکارییەکانیان خستەڕوو، ئەویش ٥ بەڵێنیدا کە داواکاری مووچەخۆرانی هەرێم جێبەجێبکات.

نەجمەدین مستەفا، ئەندامی دەستەی داکۆکیکردن لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ تۆڕی میدیای خەڵک ڕایگەیاند، “ئەم بڕیارە بێ بنەمایە و کاریگەری ناکاتە سەر بایکۆت، سوور دەبین لەسەر داواکارییەکانمان تا پێنج خاڵی داواکاری مامۆستایان جێبەجێدەکرێت”.

ئاماژەی بەوەکرد، “ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە کۆبوونەوەدان و ڕایدەگەیەنن کە بایکۆت ناشکێنریت تا داواکاری مامۆستایان جێبەجێدەکرێن، هاوکات ئەوەی کە پەیوەندیدارە بە بەغدا گفتوگۆی لەسەر دەکەن”.

مامۆستای نەجمەدین باسی لەوەشکرد، “ئێمە سەرجەم ڕێکارەکانمان یاساییە و زیاتر لە ٢٧٦ هەزار واژۆمان کۆکردووەتەوە، سێ جار سکاڵامان لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە، کۆبوونەوەی دادگا بڕیارە لە ٢١ ئەم مانگە بەڕێوەبچێت و دڵنیاییمان هەیە کە دادگای فیدڕاڵی پشتگیری داواکاری مامۆستایان دەکات”.

هاوکات هەڵوێستی مامۆستایانی ناڕازی بۆ بڕیارەکەی وەزیری پەروەردە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژی ٢٢/١٢/٢٠٢٣ یاداشتی ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی گەیەندراوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و وەزیری پەروەردە و لە پێنج خاڵدا داواکارییەکانیان پێشکەشییان کردووە.

لە یاداشتەكەدا مامۆستایانی ناڕازی دووپاتیان کردووەتەوە کە بە هیچ جۆرێك ئامادەی دەستپێكردنەوەی دەوام نین بۆ وەرزی دووەم تا داواكارییەكانیان جێبەجێنەكرێن.

 

سەرۆك کۆمار دەربارەی کەرکووك: دەبێت ماف بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە
پێشت سەرۆك کۆمار دەربارەی کەرکووك: دەبێت ماف بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە
بانکی نیشتمانی عێراق پەیوەندی بە دەستپێشخەریی (هەژماری من )ەوە دەکات
دواتر بانکی نیشتمانی عێراق پەیوەندی بە دەستپێشخەریی (هەژماری من )ەوە دەکات
ەیوەندیدار