پەروەردە كاتی دەستپێكردنەوەی دەوامی مامۆستایانی دیاریكرد



بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی كاتی دەستپێكردنەوەی دەواميان دیاری كرد و ڕایانگەیاند، پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان دەستپێدەكاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان لە گشتاندنێكدا، كە ئەمڕۆ 7ی 1ی 2024 دەریكردووە ئاماژەی بەوەكردووە، دوای داخستنی ناوەندەكانی خوێندن و زنجیرەیەك خۆپیشاندانی مەدەنی لەلایەن مامۆستایانەوە بەمەبەستی گوزارشت كردن لە بەردەستهێنانی مافە ڕەواكانیان، خۆشبەختانە هەوڵی مامۆستایان بەفیڕۆ نەچوو.

دەشڵێت: “پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی پەروەردە لە گشتاندنێكدا وەڵامی یاداشتەكەی مامۆستایانیان داوەتەوە، بۆیە پیرۆزبایی لە خۆمان و مامۆستایان دەكەین”.

جەختیشی كردۆتەوە، لەپێناو دواڕۆژی منداڵەكانمان و بەفیڕۆنەچوونی ساڵێكی خوێندنیان دووپاتی دەكەینەوە، كە پاڵپشتی مامۆستایانیان بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم داوا و مافە ڕەواكانیان.

لە گشتاندنەكەدا هاتووە، “داوا لە ناوەندەكانی خوێندن دەكەین لە ڕێكەوتی 9ی 1ی 2024ەوە ڕۆژی سێ‌ شەممە دەست بە دەوام بكەنەوە”.

هاوكات، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی لە گشتاندنێكدا بڕیاریداوە بە دەستپێكردنەوەی دەوام لە ڕۆژی سێ‌ شەممەی ئەم هەفتەیە بەرواری 9ی 1ی 2024ەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە تا ئێستا لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین و كۆیە تاوەكو ئێستا خوێندن دەستی پێنەكردووە سەرباریی تێپەڕبوونی وەرزی یەكەمی خوێندن، هەروەها ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بە “دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی وانەبێژان بە گرێبەست، بەڵام دوای هەمواری یاسای بودجە و هاتنی شایستە داراییەكانی هەرێم لە بەغداوە” بەڵام مامۆستایان بەوە ڕازی نین و داوای فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەن بۆ جێبەجێ‌ كردنی داواكانیان.

دوا وادە بۆ مامەڵەی پارەی کاش لە وێستگەکانی سووتەمەنی دیاریکرا
پێشت دوا وادە بۆ مامەڵەی پارەی کاش لە وێستگەکانی سووتەمەنی دیاریکرا
یەدەگی زێڕی عێراق لەسەر ئاستی جیهان ئاشکرا کرا
دواتر یەدەگی زێڕی عێراق لەسەر ئاستی جیهان ئاشکرا کرا
ەیوەندیدار