ئەمڕۆ ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئەرمەنییەکانە لەسەر دەستی عوسمانییەکان



ئەمڕۆ ١١١ ساڵ بەسەر جینۆسایکردنی ئەرمەنییەکاندا تێپەڕدەبێت کە لە سەر دەستی دەوڵەتی عوسمانی ئەنجامدرا و تورکیاش تا ئێستا نکوڵی لێدەکات.

کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان (بەئەرمەنی: Հայոց ցեղասպանություն) ڕووداوی مێژوویی کوشتنی خەڵکی ئەرمەنی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی دەوترێت کە لە نێوان ساڵانی ١٩١٥–١٩١٧ بۆ مەبەستی لە ناو بردن و سڕینەوەی ئەرمەنییەکان ڕووی دا. بەپێی بەراوردەکان نزیکە ملیۆنێک تا ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی ئەرمەنی بە دەستی سوپای عوسمانی کوژراون.

لە ساڵی ١٩١٥ دا و لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی عوسمانییەکاندا و بەپێی پلانەکانی ئەنوەر پاشا، تەلعەت پاشا و جەمال پاشا و تەشیکلاتی مەخسووسەی عوسمانییەکان (دەزگای ھەواڵگریی عوسمانییەکان) و سوپای حەمدییە لە شارەکانی ئیستانبوڵ، یوزگات، ئەنقەرە، قەیسەری، موغڵا، وان، سێواس، بدلیس، موش، ئەدەنە، ترابزۆن، ھاتای، ئیزمیر، ئەفیون، ئیزمیت، ئەسکی شەھیر، مانیسا، کاستامۆن و زیاتر لە ٥٠ شار و ناوچەی تری ژێر دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئەرمەنی کۆمەڵکوژکراون و نزیکەی ٥٠٠ ھەزار ئەرمەنیی تریش لە شوێن و ماڵی حاڵی خۆیان بۆ ناوچە دوورە دەستەکانی وەک دێرزور و بیابانەکانی ناوەڕاستی سوریا ڕاگوێزران.

بەپێی مێژوونووسان، لێکۆڵەران و ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی توێژینەوە لە بارەی جینۆسایدەوە (IAGS)، زیاتر لە یەک ملیۆن ئەرمەنی بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراو کۆمەڵکوژکراون، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکومەتی تورکیا، لە ماوەی جەنگی جیھانی یەکەمدا و بەھۆی جەنگەوە ٣٠٠ ھەزار تاوەکو ٥٠٠ ھەزار ئەرمەنی و زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەسی تورکیاش ژیانی خۆیان لەدەستداوە. ئەو ئامار و زانیارییانەی حکومەتی تورکیا لەلایەن ناوەندە سەربەخۆ و بێلایەنەکانەوە پشتڕاست نەکراونەتەوە، چونکە زۆربەی تورکە کوژراوەکان سەرباز بوون نەک ھاووڵاتیی مەدەنی و ژن و منداڵ و ھەروەھا ھیچ ھاووڵاتییەکی تورکیش لە شوێن و ماڵ و حاڵی خۆی ڕانەگوێزرابوو.

بە ئەڵمانیاوە تا ئێستا ٣١ وڵات کوشتار و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بە جینۆسیاد ناساندووە، لە نێویشیاندا ڕووسیا، بەرازیل. فەڕەنسا، ئیتاڵیا و کەنەدا. هەروەها ئەنجومەنی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان بە جینۆساید قبوڵکردووە.

جگە لەوەی لە ٤٢ ویلایەتی ئەمریکادا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بە جینۆساید ناسراوە، ئیدارەی ئەمریکاش لە بریی دەستەواژەی جینۆساید، ئەوەی بەسەر ئەرمەنییەکاندا ھاتووە و بە زمانی ئەرمەنی دەڵێت ” Meds Yeghern” کە بە مانای کارەساتی گەورەیە.

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٥ لە ئۆرۆگوای کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بە جینۆساید قبوڵ کرا.

تا ئێستاش حکومەتی تورکیا کە بە میراتگری دەوڵەتی عوسمانی دادەنرێت، ئامادە نییە دان بە کۆمەڵکوژییەکەدا بنێت و نکوڵی لێدەکات.

 

سامسۆنگ بۆ 15 ساڵە لەسەریەک پێشەنگی بازاڕی جیهانی تابلۆی دیجیتاڵی گرتووە
پێشت سامسۆنگ بۆ 15 ساڵە لەسەریەک پێشەنگی بازاڕی جیهانی تابلۆی دیجیتاڵی گرتووە
ئومێد خۆشناو: دواتر هۆکاری ئاگرەکەی بەردەوم بازاڕی نیشتمان ڕادەگەیەنین
دواتر ئومێد خۆشناو: دواتر هۆکاری ئاگرەکەی بەردەوم بازاڕی نیشتمان ڕادەگەیەنین
ەیوەندیدار