جەژن، هاوشێوەی مانگی ڕەمەزان پێگەیەکی مەزنی هەیە



جەژنی ڕەمەزان یەکێکە لە دوو جەژنەکەی موسڵمانانە و لە یەکەم ڕۆژی مانگی شەوال دوای مانگێک بە ڕۆژووبوونی ڕەمەزان دەستپێدەکات.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی جەژنی ڕەمەزان ئەوەیە کە موسڵمانان دەبێت پێش نوێژی جەژن زەکات و سەرفیترە بدەن و بەسەر موسڵمانە هەژارەکاندا دابەشیبکەن.

دوای نوێژی جەژن، موسڵمانان پیرۆزبایی ھاتنی جەژن لە یەکتر دەکەن، خێزانەکان لە دەوری یەکتر بۆ پیرۆزبایی جەژن کۆدەبنەوە، پێشوازی لە خزم و کەس و میوانەکان دەکەن.

مامۆستا هەڵاڵە محەمەد، بانگخوازی ئایینی تایبەت بە گەورەیی پێگەی جەژن لە ئایینی ئیسلامدا ، بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، جەژن پلە و پێگەیەکی گەورەی هەیە لە ئیسلامدا و لەلای موسڵمانان، جەژن ڕازیکردنی پەروەردگار و سوپاسگوازرییە.

باسی لەوەشکرد، جەژن یەکسان کردنی هەژار و دەوڵەمەندە لەبەرئەوەی زەکات و سەرفیترە دەدەین سفرە و خوانی هەژارەکان دەڕازێنینەوە، هاوکات جەژن لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەخشینی خەندە و دیارییە بەسەر منداڵان، بەسەرکردنەوەی خزم و کەسوکار و گەردن ئازادییە کە تۆکمەکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، کە ڕەنگە لە ڕۆژانی ئاساییدا نەتوانین ئەنجامی بدەین.

لە یەکەم ڕۆژی شەوالدا پاش بەرزبوونەوەی خۆر بە ئەندازەی ڕمێک نوێژی جەژنی ڕەمەزان ئەنجامدەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەڕۆژووبوون لە یەکەم ڕۆژی جەژندا حەرامە و وەرگیراو نییە.

مامۆستا هەڵاڵە لەبارەی نوێژی جەژنەوە وتی، لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا ڕۆژی جەژن زیندووکردنەوەی پەرستشەکانە، ڕۆژی پاداشت و، سوپاسگوزاری و ڕێزلێنانە، هەر بۆیە یەکەم ڕۆژی جەژن بە نوێژ و سوپاسگوزاری دەستپێدەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، نوێژی جەژن (سوننەتێکی موئەکەدەیە)، پێغەمبەر (د.خ) هەتا وەفاتی کردووە نوێژی جەژنی کردووە، هانی موسڵمانانیشی داوە کە بەشداری ئەو کەرنەڤاڵە پیرۆزە بکەن.

سەبارەت بە بەشداری ژنان لە نوێژی بەیانی جەژن ئەوەی خستەڕوو، نوێژی جەژن بۆ ژنانیش وەک پیاوان سوننەتە، کە لە مزگەوتەکان بەشداری نوێژی بەیانی جەژن بکەن، هەر وەک ئەوەی چۆن لە مانگی ڕەمەزاندا بەشداری نوێژی تەراویح و زیندووکردنەوەی شەوانی قەدر دەکەن.

باسی لەوەشکرد، لە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) ژنە سەحابییەکان بەشداری نوێژی جەژن، نزا و پاڕانەوەکانیان کردووە، لەبەرئەوەی جەژن بۆ موسڵمانان کەرنەڤاڵێکی ئاینییە و مایەیی دڵخۆشی و سوپاسگوازرییە بۆ سەرجەم تاکی موسڵمان.

جەختی لەوەشکردەوە، ئێمەش وەک ژنان دەتوانین بەشداری نوێژی بەیانی جەژن بکەین، خۆ ئەگەر بۆمان نەڕەخسا دەتوانین لە ماڵەوە نوێژەکانمان بکەین و نزا و پەرستشەکان ئەنجامبدەین. مامۆستا هەڵاڵە محەمەد سەبارەت بە چۆنییەتی نوێژی بەیانی جەژن بەم شێوەیە ڕوونیکردەوە، نوێژی جەژن بە دوو رکاعەت دەکرێت، یەکەم رکاعەت ٧ جار اللە اکبر دەکەیت، کە سوننەتە بڵێی (سبحان اللە، الحمدللە، لا الە الی اللە، اللە اکبر) ، دواتر سورەتی فاتیحە دەخوێنیت، لە رکاعەتی دووەم ٥ جار اللە اکبر دەکەیت، پاشان وەک نوێژێکی سوننەتی ئاسایی تەواوی دەکەیت و سەلام دەدەیتەوە.

لە کۆتاییشدا مامۆستا هەڵاڵە محەمەد پیرۆزبایی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی لە سەرجەم موسڵمانان کرد و وتی، لە پەروەردەگاری مەزن داوکارم کە نزا و ڕۆژوو پەرستشی هەموولایەکی قەبوڵ کردبێت، هاتنی جەژن بکاتە مایەی خۆشگوزەرانی موسڵمانان.

وانەبێژان دەکرێنە گرێبەست
پێشت وانەبێژان دەکرێنە گرێبەست
ڕۆژانی جەژن ڕێگری لە حاڵەتی نەخوازراو دەکرێت و دڵنیایی دەدرێتە هاووڵاتییان
دواتر ڕۆژانی جەژن ڕێگری لە حاڵەتی نەخوازراو دەکرێت و دڵنیایی دەدرێتە هاووڵاتییان
ەیوەندیدار