بارانی بەخوڕ دەبارێت، بەهۆی لافاوەوە هۆشداری بە خەڵک دەدرێت



شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ڕۆژانی ئایندە ڕاگەیاند، تاوەبارانی بەهێز، تەرزە و هەورەتریشقە ئەمڕۆ ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، هۆشداری بە خەڵکیش دا لە هاتنی لافاوێکی بەهێز.

محه‌مه‌د كه‌لاری، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، به‌هۆی كاریگه‌ری دوو ناوچه‌ی په‌ستان نزمی ده‌ریای سور و ده‌ریای ناوه‌ڕاست پێشبینیم وایه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ كه‌شی ناوچه‌كانمان ببێته‌ هه‌وری ته‌واو و پاشان هه‌وره‌تریشقه‌ی توند و تاوه‌بارانی به‌هاریم تا دره‌نگانی ئێواره‌ی ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ به‌رده‌وامه‌ به‌شێوه‌ی ناوبه‌ناو پاشان كه‌شوهه‌وا ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.

ئاماژەی بەوەکرد، به‌ره‌به‌یانی چوارشه‌ممه‌ به ‌ته‌واوی كاریگه‌ری شه‌پۆله‌كه‌ ده‌گاته‌ ئاسمانی كوردستان و عێراق پێشبینی تاوه‌بارانی باش و هه‌وره‌تریشقه‌ ده‌كه‌م هه‌ندێك كات تاوی به‌هێز و ته‌رزه‌ ده‌بارێت، تا شه‌وی چوارشه‌ممه‌ به‌شێوه‌ی پچڕ پچڕ به‌رده‌وامه‌، پێشبینی ده‌كه‌م ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، هه‌ینی و شه‌ممه‌ چه‌قی كاریگه‌ری شه‌پۆله‌كه‌ بێت و بارانی به‌لێزمه‌ ببارێت له‌گه‌ڵ ته‌رزه‌ و هاتنی لافاو، له‌ دۆڵ و نزماییه‌كان، كاریگه‌ری شه‌پۆله‌كه‌ تا ڕۆژی سێشه‌ممه‌یه‌ و ڕۆژی دووشه‌ممه‌ش ئه‌گه‌ری تاوه‌بارانی به‌هێز هه‌یه‌ .

ئەوەشی خستەڕوو، چه‌قی كاریگه‌ری به‌هێزی شه‌پۆله‌كه‌ له‌سه‌ر گه‌رمیان، هه‌ڵه‌بجه‌، سلێمانی و به‌شێكی پارێزگای هه‌ولێره‌ هه‌ر بۆیه‌ له‌م ناوچانه‌ پێشبینی بارانی به‌هێز و ته‌رزه‌ ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ هاتنی لافاو، بارانه‌كه‌ سه‌رانسه‌رییه‌ و له ‌هه‌موو شارێكی كوردستان بارانی زۆر باش ده‌بارێت هه‌ندێ جاریش كه‌شوهه‌وا ئاساییه‌ و باران نابارێت، به‌ڵام به‌شێوه‌ی له‌ناكاو هه‌وری كه‌ڵه‌كه‌ دروست ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆی بارینی بارانێكی به‌هێز .

وتیشی، له‌ ماوه‌ی كاریگه‌ری ئه‌م شه‌پۆله‌دا پله‌كانی گه‌رما 5 تا 8 پله‌ سیلیزی نزمدە‌بێته‌وه‌ و كه‌شوهه‌وایه‌كی ته‌واو فێنك دروست ده‌بێت، خێرای با له‌ پێش گه‌شتنی هه‌ر تاوێكی به‌هێزی باران چالاك ده‌بێت به‌ ڕێژه‌ی 35 بۆ 45 كیلۆمه‌تر لە کاتژمێرێکدا كه‌ ئه‌مه‌ نیشانه‌ی قورسی و هێزی هه‌وره‌كه‌یه‌ .

ئەو کەشناسی هۆشداری بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دا کە، له‌نێوان ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ تا دووشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ داهاتوو ئه‌گه‌ری تاوه‌بارانی به‌هێز هه‌یه‌ و هۆشداری هاتنی لافاو له‌ دۆڵه‌كان ده‌ده‌م، سه‌نته‌ری شاره‌كانیش ئاستی ئاو به‌رز ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری بروسكەی زۆر توند هه‌یه‌ كه ‌به‌ر زه‌وی ده‌كه‌ون، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ كۆتای به‌و شه‌پۆلی بارانه‌ دێت و كه‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.

پێشبینی بڕی بارانبارین له‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ تا سێشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو :

هه‌ولێر، دهۆك، سۆران و ڕاپه‌ڕین: 70بۆ 175 ملیمەتر

سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، گه‌رمیان و كه‌ركووك: 80 بۆ 190 ملیمەتر

 

ڕێگاکەی پەروێزخان!
پێشت ڕێگاکەی پەروێزخان!
نەخواردنی ژەمی بەیانیان ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاد دەکات
دواتر نەخواردنی ژەمی بەیانیان ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاد دەکات
پەیوەندیدار