ڕێگاکەی پەروێزخان!



کاروان یاروەیس- ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بەهۆی ئەندامێتیم لە لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییکردنی پەرلەمانی عێراق، زوو زوو سەردانی بەندەرەکان و خاڵەسنوورییەکانی عێراق دەکەم، بەو هەموو گەندەڵیەوە ڕێگاوبان و ژيرخانی تۆکمەیان بۆ دروستکراوە.

بەڵام جێگای داخە مەرز و خاڵە سنوورییەکانی کوردستان، کە داهاتێکی زۆریان هەیە، ڕێگاوبان و ژێرخانیان نییە، کوردستان لەباربوو ببێتە ناوەندێکی گرنگی ترانزێتی وشکانی، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێگاوبانی باش و پلانەوە، نەبوو، (ڕێگای گەشەپێدان)یش کە بەسڕە بە تورکیاوە دەبەستێتەوە، گرنگی زۆربەی دەروازە سنووریەکانی هەرێم کەمدەکاتەوە.

بڕواننە خاڵی سنووری پەروێزخان، سەرباری گرنگی و داهاتە زۆرەکەی، جادەکانی هەمان ئەو جادانەن، کە لە شەڕی عێراق و ئێراندا بۆ هاتووچۆی سەربازی و بەرەکانی جەنگ دروستکراون.

لەسەر مەرزی پەروێزخان سەدان کۆلکە ملیۆنێری دۆلار و دەیان ملیۆنێری قەبە هەڵتۆقین، کەچی نەتوانراوە جادەیەکی ڕێکوپێکی بۆ دروست بکرێت و ژێرخانی بۆ بنیاد بنرێت.

ڕەنگە ئەو پرسیارەش بکەن ئەی ئێوە پەرلەمانتارن ئیشتان چیە؟ ئەمە پرسیارێکی ڕەوایە، بەڵام وەڵامەکەی لای حکومەتی هەرێمە نەک عێراق، چونکە ئێمە لە پەرلەمانی عێراقین، بەڵام درێغی ناکەین لەوەی لایەنی فشار و بەدواداچوون بین لەم کێشەیە.

ئەو ڕووداوە جەرگبڕەی دوێنێ کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی مردن و برینداربوون، دەبێ ویژدان ڕابچڵەکێنێت و جادەی پەروێزخان کەلار چاک بکرێت و ئاوڕێک لە گوندەکانی ئەوبەری سیروانیش بدرێتەوە، کە هەمیشە قوربانی شەڕەکان و لانکەی شۆڕش و یەکەم ناوچەن بەر تەعریب و تەرحیل کەوتن.

ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەوروپی بە تامی ئینگلیزی
پێشت ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەوروپی بە تامی ئینگلیزی
بارانی بەخوڕ دەبارێت، بەهۆی لافاوەوە هۆشداری بە خەڵک دەدرێت
دواتر بارانی بەخوڕ دەبارێت، بەهۆی لافاوەوە هۆشداری بە خەڵک دەدرێت
ەیوەندیدار