ڕۆژانی جەژن ڕێگری لە حاڵەتی نەخوازراو دەکرێت و دڵنیایی دەدرێتە هاووڵاتییان



لە ڕۆژانی جەژندا تیمەکانی پۆلیس و ئاسایش، بەرگری شارستانی و هاتووچۆ لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن، ڕێگری لە ڕوودانی حاڵەتی نەخوازراو دەکەن، لە کاتی پێویستیشدا هاوکاری هاووڵاتییان دەکەن.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو تیمەکانمان ڕۆژانی جەژن لە ئامادەباشیدا دەبن، تاوەکو هەر ڕووداوێک یاخود حاڵەتێک ڕوویدا دەستبەجێ  بگەنە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێگری لێبکەن.

ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتا بەیانی جەژن تیمەکانمان لە سەرجەم گۆڕستانەکانی سلێمانی لەگەڵ ئاسایش و چالاکوانە مەدەنییەکان ئامادەییان دەبێت، دواتریش لە هەر شوینێک کۆبوونەوە و ئاهەنگ هەبێت تیمەکانی پۆلیس و ئاسایش بە مەدەنی و سەربازییەوە لەوێ ئامادە دەبن.

وتیشی، لە ڕۆژانی جەژندا لەبەرئەوەی هاووڵاتییان ڕوو لە گەشت و سەیران دەکەن، هەر بۆیە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتییارییەکان لەژێر چاودێری دەبن، شەوانیش تیمەکانی نەهێشتنی تاوان و هێزێکی تایبەت بەردەوام لە گەڕەکەکان دەسووڕێنەوە، داوامان لە هاووڵاتییانیش کردووە لە کاتی بینینی هەر حاڵەتێک یاخود ڕووداوێکدا پەیوەندی بە ئێمە و هێزەکانی ئاسایشەوە بکەن.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی جەختی لەوەشکردەوە، سەرجەم هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پۆلیس، ئاسایش و لیوایەکی تایبەت، پۆلیسی هاتووچۆ، بەرگری شارستانی، تەندروستی، بە شێوەی تیم لە سەنتەر و دەرەوەی سلێمانی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن دەبینرێن و وەستاون، لە خزمەتی هاووڵاتییاندا دەبن بۆ ڕێگری کردن لە هەر ڕووداوێک.

ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، ئامادەکاری بە پلانێکی ئەمنی کراوە، سەرجەم تیمەکان لە بنکەکاندا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، لە دوینێەوە سەرجەم تیمەکان ئاگادارکراونەتەوە بۆئەوەی لە حاڵەتی دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو، ئەگەر هاووڵاتییان پێویستییان بە هاوکاری بوو دەستبەجێ تیمەکان بتوانن بگەنە شوێنی ڕووداوەکان، لەبەرئەوەی کەشناسی ڕایگەیاندووە کە لە یەکەم ڕۆژدا ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ هەیە.

 

بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی خۆیدا بۆ ڕۆژانی جەژن بە خشتەیەک سەرجەم ئەرکەکانی ڕێکخستووە.

ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ئەو خشتەیەی کە بۆ هەر سێ ڕۆژی جەژن دانراوە، تیمەکان شوێنەکانیان دیاری کراوە، سەرجەمیان کاتی دەوام و شوێنی خۆیان دەزانن لە سەنتەری سلێمانی و ڕێگاکانی دەرەوە.

وتیشی،لە بازگەکانیش تیممان داناوە بۆ پێشوازیکردن لە خەڵک و ڕێنماییدان بەو شۆفێرانەی کە خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە حاڵەتی کتوپڕدا لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانییەوە هاووڵاتییان ئاگاداردەکەینەوە، لە کۆتاییدا داواکاریین شۆفێرەکان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و خۆیان بە دووربگرن لە تیژڕۆیی بۆئەوەی ڕووداوی نەخوازراو دروست نەبێت.

 

جەژن، هاوشێوەی مانگی ڕەمەزان پێگەیەکی مەزنی هەیە
پێشت جەژن، هاوشێوەی مانگی ڕەمەزان پێگەیەکی مەزنی هەیە
“ساڵانە پارەی سەرفیترە و فیدیە لە هەرێمی کوردستاندا دەگاتە 10 ملیار دینار”
دواتر “ساڵانە پارەی سەرفیترە و فیدیە لە هەرێمی کوردستاندا دەگاتە 10 ملیار دینار”
ەیوەندیدار