ناوەڕۆکی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا ئاشکرا کرا



محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مانگی داهاتوودا سەردانی واشنتۆن دەکات، ئەمەش سەرنجی کۆمەڵگەی سیاسی عێراقی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ناوەڕۆکی سەردانەکەشی مشتومڕی جیاوازی لەبارەوە دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیارییەی سیاسییەکانی عێراق ئاشکرایان کردووە، بڕیارە تاوتوێی پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هاریکاری سەربازیی نێوان هەردوو وڵات بکرێت، جگە لە تاوتوێکردنی فایلە ئابووری و سیاسییەکانی پەیوەست بە قەیرانەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

هەینی ڕابردوو، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سودانی لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن دیدارێک لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە 15ی نیسانی مانگی داهاتوودا ئەنجامدەدات، جەختیشی لەسەر پابەندبوونی واشنتۆن بە ڕێککەوتنی چوارچێوە ستراتیژییەکەی نێوان هەردوو وڵات واژۆکرد، هەروەها کارکردن بۆ قووڵکردنەوەی دیدگای هاوبەش بۆ ڕێککەوتن، سەقامگیری و ئاسایش.

بەرپرسێکی عێراقی لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە (ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی) ڕاگەیاندووە، کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر تاووتوێ دەکرێت، هاوکات گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی سزادانی بانکە عێراقییەکان لەلایەن ئەمریکاوە.

لای خۆیەوە باسم ئەلعەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق بە (ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی) ڕاگەیاند، سەردانەکەی سودان بۆ واشنتۆن زۆر گرنگە، بە تایبەتی کە ئەم سەردانە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ەوە ڕێکخراوە و سودانی دەیەوێت لەم سەردانەدا کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکات، بە تەنها سەردانێکی ئاسایی نابێت.

ئەلعەوادی ڕاشیگەیاندووە، فایلە ئەمنی، سەربازیی، ئابووری و داراییەکان، هەروەها ئەو پێشهاتانەی کە بەهۆی شەڕی غەززەوە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، لە پێشەنگی گفتوگۆکانی سودانی دەبن لە کۆشکی سپیدا.

عارف ئەلحەمامی، نوێنەری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”ی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) پشتڕاستیکردەوە، سودانی هەوڵدەدات ڕاستەوخۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا بکات بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکات جەخت لەسەر هاوبەشی ئەمنی و پاڵپشتیکردنی هێزە عێراقییەکان دەکاتەوە لە بواری مەشق و ڕاهێنان و چەکداریدا.

ئەلحەمامی ئەوەشی خستەڕوو، گفتوگۆکانی سودانی لە کۆشکی سپی لەسەر فایلە دارایی و ئابوورییەکان دەبێت، بەتایبەتی پەیوەست بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر بەشێک لە بانکە عێراقییەکان و کاریگەریی ئەو گەمارۆیانە لەسەر عێراق، هەوڵدان بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانە و کارکردن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ پێدانی قەرزە دەرەکییەکانی عێراق.

جگە لەوەش نزار حەیدەر، شرۆڤەکاری سیاسی لە واشنتۆن، بە (ئەلعەرەبی ئەلجەدیدی) ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەی داهاتووی سودانی و بایدن بەو مانایە نایەت کە کێشەکانی عێراق لەم سەردانەدا یەکلایی بکرێنەوە، بە تایبەتی پرسی بوونی ئەمریکییەکان و بەردەوامی کارەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

نزار حەیدەر پێی وایە ئەم پرسە زۆر هەستیارە بەلای لایەنی ئەمریکاوە، بەدڵنیاییەوە لەم سەردانەدا چارەسەر نابێت، ڕەنگە جگە لە مەترسییە ئەمنی و سەربازییەکانی بۆ عێراق، بابەتەکە و کاردانەوەکانی تاووتوێ بکرێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پرسە تا دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا دواخراوە، بەو پێیەی ئیدارەی بایدن نایەوێت لە ئێستادا هیچ بڕیارێک بدات.

 

سەردانەکەی سودانی “پرۆتۆکۆڵ”ییە

نزار حەیدەر ڕوونیشیکردەوە، هەوڵەکانی سودانی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر هەندێک لە بانکەکانی عێراق دووچاری ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، چونکە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا زانیاری لەسەر کاری ئەو بانکانە هەیە بۆ سپیکردنەوەی پارە و بە قاچاخ بردنی بۆ ئێران و سوریا و تەنانەت بۆ ڕوسیا و چەند وڵاتێکی دیکە، هەر بۆیەش ناتوانرێت ئەم پرسە لە سەردانەکەی سودانیدا یەکلایی بکرێتەوە، کە زیاتر سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی دەبێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە لە کۆتاییدا وتی، سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت ئەم سەردانە وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی میدیایی، بەو پێیەی کە حکومەتەکەیان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام ئیدارەی بایدن هێشتا وەک حکومەتێکی هاوپەیمانی سەیری عێراق دەکات.

لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، سودانی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە بایدنەوە پێگەیشت بۆ ئەوەی سەردانی واشنتۆن بکات، کە دووەم بانگهێشتنامەیە، چونکە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٣شدا بانگهێشتێکی هاوشێوەی وەرگرتبوو، بەڵام لەو کاتەدا سەردانەکەی ئەنجام نەدا.

سەردانەکەی واشنتۆن بە ڕێکارێکی پرۆتۆکۆڵی دادەنرێت بە هەمان شێوەی سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی عێراق، لە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣.

 

“دوو هاوپەیمانی و 36 کاندید خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە”
پێشت “دوو هاوپەیمانی و 36 کاندید خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە”
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی نەوت و مووچەوە بڵاوکردەوە
دواتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی نەوت و مووچەوە بڵاوکردەوە
ەیوەندیدار