مرۆڤی بێ ماڵ و جەنگاوەری بێ چیا!



مرۆڤی بێ ماڵ و جەنگاوەری بێ چیا!

هێمن عەبدولقادر- نووسەر

رەسوڵی هەمزە تۆف لە (داغستانی من)دا دەڵێت :-

ئەگەر کۆمەڵێک دوژمن هێرش بکەنە سەر جەنگاوەرێک، نیشانەی بەد بەختی جەنگاوەرەکەیە، چونکە ناتوانێت لە یەک کاتدا بەرگری لە پێش و پاشی خۆی بکات، بەڵام ئەگەر بەردێکی گەورەی بۆ بڕەخسێ پشتی پێوەبدات وەزعی زۆر شڕ نابێت، شیر وەشێنی ئازاو چاپووک ئەگەر بەردێکی هەبێت پشتی پێوە بدات، دەرەقەتی دوو، بگرە سێ دوژمنیش دێت.

ماڵ وەکو ئەو بەردە گەورە وایە ، ئەگەر مرۆڤ ماڵێکی گەورە (گەورە لە ڕووی ڕووبەرەوە نا ) بەڵکو لە ڕووی ئارامییەوە هەبێت پشتی پێوە بدات، زۆرێک لەو دوژمنانەی کە هێرشی بۆ دەهێنن دەتوانێت ببەزێنێت، بەدبەختی هەر پیاو و ژنێک لەوەدایە کە بەردێک یان ماڵێک نەبێت تیایدا بەرگری لە خۆی بکات.

با هەرچەندە جەنگاوەریش بەهێزبێت، زرێ و قەڵغان و دەستەوانەی بەهێزی لە خۆی بەستبێت و شیرەکەی لە باشترین جۆری کانزا دروست کرابێت، بەڵام تیری بچووک و برینی کەم و شیر ڕاوەشاندنی زۆر ماندووی دەکات، زۆر پاڵەوان هەیە لە ڕاستی و لە فیلیمەکانیشدا لەلایەن کۆمەڵێک سەربازی نەزانەوە دەکوژرێن یان دەبەزێنرێن، لەبەر ئەوە نییە کە لەو بەهێزترن، بەڵکو ئیتر شتێک نییە بیپارێزێت.

هەڵۆ گۆرانی پەسەندی خۆی لە شاخی (ڕک و بەرز)دا دەڵێت و ماسی لە دەریای شیندا و قەلە ڕەش لە شەرگە و کوشتارگە، ماڵی هەر زیندەوەر و باڵندەیەک گرنگ نییە کوێیە و چییە؟ گرنگ ئەوەیە باشترین و ئارامترین جۆری نەخشی تیا بکێشرێت، (تەونگەر) بۆ ئەوەی ڕایەخی تەنراوی خۆی بە جوانترین شێوە بچنێت، ناجارە (بنە تان) و (بەرینچک) و (پاشگورد) و (تەپە) و (چێرک) و (لادار) و (شەنەی تەون)ی هەبێت، مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت هەتوان و مەڵحەمی برینی هەبێت ناچارە منداڵ و خێزان و ماڵێکی ئارامی هەبێت.

مرۆڤ هەر کاتێک کە دەکەوێت و سەرەژنۆ و قامک و دەستەکانی بریندار دەبن، دەتوانیت بوەستێت و تێر بگری، کە گریانەکە و ئازارەکەی دامرکایەوە، دەتوانیت دووبارە دەست بکاتەوە بە ڕۆیشتن، بەڵام مرۆڤ ئەو جانگاوەرەیە کە نەیتوانی بەرەو ماڵەوە بڕوات، ناچارە بەبێ کەوتنیش لە هەموو شوێنێکدا بە ئاشکراو بە دزیەوە بگری، چونکە ئیتر برینەکە لە (ئەلیک-ڕوومەت)یەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەروونی و لە هیچ شوێنێک ئارام ناگرێت.

تۆڵستۆی لە (هاوسەرگیری بەختەوارانە)دا دەڵێت :-

ئیتر ئەوە خێزانە یان شێتێک دروست ئەکات ، یان مرۆڤێکی سەنگین دەخاتە ناو کۆمەڵگاوە، ئەوە ئیتر بەردێکی گەورەیە کە جەنگاوەر دەپارێزێت، یان دەبێت بمرێت، ئەوە خێزانە یان مرۆڤێکی گرێیاوی دەرون بیمار دەخاتە ناو سۆشیاڵ میدیا یان مرۆڤێکی پڕ بەرهەم، ئەوە ماڵە یان کەسێکی پڕ گرێ و گۆڵ و بریندار دەخاتە ناو فەرمانگە، جادە و بازاڕەوە کە دایم لە کێشەدایە لەگەڵ خەڵکدا و چێژ لە ئازاردانی خۆی و خەڵکی تر دەبینێت بە زمان و ڕەفتاری، یان مرۆڤێک دەخاتە بازاڕ، ژینگە و کارەوە کە بەدەم هەمووانەوەیە، ئەوەی زۆرتر و زووتر دەگەرێتەوە وەک جەنگاوەر پشتی بە گابەردێکەوەیە، ئەوەشی بەردەوام هەڵدێت لە ماڵ، خیزان، مناڵ و هاوسەر، وەک ئەو جەنگاوەرە وایە کە هیچی پێنییە و لە کۆتایدا چەند خۆی و شیرەکەی لەبەرچاوی هەمووان ڕاوەشێنێت هەر دەپوکێتەوە و دەمرێت.

باڵندە هەتا هێلانەی خۆی ساز نەکات لە هیچ هێلانەیەکی تر ناحەوێتەوە، مرۆڤ هەتا بەردێک، قەڵایەک نەبێت پشتی پێوە بدات لەسەر هیچ تەختایەک حەسیان ناوێت، ئەوەشی هێلانەکەی لێتێکچێت دەتوانێت دروستی بکاتەوە، بەڵام ئەوەی بێ هێلانە بیەوێت بژی، هەمیشە باو بۆران و دڵتەنگی وەک گیا دەیجوڵێنێت.

حەمدی وتەنی:

بێرەدا پاپۆڕ ئیتر ناگا بە مەرگی تۆ برا

سەوڵەکەت دەرچوو لەدەستت تازە ئەیگێڕی کەڵەک

مرۆڤ کە سەولەکەی کەوتە ئاوە ، پاپۆڕی نەجاتی هەرگیز بە هانایەوە نایەت، چون بەدەست ئیتر ناگێڕدرێت کەڵەک.

 

“دۆلار لەم نرخەی ئێستادا جێگیر دەبێت”
پێشت “دۆلار لەم نرخەی ئێستادا جێگیر دەبێت”
ڕۆژێک پشوو ڕاگەیەنرا
دواتر ڕۆژێک پشوو ڕاگەیەنرا
ەیوەندیدار