وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی نەوت و مووچەوە بڵاوکردەوە



وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە ڕایگەیاند، “ھەرێمی کوردستان بەهۆی ڕاگرتنی ھەناردنی نەوتەوە دووچاری قەیرانێکی دارایی توند بووە، کە بەھۆیەوە پێدانی مووچەی فەرمانبەران دواکەوتووە”.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان تێپەڕیوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت ڕێککەوتن، بەڵام وێڕای ئەم ڕێککەوتنەش ھەناردەی نەوت دەستی پێ نەکردووەتەوە، بەھۆی بڕگە نادادپەروەرییەکانی یاسای بودجەوە پڕۆسەکە زیاتر ئاڵۆز کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، پیشەسازیی نەوتی ھەرێم لە ڕێگەی وەبەرھێنانی دەرەکی و بەبێ خەرجکردنی یەک دینار لە بودجەی وڵات دامەزراوە، کەچی لە یاسای بوودجەدا بە ھاوشێوەی ئەو پیشەسازییەی نەوتی عێراق ھەژمار کراوە، کە لەسەر ملیارەھا دۆلار لە بودجەی گشتیی وڵات دامەزراوە، ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرھەمھێنان و گواستنەوە)ی نەوتی ھەرێم تەرخانکراوە، بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچوونی ڕاستەقینەی پرۆسەی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان ناگونجێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی ھەرێم لە سۆنگەی نییەتپاکی و بۆ چارەسەکردنی کێشەکان بڕی زیاتر لە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کرد، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت یەک دیناری وەرنەگرتووە، بۆ ئەوەی بتوانێ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت بداتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، نەوتی ھەرێم تەنھا لە (١٠%)ی نەوتی ھەناردەکراوی عێراق پێک دەھێنا و داھاتی ئەم نەوتە تەنھا بەشێک لە شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێم لە بودجەی گشتیی وڵات بوو، ھەر لە دوای ڕاگرتنی ھەناردنی نەوتی ھەرێم، ھەرێمی کوردستانیان خستووەتە ناو قەیرانێکی دارایی توندەوە، کە بەھۆیەوە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دواکەوتووە، لە کاتێکدا ئەو کات بە پارەی نەوتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ دوا کەوتن دەدرا.

جەختی لەوەشکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی ھەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت دەستپێکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش  ھەردوو وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم .

ناوەڕۆکی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا ئاشکرا کرا
پێشت ناوەڕۆکی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا ئاشکرا کرا
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە باشماخ بە ڕێژەی 34٪ زیادی کردووە
دواتر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە باشماخ بە ڕێژەی 34٪ زیادی کردووە
ەیوەندیدار