ئامینا زکری: پارتی سنوورێک بۆ ملهوڕی و بڕیارە نایاساییەکانی دادگای بەناو فیدراڵی دادەنێت



ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند حزبەکەی بەشداری پرۆسەیەک ناکات کە بونیادەکەی نایاسایی و نادەستوری بێت و سنوورێکیش بۆ “بڕیارە نایاساییەکان”ی دادگای فیدراڵی دادەنێت.

ئامینا زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربارەی بڕیارەکەی حزبەکەی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “ڕوون و ڕەوایە پارتی بەشداری پرۆسەیەک ناکات کە بونیادەکەی نایاسایی و نادەستوری بێت و هەڕەشەیەک بێت بۆ لە ناوبردنی سیستەمی دیموکراسی هەرێمی کوردستان”.

وتیشی: “ئەم پەیامە سیاسییەی پارتیش بابەتە سەرەکییەکە هەڵبژاردن نییە، بەڵکو هەڕەشەکانە بۆ لەناوبردنی سیستەمی فیدراڵییەت و بە مەرکەزی کردنی عێراق و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکانی ئێمە وعێراق و، به‌رجه‌سته‌كردنی مەبدەئی تەوافق و تەوازن و شەراکەت”.

ئامینا زکری دەڵێت: “دژایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی جەنابی (مەسرور بارزانی)ـش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە کە بەچڕی گیراونەتە بەر بۆ لەناوبردنی حکومەت و لاوازکردنی و نەهێشتنی؛ لەڕێگای مەلەفی نەوت و بڕینی سەرچاوەکانی داهات و چارەسەر نەکردنی کێشەکان و ڕێز نەگرتن لە ڕێکكەوتنەکان و جێبەجێنەکردنی یەک خاڵیش له‌م ڕێككه‌وتنانه‌ لێیان”.

ڕاشیگەیاند، “بڕیارە سیاسی و نادەستورییه‌ یەک لە دوای یەکەکانی دادگای نادەستوری بەناو فیدراڵی؛ بوونەتە هۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەشێوەیەك دادگا خۆی خستۆتە پێگەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن، هه‌روه‌ها هەندێك دەسەڵات و تایبەتمەندی بەخۆی داوە کە لە دەستوردا بۆی دیاری نەکراوە، به‌م هه‌نگاوانه‌ی بووه‌ته‌ دادگایەکی دژە کوردستانی، قین لەدڵ، بۆیه‌ بڕیارە سیاسییەکانی هیچ نرخێکییان نییە”.

ئامینا زکری وتیشی: “پارتی لەم پرسەدا سنوورێک دادەنێت بۆ ملهوڕی و بڕیارە نایاساییەکانی ئەم دادگایە، ئەگەر کەسێک لە عێراقدا هه‌یه‌ و لە خەمی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەکەدایە، دەبێت بەدەم مافەکانی گەلی کوردستانەوە بێن و چیدیکە قبوڵنەکرێت بەم شێوە نادەستورییە خەڵکی کوردستان برسی بکرێت؛ بە پێچەوانەوە سنوورێک دانەنرێت بۆ دادگاکە لەهەنگاوەکانی داهاتوودا عێراق دەکەوێتە تونێلێکی تاریک و بارەکەی بەهیچ لایەک ڕاستناکرێتەوە، بریاری گەورە و سەختیش بە کەسی گەورەو حزبی گەورە دەدرێت و ئەم مەسئولییەتە لەئەستۆی پارتییە نەک کەسی دیکە”.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد هاوڕای بن و دەڵێت: “لایەنەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردە مەسئولییەتی مێژوویی و نیشتیمانیدان؛ له‌م ڕوانگه‌وه‌ لەبەردەم دوو ڕێگادان و ڕێگای سێیەم نییە، یان لەگەڵ خەڵک و مافی خەڵک و پاراستنی هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، یان دەچنە ڕیزی ئەوانەی خەون و خولیایان لەناوبردنی هەرێم و لەناوبردنی خەونی مێژوویی شەهیدان و خەڵکی هەرێمی کوردستانە”.

لە مانگی ڕەمەزاندا پێویست بە وەرگرتنی تەواوکەرە خۆراکییەکان دەکات؟
پێت لە مانگی ڕەمەزاندا پێویست بە وەرگرتنی تەواوکەرە خۆراکییەکان دەکات؟
سەعدی پیرە: یەکێتی پابەندە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا
دوات سەعدی پیرە: یەکێتی پابەندە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا
پەیوەندیدار