بە ئیجازەی پوری ئازیزمان، شانەدەر زی!



ڕێبین باباجان – مامۆستای زانکۆ

ئەوە چەند ڕۆژێکە دروستکردنەوەی ڕووخساری نیاندەرتاڵێک بووە بە گەرمترین باس و خواس و لە هاووڵاتی ئاساییەوە تا دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە خۆشیدا بابەتی مەعاش و هەڵبژاردن و کۆبوونەوەی ئاو (aka Lafaw)یشیان لەبیرچۆتەوە.

تەنانەت لە هەندێک شوێن بینیم کە ئەم بابەتە خەریکە ئەبێتە جێی شانازی نەتەوەیی و ناو و ناوبانگی کوردستانی پێوە بەستراوەتەوە.

جا ووتم با پێش ئەوەی مەوزوعەکە گەورەتر ببێت و پێش ئەوەی حکومەتی هەرێم بیکات بە پشووی فەرمی و یاسایەکیش دەربکات کە قەدەغەیە قسە بە نیاندەرتاڵ بووترێت، هەندێک لەم دڵخۆشییەتان لێتێکبدەم.

جارێ یەکەم شت، ئەم هەشت ملیار بەشەرەی لەسەر زەوی دەژین، پێیان دەوترێت هۆمۆ سایپیان وە هیچیان ناچنەوە سەر نیاندەرتاڵ بەڵام لە زەمەنێکدا لەگەڵ نیاندەرتاڵەکاندا ژیاون، وە زانستی جینات پێمان دەڵێت کە هەندێک زاووزێ لە نێوان نیاندەرتاڵ و هۆمۆ ساپیان هەبووە، ئەمەش وای کردووە ڕێژەیەکی کەم لە جیناتی نیاندەرتاڵەکان لە زۆربەی خەڵکی ئێستادا هەبێت، جگە لە خەڵکی ئەفریقا کە ئەو جیناتەیان تێدا نییە، چونکە وا دیارە حەزیان نەکردووە ژن بدەن بە بێگانە، یان لەوانەیە مارەییەکەیان زۆر بووبێت.

دووەم شت، سەرچاوە زانستییەکان وای بۆ دەچن کە نیاندەرتاڵەکان ٤٠ هەزار ساڵ پێش ئیستا لەلایەن باو و باپیرانی ئێمەوە قەتڵ و عام کراون لەسەر زەوی سڕاونەتەوە، وە عەلئەکسەر مەوزوعەکە کێشەی کۆمەڵایەتی بووە، یەعنی ئەم نیاندەرتاڵانە نەک هەر خزممان نین و کوردی ڕەسەن نین، بەڵکو دوژمنایەتی و خوێنیش لە بەینماندا هەیە.

جا بە نیسبەت ئەوەی کە لە ئەشکەوتی شانەدەر ئێسک و پروسکیان دۆزراوەتەوە، توخوا ئەوە کەی مەوزوعە؟ چ شتێکی ئەمە جێی شانازییە؟ وەکو ئەوە وایە پۆلیس جەنازەیەک لە ژێرزەمینەکەتدا بدۆزێتەوە و تۆ شانازی پێوەبکەیت، لای ڕەفیقەکانت بڵێیت مامە ئێمەش زەخمین، جەنازەی کۆنمان هەیە!

ئەوجا ئەگەر بەوە دڵمان خۆشە ئەو خاتوونە ناونراوە (شانەدەر زی) بەخوا ئەوەش عیلاقەی هەیە بە شوێنی دۆزینەوەکەوە، نەوەک زاناکان ووتبێتیان ئەم ژنە کوردێکی ڕەسەنە، وەرن با ناوی شاخێک یان ئەشکەوتێکی کوردستانی لێ بنێین. هەر بۆ مەعلوماتتان، هەموو ناونانە زانستییانە جا دیاردەی جیۆلۆجی بێت و یان ناونانی ڕووەک و زۆر شتی تریش هەر بە زۆری لەسەر بنەمای شوێنی دۆزینەوە یان هەندێک جار ناوی ئەو کەسەی دۆزیویەتییەوە دەنرێت.

خۆشەویستانم، شانازیکردن بە مێژووەوە کارێکی گرنگە بەڵام خۆهەڵخەڵەتاندن شتێکی خراپە، وەک تلیاک وەرگرتنە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و خەففەت، لە جیاتی فوکردنە خۆمان بە شتی بێمانا با گرنگی بە ئێستای خۆمان و ئایندەی منداڵەکانمان بدەین، با جارێ خوێندن چاکبکەین، با کەرتی زانستی بنیادبنێن، با ڕێگرییەکانی بەردەم پیشەسازی لا ببەین، بە کەرتی تەندروستی بەهێزبکەین.

لای من ئەم بابەتە هیچ جێی شانازی نییە، شانازی ڕاستەقینە بۆ من ئەوە دەبوو، بیانووتایە زانایەکی کورد لە تەنزانیا ئیسکوپروسکی نیاندەرتاڵێکی دۆزیبێتەوە و لە زانکۆیەکی کوردستان بە تەکنەلۆجیای نوێ دەموچاوەکەیان دروستکردۆتەوە، جا خوای ئەکرد ناویان ئەنا (ئەفریکا زی).

 

یاساکان دەبنە پارێزەری مافی دایک و باوک؟
پێشت یاساکان دەبنە پارێزەری مافی دایک و باوک؟
کرێکارێک لە باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە
دواتر کرێکارێک لە باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە
ەیوەندیدار