یاساکان دەبنە پارێزەری مافی دایک و باوک؟



دایک و باوک کۆڵەکەی سەرەکی خێزانن لەنێو کۆمەڵگەدا، بەڵام لەگەڵ کرانەوەی سەردەمدا خێزان بەرەو لاوازی چووە، پارێزەرێکیش دەڵێت، “دایک و باوک ڕوومان تێدەکەن کە داد و بێدادیانە بە دەست منداڵەکانیانەوە”.

خێزان بنچینەییترین دامەزراوەی کۆمەڵگەیە کە کاریگەریی بنەڕەتی هەیە لەسەر هەموو یەکە کۆمەڵایەتییەکان، دایک و باوکیش بە کۆڵەکەی سەرەکی ئەم دامەزراوەیە دادەنرێت.

کۆمەڵگەی کوردی لە دێر زەمانەوە بەوە ناسراوە، کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا پتەو بووە، خێزان تیایدا بەهایەکی سەرەکی هەبووە، دایکان و باوکانیش لە لوتکەی ڕێز و بەهادابوون، بەڵام لەگەڵ کرانەوەی سەردەمدا، ئەم بەها و پێگەیە بەرەو لاوازی ڕۆشتووە، چەندین شێوازی توندوتیژی بەرامبەر دایکان و باوکان ئەنجامدەدرێت.

هەر بۆیە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە لە ڕێگەی یاساوە مافی دایک و باوک دەستەبەربکەن، تا بە دووربن لە هەر جۆرە توندوتیژییەک کە بەرامبەریان دەکرێت.

هاوکات لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیشدا ڕۆڵی دایک و باوک بەرزنرخێنراوە، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: وَوَصَّيْنَا الْإِنسَانَ بِوَالِدَيْهِ إِحْسَانًا ۖ، واتە : ئێمه‌ ئامۆژگاری مرۆڤمان كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ دایك و باوكیدا چاكه‌كار بێت

وە لە صەحیحی بوخاری وموسیلم دا لە (ابن مسعود)ەوە هاتووە پرسیار کراوە لەپێغەمبەر أي العمل أفضل قال إيمان بالله ورسوله ثم بر الوالدين .. الحديث. واتە : چ کردەوەیەک باشترە ؟ فەرمووی: باوەڕهێنان بەخودا و پێغەمبەرەکەی پاشان چاک بوون لەگەڵ دایک و باوک.

گۆنا مەجید، پارێزەر تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، ئێمە وەک پارێزەر ڕۆژانە چەندین ڕووبەڕووی کێشەی خێزانەکان دەبینەوە، دایک و باوک ڕوومان تێدەکەن کە نەچوونەتە تەمەنیشەوە داد و بێدادیانە بە دەست منداڵەکانیانەوە، بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی نا دروست.

وتیشی، ئەو دایک وباوکانەی کە چوونەتە تەمەنەوە ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لەگەڵ منداڵەکانیان بەوەی پەراوێزیان دەخەن و داوای بەشە میراتیان لێدەکەن، ئەمەش توندوتیژییەکی دەروونییە بەرامبەر دایک و باوک، چونکە خۆیان هێشتا لە ژیاندا ماون.

ئەو پارێزەرە باسی لەوەشکرد، گەنجەکانی ئێستا وەک گەنجانی ئەوروپا مامەڵەدەکەن، دەچن شوقەیەک بە کرێ دەگرن و دەڵێن دەمانەوێت بەتەنیا بژین و گەشت بکەین، گرنگی بە دایک و باوکیان نادەن و پەراوێزیان دەخەن.

بە وتەی گۆنا مەجید، ئێستا بۆیە کێشەکان ڕوو لە زیادبوونە، چونکە بەها کۆمەڵایەتییەکان بەرەو لاوازی چوون، وتیشی، “ڕاستە نموونەی جوان و باش هەیە، بەڵام کۆمەڵگە بەرەو کرانەوە دەچێت و پێگەی دایک و باوک لاواز بووە، بەشێوەیەک تاوانەکان ڕوو لە زیادبوونن”.

ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە گەنجەکان لەوە تێبگەن کە دایک و باوک، تاکن و یەکجارە و دووبارە نابنەوە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەهۆی زیادبوونی توندوتیژییە جەستەی و دەروونییەکانەوە یاسایەک دانراوە تا ڕێگری لێبکات.

پەرلەمانى عێراق هەموارێکى یاساى سزادانى عێراقى پەسند کرد، کە هاوارکردن بەسەر دایک و باوک و بێڕێزیکردن بەرامبەریان يان بەجێهێشتنیان بە “تاوان” دەناسێنێت، سزاکەشى بەندکردن و پێبژاردن دەبێت.

گۆنا مەجید، لەبارەی یاسای سزادانی عێراقی ئەوەی خستەڕوو، ئەم یاسایە چەند جارێکی دیکەش هەموارکراوەتەوە، بەڵام ئەمجارە لەپێناو پاراستنی مافی دایک و باوک سزاکانی توند تر کردووە، بەپێی یاساکە ئەو کەسەی توندوتیژییەکەی بەرامبەر کراوە دەبێت سکاڵا بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بێڕێزیکردن، بێ وەفایی و پێنەزانین بەرامبەر بە زەحمەتییەکانی دایک و باوک، دەنگ بەرزکردنەوە و عەزیەتدانیان بە تاوان حساب دەکرێت، دایک و باوک یاخود ئەو کەسەی بە چاوی خۆی تاوانەکەی بینیوە، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات.

وتیشی، بۆئەوەی لە هەرێمی کوردستان کار بەم یاسایە بکرێت، دەبێت لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەمواربکرێتەوە.

باسی لە یاساکانی هەرێم کرد و وتی، لە هەریمی کوردستان باس لەم هەموارە نەکراوە و ئێمە یاسای توندوتیژی خێزانیمان هەیە کە لە عێراقدا نییە، بە ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، باس لە توندوتیژییە خێزانییەکان دەکات و دادگای تایبەتمەند بە خۆی هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئەم یاسایە ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، دەچێت لە نووسینگەکانی توندوتیژی سکاڵا تۆمار دەکات و  بەپێی ماددەکانی ناو یاساکە سزا دەدرێت.

لای خۆیەوە، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، ئێستا نزیکەی ٥٥ بەساڵاچوو لە خانەی بەساڵاچووانی سلێمانی هەیە، هۆکارەکان جیاوازن کێشەی کۆمەڵایەتی و لەدەستدانی ئەندامانی خێزان دەگرێتەوە.

وتیشی، ئەو بەساڵاچووانە بەپێی بڕیاری دادوەر دیێنە ناو خانەکە و دواتر توێژەرەکانمان بەدواداچوون بۆ کەیسەکانیان دەکەن و هاوکاریان دەبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندی کەسانی بەساڵاچوو بە ئەندامانی خێزانەکانیانەوە دەمێنێت لە ڕۆژانی تایبەت و بۆنەکاندا یاخود ئەو کاتانەی کە نەخۆش دەبن، دەتوانن سەردانی خێزانەکانیان بکەن.

بەڕێوەبەری چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی ئاشكرای دەكات بەشێك لەبەساڵاچوان كەسوكاریان هەیەو ئامادەنین لەخۆیانیان بگرن و بەخێویان بكەن.

لە هەرێمی كوردستاندا چوار خانەی بەساڵاچووان هەیە ئەوانیش خانەی بەساڵاچووانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و گەرمیان، كە بەساڵاچووان لەخۆدەگرن بەچەند مەرجێكی تایبەت.

دایکان و باوکان چەندین ساڵی تەمەنیان بۆ خزمەتکردنی منداڵەکانیان تەرخاندەکەن، لە کۆمەڵگەیەکدا کە بەها کۆمەڵایەتییەکان بە درێژایی چەندین ساڵ لە لوتکەدا بووە، بەڵام کرانەوەی سەردەم و زاڵبوونی کولتووری ڕۆژئاوایی و تاکگەرایی بووەتە هۆی لاوازبوونی خێزان و پێگەی دایک و باوک.

 

تانکەرێک سووتا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا
پێشت تانکەرێک سووتا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا
بە ئیجازەی پوری ئازیزمان، شانەدەر زی!
دواتر بە ئیجازەی پوری ئازیزمان، شانەدەر زی!
ەیوەندیدار