مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت دەكات



ڕۆژی چوارشەممە 14ی شوباتی 2024 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازی لە  دەیڤید برگەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە بارودۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەو دەستوورە بن كە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بپارێزرێن.

وتیشی، نابێ بەشێوەیەكی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی یاسادانانی هەرێم بكرێت، هەروەك لە دەستووریشدا بەڕوونی هاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساكانی هەرێم و یاساكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەبوو، ئەوە ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێم دەبێت.

سەرۆکی پارتی وتیشی، نابێ بە بیانووی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕێوشوێنەكانی وەربدرێت ،و كۆسپی بۆ دروست بكرێت و هەوڵ بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدرێت بە بیانووی بوونی تانە یاساییەكان.

لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە خوازیاری ئەوەن پێكهاتەی سووننە بە لێكتێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا لەسەر كاندیدێك ڕێك بكەون و هەموو لایەكیش هاوكار بن بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

سەبارەت بە دۆخی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق مەسعود بارزانی ئەوەی خستەڕوو،  دەبێ هەموو پێكهاتەكانی عێراق ئەو ڕاستییە بزانن كە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی هەر بەرقەرارە، پێویستە هەموو لایەك پشتیوانی پڕۆسەی دیالۆگ و ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان بن، هەموو لایەکیش باش دەزانن ئەگەر ئەمەریکا ڕژێمی پێشووی نەڕووخاندبا و یارمەتیی عێراقییەکانی لە پڕۆسەی ئازادیی عێراق نەدابا، ئەوانەی ئێستا لە عێراق دەستەڵاتدارن هەرگیز نەیاندەتوانی حوکمی عێراق بکەن.

ئێوارەی ڕۆژی ڤالانتاین… “ماچێکی گەردوونی” لە نێوان مانگ و موشتەری
پێشت ئێوارەی ڕۆژی ڤالانتاین… “ماچێکی گەردوونی” لە نێوان مانگ و موشتەری
تورکیا ڕێگەنادات نەخۆشانی شێرپەنجە بچنە خاکەکەیەوە
دواتر تورکیا ڕێگەنادات نەخۆشانی شێرپەنجە بچنە خاکەکەیەوە
ەیوەندیدار