610 نانەواخانەی هەولێر مانیان گرت و دەڵێن: دەست خراوەتە گیرفانمانەوە



610 نانەواخانەی هەولێر کارکردنیان ڕاگرت و داوا لە سەرۆکی حکومەتی دەکەن بڕیارەکەی حکومەتی خۆجێیی هەولێر بۆ هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون ڕابگرێت و دەڵین: دەست خراوەتە گیرفانمانەوە.

لە نووسراوێکدا بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خاوەنی 610 نانەواخانەی ھەولێر ڕایانگەیاند ئەمڕۆ کاریان نەکردوە بەھۆی ئەو ھەموو فشارەی لەسەریانە و دەڵێن: “دەست خراوەتە گیرفانمان و چاو بڕاوەتە نانی دەمی منداڵەکانمان، تکامان وایە ئەو بڕیارە بە بەرپرسانی ھەولێر رابگرە چونکە بەڕاستی ئەوان رێنادەن کار بکەین”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئێمە دەمانەوێت کاری خۆمان بکەین راستە ئێستا ئارد ھەزران بووە، بەڵام کاتێک شەڕی ئۆکراینا و رووسیا بوو فەردەیەکی ئاردمان بە 45 ھەزار دینار دەکڕی ئەو کات بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ھاوڵاتیان نەکات ئێمە لە فرۆشتنی نان بە نرخی خۆی بەردەوام بووین، ئێستاش خاوەن نانەواخانە ھەیە زیاتر لە 40 ملیۆن دینار قەرزی ئەو کاتەیە، بە نرخی ئاردی ئێستاش نە قازانجە نە زەرەرە”.

خاوەنی نانەواخانەکان دەڵێن: “بەپێی ئەو بڕیارەی پارێزگاری ھەولێر و قائیمقامی ھەولێر جێ بەجێ دەکەن دەیانەوێت ئێمە پێشێلی یاسای بکەن، چونکە بەو نرخەی نان دەبێت ئێمە کرێکاری خۆمان دەربکەین و کرێکاری تر بھێنین بۆ شوێنەکانیان ئەمەیش پێشێلی یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتییە کە نازانین بۆچی ھێندە دژی کرێکاری خۆمان کار دەکەن و رقیان لێیان دەبێتەوە”.

لە نووسراوی خاوەنی نانەواخانەکاندا بۆ سەرۆکی حکومەت هاتووە: “ئەمڕۆ 610 نانەواخانە کارمان نەکردووە واتا 1830 کرێکار کاریان نەبووە، ئێمە دژی شاری خۆمان نین، دژی ھیچ کەسێک نین، بەڵکو قرقرتۆکمان گیراوە ناھێڵن کار بکەین، ئەو ھەموو ھەڕەشەیەی لەلایەن بەرپرسانی ھەولێر لێمان دەکرێت بەناوی بەڕێزت کە خۆمان بڕوا ناکەین ئەوە قسەی تۆ بێت و تۆ ھێندە لەگەڵ ئێمە توند بیت بۆیە تکامان وایە خۆت بیانوەستێنە چیتر بێزارمان نەکەن”.

مانگرتنی خاوەنی نانەواخانەکان لە کاتێکدایە کە دوێنی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، کێشەی خاوەنی نانەواخانە و فڕنەکانی سەموونیان چارەسەرکردووە و کارەبا و غازیان بە نیوەی نرخ پیدەدرێت و ئاردیشیان بۆ هەرزان کراوە.

پنتاگۆن: ١٢٧ جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانمان
پێشت پنتاگۆن: ١٢٧ جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانمان
وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین دیاری کرا
دواتر وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین دیاری کرا
ەیوەندیدار