ئەم وڵاتە خواردنی گۆشتی سه‌گی قه‌ده‌غه‌ کرد



كۆریای باشوور به‌ یاسا خواردنی گۆشتی سه‌گ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، یاساكه‌ له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا ده‌چێته‌ په‌رله‌مان و تا ساڵی ٢٠٢٧ به‌ ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ ده‌كرێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خواردنی گۆشتی سه‌گ ئه‌و حەز و ئارەزووەی پێشتری لەسەر نه‌ماوه‌ بۆ خه‌ڵكی كۆریای باشوور، به‌تایبه‌تی له‌ ناو گه‌نجه‌كاندا ئەوەش بووە بەهۆی دابەزینی خواست لەسەری، حكوومه‌تی ئەو وڵاتەش به‌ یاسا خواردنی گۆشتی سەگ قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.

ماوه‌ی سێ ساڵ بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ دانراوه‌، ئه‌مه‌یش به‌و پێیه‌ی كه‌ خواردنی گۆشتی سه‌گ خولیایه‌كی كۆنی كۆرییه‌كانه‌ و بازرگانییه‌كی گه‌وره‌یه‌.

له‌ ساڵانی ڕابردوودا خواردنی گۆشتی سه‌گ بووبووه‌ هۆی ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆر بۆ وڵاته‌كه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراو و چالاكانی بواری مافی ئاژه‌ڵان، به‌مدواییانه‌ له‌ ناوخۆی وڵاته‌كه‌ش چینی گه‌نجی كۆمه‌ڵگه‌، ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌باره‌ی خواردنی گۆشتی سه‌گ ده‌ربڕیووه‌ و هه‌ندێكیان بایكۆتی خواردنی گۆشته‌كه‌یان كردووه‌.

یو ئیوی دۆنگ به‌رپرسی سیاسی پارتی ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل ڕای گه‌یاند، نیگه‌رانن له‌باره‌ی ئه‌و مشتومڕ و ناكۆكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه‌ له‌سه‌ر خواردنی گۆشتی سه‌گ دروست بووه‌، خه‌ریكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كۆریای باشوور به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش ده‌كات، بۆ كۆتاهێنان به‌مه‌، به‌ یاسا گۆشتی سه‌گ قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن.

به‌رپرسه‌كه‌ دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ یاساكه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ ده‌ڕوات، هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و به‌رهه‌ڵستكار ده‌نگ به‌ ده‌رچوونی یاساكه‌ ده‌ده‌ن.

له‌ ماوه‌ی پێشتردا چه‌ند یاسایه‌ك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی خواردنی گۆشتی سه‌گ چووه‌ته‌ ناو په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌، به‌ڵام به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر باڵاده‌ستی ئه‌و لایه‌نانه‌ی سوود له‌ بازاڕی سه‌گ ده‌بینن، وه‌ك ڕێستۆرانت و كێڵگه‌كانیان.

یاساكه‌ ڕه‌وشی ئه‌وانه‌ به‌رچاو ده‌گرێت كه‌ قووتیان له‌سه‌ر پیشه‌سازیی سه‌گه‌ و ماوه‌ی سێ ساڵ هاوكاری داراییان ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌سازی بۆ پیشه‌یه‌كی تر.

كۆمه‌ڵه‌ی مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا پێشوازیی له‌ ده‌رچوونی یاساكه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ، له‌ كۆتادا خه‌ونه‌كه‌مان هاته‌ دی و ئه‌م كاره‌ دڕندانه‌یه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی خواردنی گۆشتی سه‌گه‌، به‌ كۆتا دێت.

مامۆستایانی ناڕازی: ئەگەر ساڵێکی خوێندنیش بفەوتێت بایکۆت ناشکێنین
پێشت مامۆستایانی ناڕازی: ئەگەر ساڵێکی خوێندنیش بفەوتێت بایکۆت ناشکێنین
هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران کێشەی تێدا دروستبوو
دواتر هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران کێشەی تێدا دروستبوو
ەیوەندیدار