مامۆستایانی ناڕازی: ئەگەر ساڵێکی خوێندنیش بفەوتێت بایکۆت ناشکێنین



ڕۆژی شەممە، زیاتر لە ٦٥ ڕۆژ دەبێت بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامی هەیە، مامۆستایان و وانەبێژان سوورن لەسەر داواکردنی مافەکانیان و ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

لە ١٣ ئەیلوول بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانی میلاک و وانەبێژان ڕاگەیەندرا، تا ئێستا بایکۆت لە سنوورێکی فراواندا بەردەوامی هەیە و نەشکێنراوە، زیاتر لە ٥٠ هەزار مامۆستا بایکۆتی کردووە و ٧٠٠ هەزار خوێندکار لە خوێندن بێبەشن.

هاوکات زیاتر لە ٣٧ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە و ئەگەر لە کەرتی پەروەردە بکرێنە دەرەوە، ئەوە کەرتی پەروەردە بەتەواوی پەکی دەکەوێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ یەکێک لە داواکارییەکانی مامۆستایانی جێبەجێنەکردووە، وەڵامی نەداونەتەوە، هاوکات هیچ دانیشتنێک لە نێوان مامۆستایان و لایەنی دەسەڵات ئەنجامنەدراوە.

سبەینێ مامۆستایان و وانەبێژان لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا لە سنووری سلێمانی، لەگەڵ ١٠ بۆ ١٢ پەروەردەی دیکە خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت، چین و تویژەکانی دیکەش بۆ پشتیوانی مامۆستایان و وانەبێژان بەشداردەبن.

 

فشار لە مامۆستایان دەکرێت بۆ شکاندنی بایکۆت؟

بەرهەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند، ” فشارەکان لە دوای هەفتەی یەکەمی بایکۆتەوە هەبووە، بەڵام سەرجەمیان شکستی هێناوە، چونکە بایکۆتی ئەمجارەی مامۆستایان جیاوازە و تا جێبەجێکردنی داواکاری مامۆستایان بەردەوامی دەبێت”.

وتیشی، ” لە کۆتای ساڵی ٢٠١٥ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ ئەم کێشەیە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی بەردەوامی هەیە، کە مووچەی مووچەخۆران لە ژێر ناوی جیاواز دەخوات وەک: پاشەکەوتی مووچە، لێبڕین، نیوە مووچە و دواکەوتنی مووچە، ئەمەش مامۆستایانی ماندوو کردووە، هەر بۆیە دەمانەوێت بە بێ ئەنجامێکی یەکلایکەرەوە نەگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن”.

باسی لەوەشکرد، ” لە هەندێک شوێن هەوڵدراوە پڕۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە، بەڵام مامۆستایان ئامادەنەبوون بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، وەک ڕێکاری کارگێڕی بەڕێوەبەرەکان داوادەکەن لە مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، چونکە ئەویش لە پەروەردەکانەوە داواکارییەکان دەگەیەنن، بەڵام مامۆستایان بڕیاردەرن لەوەی چی دەکەن و بایکۆت بشکێنن یاخود نا، تەنانەت تا ئێستا خوێندنی پۆلی ١٢ کان لە قەزا، ناحییە و گوندەکان دەستیپێنەکردووەتەوە”.

 

بە دابەشکردنی مووچەیەک وانەبێژان بایکۆت دەشکێنن؟

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، شایستە داراییەکانی مانگی ٩ی وانه‌بێژان دابه‌ش بكرێت و هەر سبەینێش مامۆستایانی وانەبێژ لەبەردەمی ئەنجومەنی وەزیران خۆپێشاندان بکەن.

بەرهەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند، مووچەی مانگی ئەیلوول هێشتا دابەشنەکراوە، لە کاتێکدا حکومەتی ناوەندی مووچەی مانگی تشرینی دووەم دابەشدەکات.

وتیشی، “تا ئێستا نازانین تا چەندێک ڕاستە کە مووچەی مانگی ئەیلوول وانەبێژان دابەشبکرێت، بەڵام مووچەی وانەبێژان ئەوەندە کەمە شایستەی باسکردن نیە، تەنانەت بەشی هاتوچۆ و پێداویستییەکانیشیان ناکات، وانەبێژان تا دامەزراندن ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن”.

محەمەد کەمال، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی ڕایگەیاند، ” ئێمە وەک نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ سبەینێ هاوشانی مامۆستایانی میلاک، خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجامدەدەین و بەردەوامی بە بایکۆت دەدەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد،” ئەو دەنگۆیانەی بۆ دابەشکردنی شایستەداراییەکان هەیە تەنها دەنگۆیە و بۆ سنووری پارێزگای هەولێرە و بۆ سلێمانی نیە، هەرچەندە دابەشکردنی مووچەیەک داواکارییەکانی ئێمە جێبەجێ ناکات، بۆیە لەسەر هەڵوێستی خۆمان بەردەوامدەبین”.

 

دەستگیرکردنی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ نیشاندەری چییە؟

مامۆستا عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژانى هه‌رێم دوێنێ ڕایگەیاند، بە نوێنەرایەتی ئەوان سەرجەم پارێزگا و پەروەردەکان سبەینێ ده‌چنه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و بەشداری خۆپیشاندان دەکەن، هەر بەو هۆکارەش ئەمڕۆ لە بازگەی کەڵەک لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیرکرا.

محەمەد کەمال، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ سەبارەت بە دەستگیردنی مامۆستا عەلی ڕەئوف وتی، ” ئەمە نیشانەی ترسی حکومەتە لە کەسانی خوێندەوار، ئێمە وەک نوێنەری مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئیدانەی ئەو دەستگیرکردنە دەکەین کە چەند جارێکە دووبارە دەبێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ” ئیمە وەک مامۆستایانی وانەبێژ و میلاکی سنووری پارێزگای سلێمانی پشتگیری مامۆستا عەلی و مامۆستایانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، خۆشمان چەند جاریک هەوڵمانداوە بچینە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی مەدەنیانە، کە ترس و زیانی بۆ هیچ کەسێک نییە، بەڵام لە بازگەکان ڕێگریمان لێکراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەسەڵاتداران چارەنووسی خوێندنیان بۆ گرنگ نیە”.

 

خوێندنی ئەمساڵ دەفەوتێت؟

خوێندنی ستاندارد ٣٠ هەفتەیە واتە بە نزیکەی ٢٠٠ ڕۆژی خوێندن، ئێستا لەم سنوورە زیاتر لە ٦٥ ڕۆژی خوێندن فەوتاوە، هاوکات بەرهەم مستەفا، ئاماژەی بەوەکرد، ” چارەنووسی پڕۆسەی پەروەردە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە، کە پلانێکیان هەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندن، ئەمەش پاش جێبەجێکردنی داواکاری مامۆستایان و گەڕانەوەیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن”.

بەرهەم مستەفا، دووپاتیکردەوە، “ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار بە بێ هەڵوێستی بمێنێتەوە، ئێمە بەردەوامدەبین لە بایکۆت و ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن، تەنانەت ئەگەر ساڵێکی خوێندن بفەوتێت بۆ مامۆستا سەربەزییە، چونکە چووینەتەوە بە گژی دەسەڵاتێکدا کە بێباکە بەرامبەر بە پڕۆسەی پەروەردە، بەڵام بۆ حکومەتی هەرێم شەرمەزارییە کە دوای ٣٢ ساڵ لە حوکمڕانی کەرتی پەروەردە شکستی هێناوە”.

محەمەد کەمال، جەختی کردەوە، ” لە بایکۆت و ناڕەزایەتییەکان بەردەوام دەبین تەنانەت ئەگەر بەتەنیاشبین، چونکە شکاندنی بایکۆت شکاندنی داهاتووی مامۆستایانە، دەبێت ساڵێکی خوێندن بفەوتێت بۆئەوەی شێوازی حکومڕانی ئەم دەسەڵاتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نیشانبدەین”.

كاتی یەكەم بەفری ئەمساڵ ڕاگەیەنرا و هۆشداری لافاو دەدرێت
پێشت كاتی یەكەم بەفری ئەمساڵ ڕاگەیەنرا و هۆشداری لافاو دەدرێت
ئەم وڵاتە خواردنی گۆشتی سه‌گی قه‌ده‌غه‌ کرد
دواتر ئەم وڵاتە خواردنی گۆشتی سه‌گی قه‌ده‌غه‌ کرد
ەیوەندیدار