سوپای ئیسرائیل سنووری دیمەشقی بۆردوومان کرد



سەرچاوەیەکی سەربازیی سووریا بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی دەوروبەری دیمەشق و لەڕێگەی مووشەکەوە بۆردومانی کردووە. دەشڵێت. هێرشەکە تەنیا زیانی ماددی هەبووە. سەرچاوە خۆجێیەکانیش باس لەوە دەکەن، چەند پێگەیەکی حیزبوڵڵا کراونەتە ئامانج.

میدیاکانی سوریا ئاماژەیان بەوەکردووە، هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل کاژێر دوو ٢٥ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بووە و لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە هێرشکراوەتە سەر دەوروبەری دیمەشق.

سەرچاوەیەکی سەربازی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، باسی لەوەکردووە، هێرشەکان تەنیا زیانی ماددیان لێکەوتووەتەوە. هەروەها سیستمی بەرگریی ئاسمانی سووریا بەرپەرچی هەندێک لە مووشەکەکانی داوەتەوە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، “هێرشەکان چەند پێگەیەکی سەر بە حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج، هەر زوو چەند ئەمبوڵانسێک گەیشتوونەتە شوێنی بۆردوومانەکە.”

پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥-تشرینی یەکەمی-٢٠٢٣، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانیان چەند پێگەیەکی سەربازیی سووریایان کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ چەند مووشەکێک کە لە سووریاوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان کرابوون.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیل کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، “فڕۆکە جەنگییەکان، لە کاردانەوەی ئەو مووشەکانەی ڕۆژی (سێشەممە) ئاڕاستەی ئیسرائیل کران، چەند پێگەیەکی سەربازی و سەکۆی هاوێشتنی هاوەنیان سەر بە سوپای سووریا کردووەتە ئامانج.”

میدیای فەرمیی سووریا ئەوکات، وتی، جگە لە زیانە ماددییەکان لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشەدا ١١ سەربازی سووریا کوژران و ١٠ سەربازی دیکە برینداربوون.

لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆی سووریاوە لە ساڵی ٢٠١١وە ئیسرائیل هێرشی ناوبەناوی بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سوریا ئەنجامداوە و دەڵێت، ئامانجی ئەوەیە رێگە نەدات چەک و تەقەمەنی بگاتە دەستی حیزبوڵڵای لوبنان.

بەرگری ئەمریکا: لە مانگێکدا ٥٨ جار هێرش کراوەتەسەر هێزەکانمان لە عێراق و سوریا
پێشت بەرگری ئەمریکا: لە مانگێکدا ٥٨ جار هێرش کراوەتەسەر هێزەکانمان لە عێراق و سوریا
نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی
دواتر نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی
ەیوەندیدار