ڕۆژنامەیەكی بەریتانی: 77%ی نەوتی هەرێم دەڕوات بۆ ئیسرائیل



ڕۆژنامەی (فاینانشیاڵ تایمز)ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی، کە زۆربەی نەوتی ئیسرائیل لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە باکووری عێراق “هەرێمی كوردستان” هاوردە دەکرێت، ئاشكراشی كردووە، لە چەند مانگی ڕابردوودا بە بەردەوامی گەیشتۆتە ئیسرائیل و ئەمەش وایکردووە هەرێمی کوردستان بتوانێت سەرچاوەی دارایی گرنگ بەدەستبهێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەم بابەتە جارێکی دیکە پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و کوردی عێراق پشتڕاست دەکاتەوە، کە ساڵانێکە هەردوولا هەوڵی نهێنی هێشتنەوەی دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەوڵەتی ئیسرائیل لەم دواییانەدا مانگانە نزیکەی 75%ی نەوتەکەی لەو ناوچانە وەرگیراوە، کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی کورد لە باکووری عێراق، کە تێیدا شەڕی “دەوڵەتی ئیسلامی” (داعش) دەکەن.

لە وتارەکەی ڕۆژنامەکەدا ئەوەشی خستۆتەڕوو، فرۆشتنی نەوتی کوردستانی عێراق بەڵگەیەکی بەرجەستەیە لەسەر گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەمەش ترسی ئەوە زیاتر دەکات، کە ئامانجی کۆتایی کورد بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تەواوەتییە لە عێراق.

ڕاپۆرتەکە دەستی خستۆتە سەر ئەو ڕاستییەی، کە دەرکەوتنی ئیسرائیل وەک یەکێک لە کڕیارانی سەرەکی نەوتی کوردستانی عێراق کەلێنی گەورەی نێوان هەولێر و حکومەتی ناوەندی لە عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت: “بەغداش وەک ژمارەیەک پایتەختی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دان بە ئیسرائیلدا نانێت، هەربۆیە هیچ پەیوەندییەک یان مامەڵەیەکی بازرگانی لەگەڵیدا دروست ناکات”.

ئاشكراشی كردووە، نەوتی کوردستانی عێراق ڕێگەی خۆی بۆ بازاڕە جیهانییەکان دۆزیوەتەوە، هەروەها وڵاتانی وەک ئیتاڵیا و فەرەنسا و یۆنان بوونەتە کڕیاری سەرەکی بۆی و هاتووە، “کارە بازرگانییەکانی ئەم نەوتە لە ڕێگەی ڕێککەوتنی نهێنی فرۆشتنەوە ئەنجام دەدرێن، ئەو بڕە داراییانەش، کە پێشوەختە بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن”.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە بەریتانییەکەدا ئاماژە بەوەكراوە، “کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان لە مانگی ئایاری ڕابردووەوە تاوەکو 11ی ئەم مانگە، 19 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەوە هاوردە کردووە”.

ئەوەش هاتووە، “قەبارەی ڕێککەوتنە نەوتییەکانی نێوان هەردوولا نزیکەی 77%ی پێداویستییە نەوتییەکانی ئیسرائیل بووە، کە ڕۆژانە بە 244 هەزار بەرمیل نەوت دەخەمڵێندرێت” و ڕۆژنامەکەش بەهای ئەو فرۆشانەی بە “یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی” خەمڵاندووە بەپێی نرخی نەوت لە هەمان ماوەی ئەمساڵدا.

وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، “یەک لەسەر سێی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە، کە لە ڕابردوودا لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەگوازرایەوە، دواجار دەگەیشتە ئیسرائیل. بەپێی خەمڵاندنەکان دەوڵەتی ئیسرائیل بەشێک لەو نەوتەی هەناردە کردووە و لە هەمان کاتدا بەشێکی لە کۆگاکانیدا هێشتووەتەوە”.

ژمارەیەک لە شارەزایانی کەرتی نەوت ڕایانگەیاندووە، ئیسرائیل بە نرخێکی کەم نەوت لە کوردستانەوە هاوردە دەکات، بەڵام حکومەتی کوردستانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە، هەندێکی دیکەش ڕایانگەیاندووە، کە ئەمە ڕێگەیەکی زیادەیە بۆ ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی پاڵپشتی دارایی بۆ کورد.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە لە زاری ڕاوێژكارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە ناوی نەبردووە دەڵێت: “ئێمە گرنگ نییە ئەو نەوتەی بە بازرگانان دەیفرۆشین بۆ کوێ دەڕوات، ئامانجیشمان دەستکەوتنی پارەی پێویستە، کە بتوانین دارایی پێویست بەدەست بهێنین بۆ پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی”.

دوو ماددەی دیكە بۆ بەشەخۆراكی هاووڵاتیان زیادكرا
پێشت دوو ماددەی دیكە بۆ بەشەخۆراكی هاووڵاتیان زیادكرا
بڕیاری سودانی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكراكرا
دواتر بڕیاری سودانی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكراكرا
ەیوەندیدار