عێراق: ” تەواوی سنوورەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کۆنترۆڵ دەکەین”



محەممەد عەبدولوەھاب فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق، فەریقی مافپەروەر لەچوارچێوەی بەسەرکردنەوە ئەو خاڵە نوێیانەی کە لە زنجیرە چیای حەسارۆست لە سنووری پارێزگای ھەولێر دانراون، ڕایگەیاند، ھەوڵدەدەن تەواوی سنووریی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کۆنترۆڵ بکەن، ئەوەش لە ڕێگای دانانی خاڵی نوێ و کامێرای چاودێرییەوە دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەو ڕێگایەوە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی درواسێ بپارێزن

ئەوەش هاتووە، محەممەد عەبدولوەھاب ھێزەکانی سەربە لیوای دووی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکی لە ناحیەی سیدەکان سەربە پارێزگای ھەولێر، ھەروەھا ئەو خاڵانەی کە بەم دواییانە لەلایەن ھێزەکانی پاسەوانی سنوور لە سێ گۆشەی عێراق، ئێران و تورکیا دانراون، بەسەرکردووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێدایە، ئەمڕۆ ١٩ی ئەیلوول ٢٠٢٣، مۆڵەتەکەی ئێران کە پێشتر بۆ چەککردنی پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ھەرێم دیاری کردبوو، کۆتایی ھات.

لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژۆکرا کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی بە نوێنەرایەتی عێراق و سکرتێری گشتی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی بە نوێنەرایەتی ئێران واژۆیان کرد.

یەکێک لە خاڵەکانی نێو ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، تایبەتە بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان ھەردوو وڵات.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ئەیلوول ھێزێکی پاسەوانی سنوور ڕەوانەی گەرووی زینی وەرتێ لە ناحیەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای ھەولێر کرا، بەڵام لە لایەن پەکەکەوە لە ناوچەکەدا ڕێگری لە جێگربوونی ھێزەکە کرا و بەمھۆیەوە ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھەردوولا ڕوویدا.

ھاوکات ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە فەرماندەیی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور ڕایگەیاند لەچوارچێوەی ھەوڵەکانیانیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ھێزێکی سەربە لیوای ناوچەی سنووری دوو و فەوجی کۆماندۆی ناوچەی سنووری یەک بە پاڵپشتی ھێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە خاڵە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران کۆنترۆڵ بکەن.

نرخی نەوت کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاری دروستکردووە
پێشت نرخی نەوت کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاری دروستکردووە
هیندستان دەبێت بە بەهارات، کامانەن ئەو وڵاتانەی پێشتر ناوی خۆیان گۆڕیوە
دواتر هیندستان دەبێت بە بەهارات، کامانەن ئەو وڵاتانەی پێشتر ناوی خۆیان گۆڕیوە
ەیوەندیدار