بوومەلەرزە، دەسەڵاتەكەی ئەردۆغانی لەرزاند



ڕەنگە بوومەلەرزەكان خۆرى ئەردۆغان ئاوا بكەن

نزیكەی دوو هەزار بوومەلەرزە لە ماوەی هەفتەیەكدا لەناویاندا دوو بوومەلەرزەی 7.8 و 7.5 پلەی ڕێختەر باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریایان لەرزاند، بوومەلەرزەیەك هێندە بەهێز بوو نەك خاكی دوو وڵات، بەڵكو تەختی دەسەڵاتەكەی ئەردۆغانیشی لەرزاند، لەرزینێك ڕەنگە خۆرى ئەردۆغان ئاوا بكات.

گەڕان بە دوای هەناسەی ئازیزاندا سیاسییەكانی لە شەڕ نەوەستاند
هەموان بەدوای ئازیزانیاندا وێڵن، بەڵكو لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەكاندا هەناسەیەك ببیسترێت، تا بە زیندوویی یان مردوویی پێیان شادببنەوە، تا ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدان 30 هەزار كەسە، نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت چەند هێندە دەبێت، پسپۆڕانیش دەڵێن نزیكەی 200 هەزار كەس لە ژێر داروپەردووی  باڵەخانە ڕووخاوەكاندان.

كاریگەریی بوومەلەرزەكان لەسەر توركیا
-بوومەلەرزەكان زیانی ملیاران دۆلاریان لە توركیاداوە، ژێرخانی زیاتر لە 10 پارێزگەی وێرانكردووە لە پرۆژەكانی غاز، كارەبا، ئاو، ڕێگاوبان و زۆر بواری دیكە.

– ئەو بەنداوانەی ڕۆژانێك ئەردۆغان وەك چەكێكی كاریگەر دژی دراوسێكانی بەكاریدەهێنان كە لە باكووری كوردستان دروستیكردوون، ئێستا خۆیان بوونە مەترسیی بۆ وڵاتەكە، دەبێت مشوورێكیان بخوات.

-قەیرانی دارایی و ئابووری گەورەتر دەبێت، بەهای لیرە زیاتر لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكاییدا شكاوە، ڕێژەی هەڵاوسان زیاتر دەبێت، باری گوزەرانی هاووڵاتیان خراپتر دەبێت.

-بازاڕی خانووبەرە بەتایبەت باڵەخانە و یەكەكانی نیشتەجێبوون متمانەیان نەماوە، دەگوترێت هۆكارێكی ڕووخانی 24 هەزار باڵەخانە خراپی كوالێتی پرۆژەكان بووە لەلایەن كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانەوە، بەهۆیەوە وەبەرهێنەرێك دەستگیركراوە.

-نەمانی متمانەی پڕۆژەكانی خانووبەرە نەك متمانەی ناوخۆی لەدەستداوە، متمانەی دەرەوەشی لەدەستداوە، چیدیكە عێراقی و ئێرانییەكان ئامادەنین یەكە نیشتەجێبوونەكانی كەناراوەكانی دەریای ناوەڕاست لە باشووری توركیا و گەورە شاری ئابووری و گەشتیاری ئیستەنبوڵ بكڕن، كە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلاریان دەخستە گیرفانی توركەكانەوە و ئەوان لە كڕینی خانووبەرە لە توركیا پێشەنگبوون.

-توانای توركیا لە پەلهاوێشتن و لەشكركێشییەكانی دەرەوەی سنووری وڵاتەكە سنووردار دەكات، بەتایبەت لە ڕووی داراییەوە.

– ناكۆكیی و ململانێ سیاسییەكان بەهێزتر دەكات و لە هەڵبژاردنەكاندا ڕەنگدانەوەی دەبێت.

-ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەكان لە ئارادایە.

ئەردۆغان چۆن مامەڵە لەگەڵ بوومەلەرزەكەدا دەكات؟
شرۆڤەكارانی سیاسی لەبارەی كاریگەریی بوومەلەرزەكان لەسەر دەسەڵاتەكەی ئەردۆغان و هاوپەیمانەكەی مەهەپە، دابەشی دووبەرە بوون:

بەرەی یەكەم: ئەردۆغان مامەڵەیەكی دروست و باشی لەگەڵ ڕووداوەكاندا كردووە، پێشوازی لە هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان كردووە، بەپێچەوانەی حكومەتی سەردەمی بوومەلەرزەكەی 1999 كە هاوكاری نێودەوڵەتی ڕەتكردەوە، دەتوانێت پەیوەندییە دەرەكییەكانی لەو ڕێگایەوە بەهێز بكات، بەدەمەوەچوونی بۆ لێقەوماوان باشبووە، دەتوانێت كەیسەكە بە گشتی لەبەرژەوەندی خۆی لە هەڵبژاردنەكاندا بەكاربهێنێت.

بەرەی دووهەم: لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كە لە ئێستاوە ڕووی تیرەكانیان لە ئەردۆغان كردووە، دەتوانن ئەو كاریگەرییە نەرێنیانەی لە لێكەوتەی بوومەلەرزەكان دەبنەوە لە دژی ئەردۆغان بەكاربهێنن و ئەگەری بەهێز ئەوەیە خۆرى ئەردۆغان بەتەواوەتی ئاوا بكات.

ئۆپۆزسیۆن هەرزوو هێرشی دەستپێكرد
لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هەفتەی یەكەمی ڕووداوەكاندا وێڕای مەترسیداری كارەساتەكە لە هێرشبردنەسەر ئەردۆغان كەمتەرخەمییان نەكرد.

ئەندامێكی پەرلەمانی توركیا لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە بازنەی ئامەد بە بڵاوكردنەوەی پۆستێك لە سۆشیال مێدیادا كە دوو فریاگوزاریی یۆنانی و كوردی لەخۆگرتووە، وەڵامی پەیامێكی ئەردۆغانی دایەوە، كاتێك هەڕەشەی لە كورد و یۆنان دەكرد، دەیگوت: لە پڕێكدا شەوێك بەسەرتاندا دەدەین.

ئەو پەرلەمانتارە لەسەر وێنەكان نووسیوێتی “شەوێك لە پڕێكدا بە فریامانەوە هاتن” كە مەبەستی یۆنانی و كوردە.

جەهەپە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە كە چاوی لە بردنەوەی كورسی سەرۆكایەتی كۆمارە لە هەڵبژاردنەكانی ئایندە، ئەردۆغانی تۆمەتباركردووە بەوەی دەیەوێت لە ڕێگای ڕاگەیاندنی باری نائاساییەوە هەڵبژاردنەكان دوابخات.

هەدەپە دووهەم پارتی گەورەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا و گەورەترین پارتی كوردی ئەو وڵاتە، هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەكەپە بەدەم داواكاری خەڵكەوە نەچووە، ئەكەپە و مەهەپە خوازیارن باڵەخانە ڕووخاوەكان بە مرۆڤەكانی ژێریانەوە ڕابدەن.

هەدەپە هۆشداریشی داوە، ئەكەپە دەست بەسەر یارمەتییە مرۆییەكاندا دەگرێت و دەستی هاوكاری ناگەیەنێت بە ناوچە كوردییەكان.

پەكەكە هێزێكی چەكداری دژبەری دەسەڵاتی توركیایە، لەنێوخۆی توركیا كاریگەری گەورەی هەیە، هەدەپە بە نزیك لە پەكەكە دەناسرێت، لە نوێترین پێشهاتدا پەكەكە بڕیاری ئاگربەستی تاكلایەنەی دا، ئاگربەستێك لەدوای ساڵانێك لە شەڕی زۆر قورس لەنێوان هەردوولادا دێت.

ئێستا گۆڕانكارییەكانی سەر سەكۆی ڕووداوەكانی توركیا لەسەرەتایە، لە ئایندەدا ڕووداوی گەرمتر ڕوو دەدەن، بەجۆرێك كاریگەری گەورە لەسەر ئایندەی توركیا دادەنێن.

هێدی و ئاژەڵەکان بوونەتە هاوڕێ
پێشت هێدی و ئاژەڵەکان بوونەتە هاوڕێ
ڕووسیا داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ناتۆ دەكات
دواتر ڕووسیا داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ناتۆ دەكات
ەیوەندیدار