بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی خشتەی دابەشكردنی مووچە ڕوونكردنەوە دەدات و جەخت دەكاتەوە، مووچەی وەزارەتی ناوخۆ دەدرێ و دوا نەخراوە.
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە ماڵپەڕی (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین گوایە خشتەی مووچەی سبەی چوارشەممە 15/3/2023، گۆڕانكاریی تێدا كرابێت.”
ئەوەشی خستەڕوو، سبەی مووچەی مانگی شوباتی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی دامودەزگا نەوتییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕەگەزنامە دابەش دەكرێ.
ڕوونیشی كردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە بۆیە مووچە دابەش نەكراوە، چونكە لە خشتەی مووچەدا ئەمڕۆ هیچ شوێنێك ناوی نەبووە.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو 7/3/2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ڕاگەیاندراوێكدا خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 2ی فەرمانبەرانی بڵاوكردەوە.