نیاندەرتاڵ… دێوانەیەکی پێش مێژو لەبێ دەنگیدا لەناوچو



(بەشی یەکەم)
خالد سلێمان
پێشەکی
لە حەوت ملیۆن ساڵەوە تا ئەمڕۆ کە ئێمەی مرۆڤ تیادا بەسەر زەویدا زاڵ بووین، جۆرەکان مرۆڤ و هاوشێوەکانی بەدەوران و گۆڕانی زۆردا تێپەڕیون. زاناکانی بواری ئەنترۆپۆلۆژی (مرۆڤناسیی)، هەروەها شوێنەوارناسیی هێشتا لە هەوڵی ئەوەدان زۆرتر بزانن و ڕووناکی زیاتریش بخەنە سەر نزیکترین جۆر لە ئێمەوە.کە ئەویش نیاندەرتاڵ Neanderthal بوو.

پێش 45 هەزار ساڵ، نیاندەرتاڵ بەتەواوەتی لەناوچوو. دووای خۆی جگە لە ئێسک و پروسکی ناو ئەشکەوتەکان، شتێکی تری بەجێنەهێشت. کەس نەیدەزانی جگە لە ئێمە، کە بە Homo Sapiens یان مرۆڤی ژیر ناسراوین، جۆرێکی تری هاوشێوە لەسەر زەوی ژیاوە. ئەویش مرۆڤی نیاندەرتاڵە کە لە ئەشکەوتەکانی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا، جگە لە بۆماوەی بە بەردبوو شتێکی تری لەدووای خۆیەوە بەجێ نەهێشت. تا نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەش (واتە دووای 1850) ئێسک و پروسکە بەجێماوەکانی لەئێسکی ورچ و گیانەوەرە کێوییەکان جیا نەدەکرانەوە.

ئەم بابەتەی کە خوێنەری کورد دەیخوێنێتەوە، گێڕانەوەیەکی پشت بەستووە بە دەرەنجامەکانی زانستی شوێنەوارناسیی پێش مێژو paleoarcheology ، مرۆناسیی پێش مێژو Paleoanthropology هەروەها زانستی کەشوهەوا لەسەر چاخەکانی پێش مێژو Paleoclimatology . نووسینی دەستەواژەکان بەئینگلیزی تەنها لەبەر ئەوەیە کە ئەم تێرمانە کەم لە زمانی کوردیدا بەکار دەهێنرێن. کاتێکیش دەڵێین (پێش مێژو) Prehistory مەبەست لەوەیە کە ئەم دەرەنجامانە پشت دەبەستن بەلێکۆڵینەوە لە بۆماوە بەبەردبووەکانی مرۆڤ کە بە ئەدەبیاتی نەنووسراوی پێش مێژو pre-literary history دەناسرێت. نووسینەکە لەبنەڕەتدا بەشێکە لە گەڕان بەدوای کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای پێش چاخی هۆلۆسین، بەڵام لە کۆتاییدا وەک گێڕانەوەیەک دەرەکەوت لەسەر مرۆڤی نیادەرتاڵ کە تەنها ڕێژەیەکی کەم لە توخمی ئەو لە جینەکانی ئێمەدا بەجێماوە.

نیادەرتاڵ کێ بوو؟
جارێ با بزانین نیاندەرتاڵ کێیە، لە کوێ و چەند هەزار ساڵ ژیاوە، کەی لەناوچوەو هۆکارەکانی لەناوچونەکەی چین، ئەی ناوەکەی لە کوێوە هاتوە؟ تا ئەو ڕۆژەی ناوی دۆڵێکی لە ئەڵمانیا بەبەردا بڕا، ئێمەی مرۆڤی نوێ، بێئاگا بوین لەوەی پێش ڕەوە گەورەکەمان کە دەگەڕێتەوە بۆ 70 هەزار ساڵ لە ئەفریقیاوە بەرەو ئەوروپا، جۆری تری مرۆڤ لەسەر زەوی ژیاوەو وەک ئێمە بوە.
نیادەرتاڵەکان لە ڕوی مۆرفۆلۆژی و جینۆمەوە، نزیکترین کەسی ئێمەی مرۆڤی هاوچەرخ بون، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە وەک نزیکترین جۆر لە مرۆڤی Homo Sapiens دەناسرێن. ئەدەبیاتی زانستیش وەک (ئامۆزاکان) مرۆڤی نوێ وەسفیان دەکات، هۆکاری زانستی زۆریش هەن پەیوەندییەکانی نێوانی ئێمەی مرۆڤی نوێ بە جۆرێکی تری مرۆڤەوە دیاری دەکات کە بەیەکجارەکی لەسەر زەوی نەماو فەوتا.

ساڵی 1825 یەکەم گۆڕی نیاندەرتاڵەکان لە بەلژیکا دەدۆزرێتەوە، کە ئێسک و پروسکی مناڵێکی تیا دەبێت. لەبەر ئەوەی بەجێماوەکان زۆر شێوابوون، دەرەنجامێکی ئەوتۆیان بەدەستەوە نەدا. بیست و پێنج ساڵ دوای ئەو ڕوداوە، واتە ساڵی 1856، ژمارەیەک کرێکار لەکاتی پاککردنەوەی ئەشکەوتێکی بچووک نزیک شاری دۆسڵدۆرڤ لە ئەڵمانیا، ڕووپۆشی کەلەسەرێک و هەندێ ئێسک و پروسک دەدۆزنەوە. ئەوان لایان بو کە بەجێماوەی ورچێکیان دۆزیوەتەوە، بەڵام دوای چەند ساڵێک ئێسک و پروسکەکان وەک بەجێماوەی مرۆڤێکی لەناوچو دەسنیشان کران.

بەجێماوەکانی دۆڵەکەی نزیک شاری دۆسڵدۆرڤ ناوەندی زانایانی سروشتیی شڵەقاند، بەتایبەتی ڕوداوەکە سێ ساڵ پێش بڵاوبونەوەی کتێبە بەناوبانگەکەی چارلز داروین بو بەنانیشانی (بنەڕەتی جۆرەکان) لەسەر پەرەسەندنی جۆرە زیندەکان لەسەر زەوی. تا ئەو کاتە سەرچاوەیەکی کەم دەربارەی جۆرەکان و تیۆری پەرەسەندن لەبەردەستدا بو. ئەوە سەرەتای کارێکی زۆرو بەردەوام بو لەسەر ئامۆزا لەناوچووەکەمان، کە تیایدا بەجێماوەی هاوشێوە دۆزرایەوەو ئیشتیهای زانایانی شوێنەوارو مرۆناسیی بۆ ناسینی نیاندەرتاڵ بەشێوەیەک کرایەوە وەستانی بۆ نەبو. ئەوان کێ بوون، چۆن دەژیان و کەی لەگەڵ مرۆڤی هاوچەرخدا بەریەککەوتن، بۆچی لەناوچون، ئایا هاوڕێ بوون یان دووژمن، ئەوان باوان یان تەنها خزمی ئێمە بون؟ ئەی بەدەستی ئێمە کۆمەڵکوژ کران، یان گۆڕانکاری کەشوهەواو قات و قڕی لەناوی بردن، یان لەگەڵ گەیشتنی مرۆڤی هاوچەرخ بۆ ئەوروپا لە ئەفریقیاوە، توشی نەخۆشی و پەتا بون؟

پەیمانگەی ماکس پلانک بۆ ئەنترۆپۆلۆژیای پەرەسەندن لە ئەڵمانیا، لە پشکنینی توخمی DNA یانزە کەس لە دوو ئەشکەوتدا لە سیبیریا، ئەوە دەسەلمێنێت کە نیاندەرتاڵەکان 430 هەزار ساڵ لە ئەوروپاو ڕۆژئاوای ئاسیا ژیاون، پێش 40 هەزار ساڵیش لەناوچون. پێش ئەو لەناوچونەش بە 30 هەزار ساڵ مرۆڤی ساپیان لە ئەفریقیا گەیشتوەتە ئەوروپا و ئاسیا. ئەم دەرەنجامە کە پشت دەبەستێت بە پشکنینی بەجێماوە بە بەردبووەکان لە ڕێگەی کاربۆنی 14، ئەوەشمان بۆ دەخاتەڕو کە داگیرکردنی ئەوروپا لە لایەن ساپیانەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ 70 هەزار ساڵ پێش ئێستا. توێژینەوەکانی بواری شوێنەوارناسی و مرۆناسیی، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کە نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی ژیر، بەڕێژەی 99.7% یەک توخمی ژینالۆژییان هەیە. لەو سۆنگەیەشەوە کە نیاندرتاڵەکان نزیکترین جۆری مرۆڤن لە ئێمەوە، بەڕێژەی 1% هەتا 4% توخمیان لە ناو دانیشتوانی ئەوروپا و ئاسیادا جێهێشتووە.

ئەگەر لەوەوە دەست پێبکەین کە نیاندەرتاڵەکان چۆن بوون، توێژینەوە زانستییەکان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە نزیتکترن جۆری مرۆڤ لە ئێمەوە نیاندرتاڵەکانن، سیماو سەریان لە ئێمە گەورەترو فراوانتر بووە. ئەوان لە ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی نزیک، بە کوردستانیشەوە، دەژیان و مێژوی دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ 400000 هەزار پێش ئێستا، ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر جۆری هایدلبێرگ کە ئەوانیش لە جۆری مرۆڤی Erectus واتە مرۆڤی (بەپێوە ڕاوەستاو) بوون. نیاندرتاڵەکان ژیرو ئازابوون و بەشێکی زۆری داهێنانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان، وەک دروستکردنی کەرەستەی ڕاو، ژیانی بەکۆمەڵ و ماڵییکردنی ئاگر، خواردنی ڕووەک و ئاگالێبوون لەژیانی یەکتری لەناو گروپێکدا. واش مەزەندە دەکرێت کە مردوویان ناشتبێت و چارەسەری برینداریان کردبێت. شوێنی هەر گروپێکی نیاندرتاڵەکان ئەشکەوت بوو.

سیماو فۆرمی نیادەرتاڵ
تیمێکی توێژینەوەی شوێنەوارناسیی لە زانکۆی دیوک لە باکوری کارۆلینا لە ئەمریکاو زانکۆی Witwatersrand لە باشوری ئەفریقیا، هەستا بە کۆکردنەوەی ئاماری 13 نیاندەرتاڵ و 233 هۆمۆ ساپیانی پێش مێژو، هەروەها 83 مرۆڤی مۆدێرنی ئێمە. ئەوان لە ڕێگەی ئەو ئامارانەوە سەرنجیان خستە سەر پێوانە ستانداردەکانی کەلەسەر وەک کۆنتڕۆڵێک بۆ لێکۆڵینەوە لە قەبارەو شێوەی پێکهاتە سەرەکییەکانی دەموچاو. هەبونی کۆنترۆڵی لەو شێوەیە ڕێگەی بە تیمەکەدا کە بە باشترین شێوە ئەوە دیاری بکەن ئایا ئەگەری ئەوە هەیە مرۆڤی ساپیان کە ڕەچەڵەکی ئێمەن، لەگەڵ نیاندەرتاڵەکان زاوزێیان کردبێت و تێکەڵ بووبن یان نا.

هەروەها توێژەران جۆراوجۆرێتییە ژینگەییەکانیان بەکارهێناوە (وەک کەشوهەوا) کە پەیوەندییان بە گۆڕانکاری لە تایبەتمەندییەکانی سیمای مرۆڤدا هەیە، ئەوەش لە پێناو دیاریکردنی ئەگەری ئەوەی کە ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان دانیشتوانی نیاندەرتاڵ و ئێمەدا دروستبون، دەرەنجامی زاوزێ بن یان هۆکاری تری وەک کاریگەریی کەشوهەوا.

دەرەنجامی توێژینەوەکە ئەوە دەردەخات کە تایبەتمەندییەکانی دەموچاو، کاریگەرییەکی بەهێزی کەشوهەوایان لەسەر نەبوە، ئەمەش ئەگەری کاریگەرییە جینییەکان لەدەرەنجامی زاوزێدا زیاتر دەکات. هەروەها ئەوەش بۆ توێژەرەکان دەرکەوتوە کە شێوەی دەموچاو گۆڕاوێکی بەسوودتر بوە بۆ بەدواداچونی کاریگەرییەکانی زاوزێی نێوان نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی نوێ .

بەگشتی نیاندەرتاڵەکان تەنها لە مرۆڤ گەورەتر بون، بە تێپەڕبونی کاتیش قەبارەی دەموچاوی مرۆڤەکان بچوکتر بوە. لەڕاستیدا هەندێک لە سیماکانی دەموچاو، بەڵگەی تێکەڵاوبون و زاوزێی لەگەڵ نیاندەرتاڵەکاندا هێشتەوە.

نیاندرتاڵەکان، لەگەڵ ئەوەی لە ئەوروپاو ڕۆژهەڵانی نزیک و کوردستان دەژیان، بەڵام توخمیان لە ئاسیا زیاتر لە هەر شوێنێکی تر بەجێهێشتوە، ئەمەش دەرخستەی ئەو ڕاستییەیەکە ئەوان لەگەڵ مرۆڤی ژیر تێکەڵاو بون و زیاتریش وا دەردەکەوێت کە پیاوی نیاندرتاڵ لەگەڵ ژنی Homo Sapiens یەکیان گرتبێت و وەچەیان خستبێتەوە. ئەمەش دوای ئەوە ڕویداوە کە مرۆڤی نوێ ئەفریقای بەجێهێشتوەو گەیشتوەتە ئەوروپا و باکوری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی نزیک، یانی پێش ئەوەی لە ئاسیادا بڵاو ببنەوە.
………………………………………………………….
تێبینی: بابەتەکە بەشێکە لە گەڕانی خۆم لەسەر گۆڕانکاری کەشەوهوای پێش مێژو، واتە بیروڕا نیە بەقەدەر ئەوەی زانیارییە، چونکە لە کۆتاییدا من لەبواری شوێنەوار ناسیدا کار ناکەم، بەڵام ئەرکم ئەوەیە زانیارییە زانستییەکان بەزمانی ڕۆژنامەوانیی ڕەوان بۆ خوێنەری کورد بخەمەڕوو.

بڕوانامە یان مەعریفە
پێشت بڕوانامە یان مەعریفە
کەشناسی: سبەینێش بارانبارین بەردەوام دەبێت
دواتر کەشناسی: سبەینێش بارانبارین بەردەوام دەبێت
ەیوەندیدار