غازى سروشتى، تارمایى سیاسى



وریا حسێن

 

مەلەفى غازى سروشتى یەکێکە لەمەلەفە ئاڵۆزەکان، تەنها پەیوەست نیە بە هەرێمى کوردستانەوە، پەیوەستە، بە “ئێران، تورکیا، ڕوسیا، بلۆکى خۆرئاوا و پاشان عێراق”.
ئەگەرچى کاتى هەناردە و ئاستى بەرهەم زۆر ڕوونیە، بەڵام بە ئیعترافى قونسوڵى پێشووى ئەمریکا لە هەولێر، تیمێکی نێودەوڵەى پشکنينى بۆ غازى سروشتى کوردستان کردووە دڵنیابوونەتەوە لەوەى، کەڵکى ئەوەى هەیە پاش چاکسازیکردن هەناردەبکرێت.
حیلمى غازى سروشتى، دەماغى بەرپرسانى یەکەمى دەسەڵاتى کاسکردووە، پارتى لە ٢٠١٣ وە بەهاوکارى تورکیا هیواى لەسەر هەڵدەچنێت، بڕواى وایە: یەکلایکردنەوەى غازى سروشتى واتاى تەواوکردنى داکوتانى ڕەگى دووەم و یەکلایکەرەوەى دەسەڵاتەکەیەتى بۆ ٥٠ تا ١٠٠ ساڵى داهاتوو، بەڵام ستراتیژى پارتى لەوەیا کورتى هێناوە، کە غازى سروشتى لەناو زۆنەکەى ئەودانیە، هەرچەندە هاوپەیمانەکانى ئەو غازى سروشتى لەزۆنى سەوز بەرهەم دەهێنن، بەڵام بەبێ یەکێتى ناتوانن هیچ هەنگاوێک بنێن.
ئەو پێکادانەى دروست دەبێت لەنێوان جەمسەرە ناکۆکەکانى حکومەت و دەسەڵات، بەشێکى پەیوەستە بەم مەلەفەوە، پارتى هەموو فشارێک دەکات تاوەکو نەوتى لێبکات، یەکێتیش دەترسێت وەکو نەوت ئەم مەلەفە پارتى پێ بەهێزبێت و زۆنەکەى ئەویش پێ هەژارتربکرێت، لەوەش مەترسیدارتر لەدرۆنى شاهید و ڕاسید موشەکى عەباس و فەتاح و ئاڤانگاردى ڕووسى دەترسێت، بۆیە نایەوێت ئەو مەلەفە دووبارە پارتى بەبێ عێراق ئیدارەى بکات، وە ئیقرارێکى دوەلى لەسەر نەبێت.
بەبڕواى من لەداهاتوودا فشارەکانى پارتى و تورکیا بۆ سەر ئەم زۆنە زۆر زیاتر و زیاتر دەبن، چونکە پارتى گرەوەى گەورە گەورەى لەسەر ئەم پرسە کردووە تورکەکانیش هیوایان لەسەریەتى چونکە دوورى غازەکە لەدڵیانەوە ٣٠٠ کیلۆمەترە و هەرزانترینە، دۆڕاندنى ئەم گرەوانە واتە پاشەکشەى گەورەى سیاسى و ئابوورى، لەهەمووشى مەترسیدارتر بۆ پارتى ئەوەیە: لەمەلەفى نەوتدا ستراتیژەکەى ڕووى لەشکستە چونکە لە ٤٣ ملیار یەدەگەوە حیلمەکەى بووەتە ٣ ملیار بەرمیل، جگە لەوەش کۆمپانیا گەورەکان کە لەم حەقیقەتە تێشگەیشتن ئیتر ووردە وردە کەرتى نەوتى هەرێم ئیفلاس پێدەهێنن، بۆیە پارتى کارتى بەهێزى ئابوورى لە ١٠ ساڵى ئایندەدا بەدەستەوە نامێنێت تایارى سیاسى و دیبلۆماسى پێبکات، ئەگەر غازى سروشتى بەدەستنهێنیت، ناتوانێت ئەو سوپا ناوخۆیى و نێودەوڵەتیەى هەیەتى ئیدارەى بکات، یان بەلایەنى کەمەوە، دەوەستێت و پاشەکشە دەکات، چاوى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى لەسەر نامێنێت.
بۆیە پارتى بیرى لەبەدیلى دووەمیش کردووەتەوە: کە بەدەرکردنى یاسایەک لەپەرلەمانى کوردستان، کە ماف بدات بە حکومەت وەبەرهێنان لەکانزاى سروشتى بکات، تاوەکو ئەگەر لەپرسى غازى سروشتى شکستى هێنا ئەوا وەبەرهێنانى میتاڵى بکات، کە لەجیهاندا هاوشێوەى نەوت وەبەرهێنانى قورس دادەنرێت.
بەبڕواى من دوو ئیدارەیى ئەگەر ڕووبدات لەنزیک مەوداد زیانى بۆ یەکێتى دەبێت چونکە تا خۆیى و زۆنەکەى ڕێکدەخاتەوە بەرامبەر پارتى کات و وزەیەکى زۆرى دەوێت، بەڵام لەدوور مەودادا یەکێتى بەرەو بەهێزى دەبات، چونکە پارتى دەزانێت یەکێتى ئۆپشنى جیاوازى لەبەردەمە تابتوانێت ئیدارەى ئەم مەلەفە بدات، وە ئەزموونێکى باشى هەیە لەوەى هاوبەشى نێودەوڵەتى پەیدابکات تا ئیدارەى مەلەفەکەى بکات، باشتر لەپارتى دەتوانێت ڕێگاى هەناردەى بۆ بکاتەوە و هاوبەشیش ئامادەیە.
بۆیە دوو ئیدارەیش ڕووبدات، پارتى هەر یەک ئیدارەیى دەوێت چونکە دەزانێت دوو ئیدارەیى واتە پێبڕکردنى لەزۆنى سەوز و کۆتایى هاتنى خەونەکەى، بۆیە ئەوکارە بۆ پارتى وەکو خۆکوشتن وایە و نایکات، بەڵام بەدڵنیایەوە ناوەستێت لە فشارکردنى سیاسى و ئابوورى لەسەر زۆنى سلێمانى بۆ تەسلیمکردنیان، ئایا یەکێتى تەسلیمى ئەو واقعە دەبێت، من بۆخۆم بڕواناکەم چونکە هەرکەس لەیەکێتى خۆى تەسلیمى ئەو واقعە بکات واتاى ئەوەی کۆتایى بەخۆى هێناوە، وە لوتکەى یەکێتیش تێگەیشتووە لەو خەونەى پارتى، بۆیە ناچارن بەرامبەر فشارەکانى پارتى یارى بکەن.
ئەوە ڕوونە، یەکێتى و پارتى بەبێ یەکترى ناتوانن ئیدارەى مەلەفەکان بەباشى و بەهێورى بدەن، بۆیە حەلى واقعى ئەوەیە: هەردووکیان پێکەوە لەچورچێوەى حکومەتێکى بەهێزدا بەهاوبەشى لەگەڵ عێراق ئەم مەلەفە یەکلایى بکەنەوەن پیم وایە ئەمە باشترین بژاردەیە کە کوردستان لەئافات دەپارێزێت.
له‌وه‌ زیاتر لێ مه‌گه‌ڕێن جامه‌كه‌ پڕ بێت
پێت له‌وه‌ زیاتر لێ مه‌گه‌ڕێن جامه‌كه‌ پڕ بێت
قەیرانەكان و بێدەنگی سەدر حكومەتەكەی سودانی بەکوێ دەگەیەنێت
دوات قەیرانەكان و بێدەنگی سەدر حكومەتەكەی سودانی بەکوێ دەگەیەنێت