قەیرانەكان و بێدەنگی سەدر حكومەتەكەی سودانی بەکوێ دەگەیەنێت



گۆران قادر

دوای ساڵێك لە ململانێ و ڕێك نەكەوتنی هێزە سیاسیەكان و سەرهەڵدانی توندوتیژی، لە كۆتاییدا حكومەتەكەی محمد شیاع سودانی متمانەی پەرلەمانی بەدەستهێناو توانی بەئاسانی متمانە وەرگرتنەكە تێپەڕێنێت، بەڵام دیار نیە لە ماوەی حوكمرانیەكەیدا هەروا بە ئاسانی بەسەر قەیرانە كەڵەكەبووەكاندا زاڵ دەبێت،یان دۆخی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی دۆخەكەی بەسەریدا قوڵپ دەكاتەوە و بەدەردی حكومەتەكانی پێش خۆی دەچێت.

حكومەتەكەی سودانی میراتگری هەموو ئەو هێزانەیە كە لە ساڵی (2003)وە حوكمڕانی عێراق دەكەن، بۆیە چاوەڕوانی كارێكی جیاوازی لێناكرێت كە مۆدێلێكی نوێ پێشكەش بكات، لەوەش زیاتر كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە كە نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا سەرپەرشتی دەكات، مالیكیش بۆ ماوەی دوو خول لە نیسانی 2006 تاوەكو ئەیلولی 2014 سەرۆك وەزیران بووە، كە زۆرترین ماوە لەو پۆستەدا ماوەتەوە بەراورد بە هەموو سەرۆك وەزیرانەكانی دیكە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت مۆدێلی مالیكی دووبارە بكاتەوە،بەڵام دۆخی عێراق و هاوكێشە سیاسیەكان لەرووی هەرێمی و نێودەوڵەتیەوە گۆڕاوە، تەنانەت بەرنامەی حكومەتەكەشی جیاوازە، ئەمەش وای لێدەكات ڕووبەڕووی ئاڵنگاری تاقەت پڕوكێن ببێتەوە، كە ئێمە لێرەدا باس لە بەشێكیان دەكەین:

هەڵبژاردنی پێشوەختە و بێدەنگ كردنی سەدر:
لە بەرنامەی حكومەتەكەدا هاتووە، كە هێزە سیاسیەكان ڕێك كەوتوون كە لە ماوەی سێ مانگدا یاسای هەڵبژاردنەكان بگۆڕن، هەروەها لە ماوەی ساڵێكدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، كە ئەمەش داواكاری موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدرە.
هەڵبژاردنی پێشوەختە و گەرەنتی دان بە سەدرییەكان، جۆرێك لە سەقامگیری بۆ حكومەتەكە فەراهەم دەكات،ئەگەر ڕێژەیش بێت،لەم نێوەندەدا سودانی پەنای بۆ ستراتیژی بێدەنگ كردنی سەدر بردووە، بەڵام ئەگەر فراكسیۆنی سەدر و لایەنگرانی هەست بە پەراوێز خستن بكەن،ئەوا هیچ گەرەنتیەك نیە حكومەتی سۆدانی بە سەقامگیری بمێنێتەوە، بۆیە لە ئەگەری شكاندنی بێدەنگی لەلایەن سەدرەوە، ئەوا شەقامی عێراقی دەكەوێتەوە جوڵە و نزیكە توندوتیژی و داگیر كردنی بینای حكومەت و پەرلەمانی لێبكەوێتەوە.
ئەوەی لێرەدا كێشەی بۆ خودی سودانی دروستكردووە،ئەوەیە كە دەیەوێت لە ماوەی ساڵێكدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدات،چونكە پێكهێنەرانی حكومەت هەڵبژاردنی پێشوەختە لایان گرنگ نیە،هەروەها پەلە كردنیش لەم بابەتە پەیوەستە بە تێروانینی حكومەت بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەدر.

پەیوەندی دەرەوە و ئاڵنگارییەكان:
سودانی لە بەرنامەی حكومەتەكەیدا پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری و هاوكاری هەژاران و چارەسەری بێكاری كردۆتە كاری لە پێشینەی خۆی، هەروەها بۆ پەیوەندییە دەرەكیەكانیشی سودانی ئاماژە بەوە دەكات كە” ڕێگا نادرێت عێراق بكرێتە ڕێرەوێك یان پێگەیەك بۆ هێرش كردنە سەر دەوڵەتانی دیكە، هەروەها پەیڕە لە سیاسەتی دۆستایەتی و هاوكاری لەگەڵ هەموواندا دەكات”.
ئەوەی كە هەستی پێدەكرێت،ئەوەیە سودانی دەیەوێت پرسە ناوخۆییەكانی وەك هەژاری كەم ئاوی و كارەبا و بێكاری بكاتە كاری لە پێشینەی و كەمتر گرنگی بە لایەنی دەرەكی بدات،ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەو هێزانەی كاندیدیان كردووە لە ئێرانەوە نزیكن،بەڵام سودانی هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان رۆژئاوا و ئێران بهێنێتە دی، چونكە لە ماوەكانی رابردوودا بەهۆی جەنگ و ململانێكان كۆمپانیا رۆژئاواییەكان مەیلی جێهێشتنی عێراقیان هەبوو،هەروەها بۆ سەقامگیری ئابوری و ئاو وسیاسی، تەنانەت كۆمەڵایەتیش عێراقی پێویستی بە ئێرانە،بۆیە هاوسەنگی گرنگە،بەڵام هێرشی ئێران بۆ سەر هێزە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستان و ئەگەری دووبارە بوونەوەی هێرشەكە، وا لە حكومەتی عێراق دەكات وەڵامی توندی هەبێت و بە پێشێلكردنی سەروەری خاكی خۆی بزانێت، كە لەم كاتەدا بۆ عێراق قورسە هاوسەنگ بێت.

پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان:
خراپی پەیوەندییەكانی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە قەیرانە بەردەوامەكان كە یەخەی عێراقی گرتووە، خراپی پەیوەندییەكان زیاتر پەیوەستە بە هەناردەی نەوت و پێشمەرگە و ناوچە جێناكۆكەكان و بودجەی هەرێمی كوردستان.
سودانی لە بەرنامەی حكومەتەكەیدا تایبەت بە بەرهەمهێنانی نەوت ئاماژە دەدات بەوەی “ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژە یاسای نەتو غاز لە ماوەی شەش مانگدا دەدات، هەروەها دەستبەرداربوون لە گرتنەبەری ڕێكارەكانی دژ بە كۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان لە پێناو زیان نەگەیاندن بە ئابوری نشتیمان”.
بۆ ناوچەكانی كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش لە بەرنامەكەیدا هاتوە:” پێكهێنانی لیژنەی باڵای جێبەجێ كردنی مادەی 140، جێبەجێ كردنی ڕێكەوتنامەی شەنگال، رێگادان بە چالاكی هێزە كوردییەكان،چۆڵكردنی بارەگا حزبییەكان كە داگیر كراون، چونە دەرەوەی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی لەناو شاری كەركوك”.
وەك بەرنامە ئەم بابەتە گرنگ و جێگای بایەخە،بەڵام لەرووی جێبەجێ كردنەوە ئەستەم و قورسە، چونكە حكومەتەكانی پێشووتریش هەمان بەڵێنیان داوە، بەڵام دواتر جێبەجێیان نەكردووە، هەروەها لایەنی كوردیش بۆ جێبەجێ كردنی كەمتەرخەم بوون.

ماوەتە بڵێین، بەردەوامی حكومەتەكەی سودانی پەیوەستە بە دۆخی سەقامگیری عێراق و بێدەنگی سەدرەوە، لەگەڵ چارەسەركردنی بەشێك لە قەیرانەكانی عێراق،ئەمە جگە لەوەی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و مامەڵەی خودی سودانی لەگەڵ دۆسیەكان بەشێك دەبێت لە بەردەوامی یان كۆتایی هاتنی حكومەتەكەی.

غازى سروشتى، تارمایى سیاسى
پێت غازى سروشتى، تارمایى سیاسى
بێکاری …. مۆتەکەی گەشەی ئابوری هەرێم
دوات بێکاری …. مۆتەکەی گەشەی ئابوری هەرێم