عه‌بدولواحێد محه‌مه‌د
زۆر دوور ناچینه‌وه دواوه، ته‌نها له 100 ساڵى رابردوودا ده‌یان سه‌ركرده‌ى هه‌ڵكه‌وتوو دیار هه‌بوون كه جێگه‌ى شانازی بوون بۆ گه‌له‌كانیان، تا هه‌نوكه‌ش هێمای خۆنه‌ویستى و گه‌لویستى و خزمه‌تگوزاری بێ چه‌ند و چون بوون، ئێستاش له هزری تاك به تاكی كۆمه‌ڵگه‌كانیان به زیندوویی ماوه‌نه‌ته‌وه و به‌رده‌وام ناویان له‌سه‌ر زارانه و به ملیۆنان شوێنكه‌وته و موریدیان هه‌یه، بیروبۆچون و ئایدیاكانیشیان بۆته نه‌خشه رێگه‌ى سیاسی و ئیدارى هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیش بۆیان، هه‌مووشی له‌به‌رئه‌وه بووه هه‌تا بڵێی ده‌ست پاك و خاكى بوونه، هه‌رچی وزه و توانایان هه‌بووه له پێناو گه‌له‌كانیان ته‌وزیفیان كردووه، هه‌رگیز په‌نایان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان نه بۆ خۆیان نه بۆ نه‌وه‌كانیان نه‌بردووه، ئه‌وه‌ى هه‌یان بووه و نه‌یان بووه به‌خشیویانه به خه‌ڵكى شایسته به‌بێ جیاوازى.
، مێژوو زۆری له‌م كه‌سایه‌تیانه تۆماركردووه، له‌وانه لینین، ئه‌و پیاوه گه‌وره‌یه یه‌كێتى سۆڤیه‌تى دامه‌زراند كه یه‌كێك له دوو هێزه مه‌زنه‌كانى جیهان بوو، كاتێك مرد ته‌نها میراته‌كه‌ی (6)رۆبل بوو ، عبدالكریم قاسم كه شۆرشی (14)ى ته‌موزی به‌رپاكرد له ماوه‌ى 4 ساڵ و 7 مانگی حوكمڕانیدا، به سه‌دان قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستى و پرد و رێگا‌و بان و شاری نیشته‌جێبوونی دروست كرد، كاتێك به‌عسی و قه‌ومه‌چیه دڕنده‌كان شه‌هیدیان كرد، ته‌نها یه‌ك دیناری شین و روبعێكى كه‌سكى له گیرفاندا بوو، كاسترۆش دوای شۆڕشێكى خوێناوی كوبای نوێی دامه‌زراند ، هه‌موو موڵك و ئه‌ملاكی ئاغا‌كان ته‌نانه‌ت هی باوكیشی خۆماڵى كرد، ئه‌و ئۆتۆمۆبیله مارسیدسه‌ی كه له سه‌روبه‌ندی به‌ستنى كۆنگره‌ى ده‌وڵه‌ته بێلایه‌نه‌كان سه‌ددام پێی به‌خشی سواری نه‌بوو، داواى كرد به مه‌زادی ئاشكرا بفرۆشرێ و پاره‌كه‌ى بخه‌نه سه‌ر بانكى گشتى، هۆشی منه‌ش كه سه‌ركردایه‌تى شۆڕشگێڕه ڤێتنامیه‌كانى كرد دژی حكومه‌ته به‌كرێ گیراوه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا، كاتێك سه‌ركه‌وت ڤیتنامی یه‌كگرتوى دامه‌زراند، نه‌چوه ناو كۆشك و ته‌لاره پۆشته و په‌رداخه‌كان، هه‌تا مردیش هه‌ر له‌ناو خانوی پوش و له‌گه‌ڵ هاورێكانیدا بوو.
ئه‌وانه و ده‌یان نمونه‌یتر ، مخابن له به‌رامبه‌ر ئه‌و نموزه‌جه جوانانه سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی زۆر خراپیش ناویان له لیستی ره‌شدایه ، جێ و مه‌كانیان زبڵدانی مێژوه، ناوه‌كان زۆرن به پێویستی نازانم ریزیان بكه‌م، زۆر زه‌روریه هه‌رچی سه‌ركرده هه‌یه هه‌وڵبدات له لاپه‌ڕه سپیه‌كانی مێژو خۆی تۆمار بكات، نه‌ك به ده‌ستی خۆی گۆڕی ون هه‌ڵبكه‌نێ، دیاره مه‌به‌ستی من له هێنانه‌وه‌ی ئه‌و به‌راوردكاریه بۆ ئه‌وه‌یه به‌وانه بڵێم كه ناویان له خۆیان ناوه سه‌ركرده، به عه‌ره‌ب و كوردیشه‌وه، كاتێك سه‌ددام به هۆی راپه‌ڕینی ئاداری 1991 ده‌سه‌ڵاتی سنورداركرا دواجاریش له 2003 روخێنرا، خه‌ڵكی خێرله خۆنه‌دیو ئه‌وپه‌ڕی خۆشیان بوو كه ئیتر ده‌حه‌سێنه‌وه و چیتر هه‌موو رۆژێ دێوه‌زمه‌ى مه‌رگ سواری سه‌ر و ملیان نابێت، وه‌كو هاووڵاتی ئاسایی به ته‌واوی مافه‌كانیانه‌وه له‌م وڵاته ده‌ژین، كه‌چى به‌داخه‌وه ئه‌و خه‌ونه وه‌نه‌وشه‌ییه نه‌هاته‌دی ، له بری ئه‌وه خۆتان ده‌وڵه‌مه‌ند كرد و هه‌رچی سه‌رگرد و به‌رگرد هه‌یه تاپۆتان كرد ئه‌مه بێجگه له خانوی هاوینه و زستانه و كۆكردنه‌وه‌ى پاره و زێر‌و زه‌به‌ن و دوا مۆدێلى ئۆتۆمبێلی گران به‌ها به‌ره‌تلیش، نه‌ك بۆ خۆتان به‌ڵكو بۆ كوڕ و نه‌وه‌كانیشتان، سه‌ربارو بنباریش هێزیشتان دروستكردووه، به هۆی ده‌ست و پێوه‌نده‌كانتان تقدیسیش ده‌كرێن و ده‌یان ناو و ناتۆره‌شیان بۆ داتاشیون خه‌ریكه ده‌سته‌واژه‌كانیش به‌شتان نه‌كات، ئه‌مه وای كردووه هه‌ندێك هێلی گشتیش تێپه‌رێنن به جۆرێك به ده‌گمه‌ن خه‌ڵك ببینن مه‌گه‌ر له‌سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردن و هه‌ندێك بۆنه‌ى زۆر تایبه‌ت نه‌بێت ئه‌ویش هه‌ر بۆ خزمه‌تی كه‌سی خۆتان.
بۆیه زۆربه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به گه‌وره و گچكه‌وه لێتان پڕن و توڕه‌ن ، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ى زۆر له له نزیكتانه‌وه‌شن كه‌مێك دوور كه‌وه‌نه‌وه ده‌ست به پرته و بۆڵه ده‌كه‌ن، من تێناگه‌م، بۆ چاو له‌و كه‌سایه‌تیانه ناكه‌ن كه مێژوو شانازیان پێوه ده‌كات؟ بۆخۆتان ده‌خه‌نه به‌ر ئاهو ئۆفی پڕ حه‌سره‌تی ئه‌م خه‌ڵكه‌ی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریان بووه بۆتان كردوویانه، دڵنیابن ئه‌و لوت به‌رزى و خۆبه‌زلزانینه‌تان ئه‌وه‌نده پڕ ناكات و ناتوانن هه‌تا سه‌ر كڵاو له‌سه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه بنێن، هه‌رچی بكه‌ن خۆتان پێ جوان ناكرێت، چونكه به‌ری رۆژێ به بێژینگ ناگیرێت، كات كاتی گه‌ڕانه‌وه‌تانه بۆ ناو خه‌ڵك و خزمه‌تكردن، ئیتر به‌سه قسه‌ى زل چیتر سه‌ری زلیش نایخوات، له‌وه زیاتر لێ مه‌گه‌ڕێن جام پڕ بێت چونكه كه پڕ بوو لێی ده‌ڕژێت، ئیتر خڕ ناكرێته‌وه.