شارەزایەکی کەشناسی: هەفتەی داهاتوو تاوەباران و هەورەبروسکە دەستپێدەکاتەوە



لەبارەی کەشوهەوای ڕۆژانی ئایندە شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، پلەکانی گەرما تا 38 پلە بەرزدەبنەوە، لە ڕۆژی یەکشەممەوە تاوەباران و هەورەبروسکە دەستپێدەکاتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، سبەینێ ھەینی 10/5/2024 لە ئەنجامی کاریگەری سەرەتایی نزمەپاڵەپەستۆی خەماسینی باکوری ئەفریقا کە بارستە ھەوایەکی گەرمی لەگەڵدایە، پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 3 تا 4 پلە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، ئاسمانی ناوچەکەش بە زۆری ساماڵ دەبێت لەگەڵ ھاتنی پەڵە ھەوری تەنک و بەرزی (Cirrus) ، خێرای با لەسەرخۆ دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی شەممە 11/5/2024 کاریگەری ئەو بارستەھەوا گەرمە لەسەر ناوچەکانمان زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە سبەی 4 تا 5 پلەی دیکە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، ھەڵەبجە، ھەولێر و دھۆک بەرزترین پلەی گەرمی تا نێوان 30 بۆ 32 پلە بەرزدەبێتەوە، لە پارێزگای کەرکووک تا 34 پلە و ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان بە جیاوازی شوێنەکان 35 تا 38 پلە بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت .

ئەوەشی خستەڕوو، ھەفتەی ئایندە لە ڕۆژی یەکشەمەوە 12/5/2024 لە ئەنجامی ھاتنی بارستەھەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەراستەوە بۆ سەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە کاریگەری ئەو بارستە ھەوا گەرمە کەمدەبێتەوە، تاوە باران و ھەورەبروسکەش لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر دەستپێدەکاتەوە، بۆ ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە پلەکانی گەرما نزمبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبێنێت لەگەڵ بەردەوامی دۆخی لاوازی ناجێگیری کەشوھەوا، ھەورەبروسکە و نمەباران لە شوێن و کاتی جیاجیادا چالاک دەبێت، لەناوچە شاخاوییەکان ھەندێک کات تاوە بارانی بەخوڕیش دەبارێت و تا ئێوارەی سێشەممە بەردەوامی دەبێت.

 

مەلا بەختیار: بە بێ پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن ناکرێت
پێشت مەلا بەختیار: بە بێ پارتی و یەکێتی هەڵبژاردن ناکرێت
ئاگادارییەک بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر بڵاوکرایەوە
دواتر ئاگادارییەک بۆ شۆفێرانی بارهەڵگر بڵاوکرایەوە
ەیوەندیدار