دوای گیان لەدەستدانی ڕەئیسی.. چارەنووسی دەسەڵات لە ئێران چی لێدێت؟



پاش گیان لەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی، لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا شوێنگرەوەیەکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە کە دوێنێ یەکشەممە، ئیبراهیم ڕەئیسی و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.

ئاژانسی هەواڵی “ئیرنا”ی ئێرانی بڵاویکردەوە، دوای گیان لەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی و هاوەڵەکانی، ئەنجومەنی حکومەت لە کۆبوونەوەدایە، وادە و شوێنی مەراسیمی ماڵئاوایی بۆ سەرۆک کۆمار و هاوەڵانی ڕادەگەیەنرێت.

بڕیارە یەکەمین کاندیدی جێگرەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی، محەمەد موخبیر پۆستی سەرۆکایەتی ئێران وەربگرێت.

وەک سەرۆکی کاتی و ئەندامی ئەنجوومەنێکی سێ کەسی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، ڕێکدەخات بۆ ئەوەی لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا لە دوای کۆچی دوایی سەرۆک کۆمار هەڵبژاردنی نوێی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەبچێت.

لە دوای مردنی سەرۆک کۆمار، بە پێی دەقی مادەی ١١٣ی دەستووری ئێران، سەرۆک کۆماری کۆمار لە دوای پۆستی ڕێبەر بە باڵاترین بەرپرسی وڵات دادەنرێت.

لە ماددەی ١١٣دا هاتووە، سەرۆک کۆمار بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی دەستوور و سەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، لە مادەی ١٣١ی دەستووری ئێراندا هاتووە کە ئەگەر سەرۆک کۆمار لە کاتی پۆستەکەیدا بمرێت، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار دەستبەکار دەبێت، بە پشتڕاستکردنەوەی ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی کە قسەی کۆتایی لەسەر هەموو کاروباری دەوڵەت هەیە.

ئەنجومەنێک کە لە جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری پێکدێت، لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ ڕێکدەخات.

ئیبراهیم ڕەئیسی لە ساڵی ٢٠٢١ بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا، بەپێی خشتەی ئاسایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بڕیار بوو ساڵی ٢٠٢٥ هەڵبژاردنێکی نوێ ئەنجام بدرێت، ئێستا پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای مانگی تەمموزدا ئەنجام بدرێت.

نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ كۆمارى ئيسلاميى ئێران ده‌كات
پێشت نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ كۆمارى ئيسلاميى ئێران ده‌كات
سەرۆکایەتییەکان و دوو وەزارەت مووچە وەردەگرن
دواتر سەرۆکایەتییەکان و دوو وەزارەت مووچە وەردەگرن
پەیوەندیدار