چی دەربارەی شیزۆفرێنیا دەزانیت؟



شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی مەترسیداری مێشکە کە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان واقیع بە شێوەیەکی نائاسایی لێکبدەنەوە. نازانن کە ئەو شتانەی دەی بینن یان دەی بیستن یان هەست بەو شتانەی چواردەوریان دەکەن ڕاستیە یاخود تەنها خەیاڵێکە کە مێشکیان دروستی دەکات.

شیزۆفرێنیا چیە؟

شیزۆفرینیا بەزۆری وەهم (بیروباوەڕی درۆ)، وڕێنەکردن (بینین یان بیستنی ئەو شتانەی کە بوونیان نییە)، جووڵەی نائاسایی و بیرکردنەوە و قسەکردنی شێواو و ناڕێکخراو لەخۆدەگرێت. باو و ئاساییە کە ئەو کەسانەی تووشی شیزۆفرینیا بوون قەلەقی بێ هۆکاریان هەبێت یان بێ هۆکار گوێیان لە دەنگ بێت. بۆ نموونە لەوانەیە پێیان وابێت کەسێک کۆنتڕۆڵی مێشکیان دەکات یان کەسێک زیانیان پێ بگەیەنێت. ئەم ڕووداوە دەروونییانە زۆرجار ترسناک و شڵەژاو و گۆشەگیرکەرن.

شیزۆفرینیا دەتوانێت ژیانی کەسێک لەڕادەبەدەر تێکبدات، بۆ نموونە چوون بۆ قوتابخانە یان کارکردن، پلان دانان، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، تەواوکردنی ئەرکەکانی ڕۆژانە، یان ئاگاداربوون لە خۆی قورس دەکات. بەڵام بە چارەسەری بەردەوام- تێکەڵەیەک لە دەرمان و چارەسەرکردن و پشتگیری کردنی لەلایەن کەسانی چواردەوری- ئەو کەسانەی کە تووشی شیزۆفرینیا بوون دەتوانن نەخۆشییەکە بەڕێوەببەن و ژیانێکی پڕ لە خۆشی بەڕێوەببەن.

چی دەبێتە هۆی شیزۆفرێنیا؟

کەس دڵنیا نییە کە هۆکاری شیزۆفرینیا چییە، بەڵام پێدەچێت پێکهاتەی بۆماوەیی و کیمیای مێشک ڕۆڵی هەبێت لەم نەخۆشیە. ملیۆنان ئەمریکی بەدەست شیزۆفرینیاوە دەناڵێنن و کاتێک مرۆڤەکان بۆ یەکەمجار تووشی نیشانە و ڕووداوەکان دەبن، لەوانەیە بە هۆکاری جۆراوجۆر بەدوای چارەسەردا نەگەڕێن. لەوانەیە نەزانن نەخۆشن، یان شەرم بکەن لەوەی کە نەخۆشییەکی دەروونی قورسیان هەبێت.

نیشانەکانی شیزۆفرێنیا

ملیۆنان ئەمریکی بەدەست شیزۆفرینیاوە دەناڵێنن، کە بەزۆری لە نێوان تەمەنی ١٦-٣٠ ساڵان دەست پێدەکات. لە پیاواندا بەزۆری نیشانەکانی لە کۆتاییەکانی تەمەنی هەرزەکاری و سەرەتای بیستەکان دەست پێدەکات و لە ژنانیشدا لە ناوەڕاستی تەمەنی بیستەکانەوە تا سەرەتای تەمەنی ٣٠ ساڵان دەست پێدەکات.

نیشانەکانی شیزۆفرینیا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و ڕەنگە بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕێت. هەندێک کەس یەک ڕووداوی دەروونییان هەیە، لە کاتێکدا هەندێکی تر بە درێژایی ژیانیان ئەزموونی زۆرێک لە ڕووداوە دەروونیەکان دەکەن. کاتێک مرۆڤەکان بۆ یەکەمجار تووشی نیشانە و ڕووداوەکان دەبن، لەوانەیە بە هۆکاری جۆراوجۆر بەدوای چارەسەردا نەگەڕێن- ئینکاری ئەکەن لەوەی کە نەخۆش بن؛ شەرم دەکات لەوەی کە نەخۆشییەکی دەروونی هەبێت؛ یان درک بەوە ناکەن کە نیشانەکانی شیزۆفرینیایان تیا بەدی دەکرێت. لەوانەیە پێویست بە خەواندن لە نەخۆشخانە بکات لە کاتی ڕووداوی سەختدا بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی کەسەکە، خۆراکی دروست، خەوی پێویست و چەندەها شتی تر پێویستە.

نیشانەکانی کەسانی توشبوو ئەمانەن:

-بیرکردنەوە لە شتەکانی چواردەوری بەهەڵە کە ناتوانرێت بگۆڕدرێت، تەنانەت کاتێک ڕاستییەکان دەخرێنەڕوو (وەهم دروست دەکەن).

-بینین یان بیستنی هەندێک شت کە بوونیان نییە، وەک دەنگێک کە قسەی لەگەڵ بکات (وڕێنەکردن).

-باوەڕییان وایە کە ئەوانی تر خەریکی خوێندنەوەنی مێشکیانن یان کۆنتڕۆڵکردنی مێشکیانن.

-بیرکردنەوە و قسەکردنی شێواو، لە بابەتێکەوە ئەچنە سەر بابەتێکی تر بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکی لۆژیکی بوونی هەبێت، یان قسەکردنی بابەتێک یان ڕستەیەک کە بۆ ئەوانی دیکە مانای نییە.

-سەختی قسەکردن و دەربڕینی هەست، هەروەها کێشەی سەرنجدان و یادەوەری و ڕێکخستن.

-جووڵەی نائاسایی، لەوانەش کرداری نەشیاو، دووبارەکردنەوەی، یان زیادەڕەوی یان کرداری نامۆ، یان نەبوونی جوڵە یان قسەنەکردن.

-کەمبوونەوەی توانای کارکردن بە شێوەیەکی ئاسایی، وەک پشتگوێخستنی پاکوخاوێنی یان نیشان نەدانی هەست.

چارەسەر

ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا بوون بۆ تەواوی ژیانیان پێویستیان بە چارەسەر هەیە. بەڵام تا زووتر چارەسەرکردن دەست پێبکات، چانسی چاکبوونەوەیان باشتر دەبێت و کوالیتی ژیانیان باشتر دەبێت. دەرمان و چارەسەرکردن دەتوانن یارمەتیدەر بن لە بەڕێوەبردنی نیشانەکانی شیزۆفرینیا و لە زۆر حاڵەتدا ئەو کەسانەی تووشی شیزۆفرینیا بوون دەتوانن بەدوای ئامانجەکانیان بگەڕێن و پەیوەندییەکی تەندروستیان هەبێت و کارەکانیان بهێڵنەوە و ئەندامی بەرهەمدار بن لە کۆمەڵگاکانیان.

دەرمان: دەرمانی دژە دەروونی یارمەتیدەرە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نیشانەکان- وایان لێدەکات کەمتر دەستتێوەردەر و تێکدەر بن. لەوانەیە پزیشکی دەروونی پێویست بکات دەرمانی جیاواز تاقی بکاتەوە، بە بڕی جیاواز، پێش ئەوەی کاریگەرترین دەرمان بدۆزێتەوە کە کەمترین کاریگەری لاوەکی هەبێت. دەکرێت چەند هەفتەیەک بخایەنێت تا هەست بە باشتربوونی نیشانەکانی نەخۆشییەکە بکرێت. بۆ ئەو کەسانەی کە وەڵامی دەرمان نادەنەوە، چارەسەری تەزووی کارەبایی (ECT) ڕەنگە بژاردەیەک بێت. ئەم تەکنیکی کارەباییەی مێشک بڕە کارەبایی بچووک بە مێشکدا تێدەپەڕێنێت بۆ ئەوەی نیشانەکانی شیزۆفرینیا کەم بکاتەوە.

چارەسەر: جگە لە دەرمان، چارەسەر ڕێنمایی و پاڵپشتی بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی شیزۆفرێنیا بوون و خێزانەکانیشیان دابین دەکات:

-چارەسەری تاکەکەسی (“چارەسەری قسەکردن”) یارمەتی خەڵک دەدات شێوازی بیرکردنەوەیان ئاسایی بێتەوە، ئاگاداری تێبینی نیشانەکانی پێشوەختەی دووبارەبوونەوەی نەخۆشییەکە بکەن و مامەڵە لەگەڵ فشاردا بکەن.

-چارەسەری خێزانیی پشتگیری و تێڕوانین و هۆشیاری پێشکەش بەو خێزانانە دەکات کە ڕووبەڕووی شیزۆفرینیا دەبنەوە.

ئەوەی دەتوانیت بیکەیت: خووەکانی ڕۆژانە جیاوازی دروست دەکەن

کاتێک دەرمان و چارەسەرکردن دەست بە کارکردن دەکەن، دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانی شیزۆفرینیا:

-سەرنجت لەسەر ئامانجەکانی چارەسەرکردنت بێت. ئامانجەکانت بە ئەندامانی خێزانەکەت یان هاوڕێکانت بڵێ تا بتوانن پشتگیریت بکەن.

-پابەند بە پلانی چارەسەرکردنەکەتەوە. تەنانەت ئەگەر نیشانەکان کەم ببنەوە، گرنگە بچیتە چارەسەرکردن و دەرمانەکانت بەپێی ڕێنماییەکان بخۆیت. کاتی دەرمانەکانت دیاری کە لەسەر ساڵنامە بۆ ئەوەی لەبیرت بێت دەرمانەکان بخۆیت.

-نیشانەکانی ئاگادارکردنەوەت بزانە. پلانێکت هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیشانەکان لەگەڵ سەرهەڵدانیان بۆ ئەوەی بتوانیت بە زووترین کات یارمەتی دروست وەربگریت.

-ئاگات لەخۆت بێت. تەندروستی جەستەیی تۆ بەشێکی گرنگە بۆ هەستکردن بە باشی. خۆراکی بەسوود بخۆ و وەرزش بکە و خەوێکی ڕێکت هەبێت. جگەرە مەکێشە، مەی و ماددە هۆشبەرەکانی تر بەکارمەهێنە.

-تەکنیکەکانی ئیسراحەت و بەڕێوەبردنی فشار بخەرە ناو ژیانتەوە. بە بەردەوامی ئەنجامدانی چالاکییەکانی وەک مێدیتەیشن، یان تای چی، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی فشار و دوورکەوتنەوە لە دەستپێکردنی ڕووداوێک.

-بەشداری گروپێکی پشتگیری بکە. چیرۆک و ئامۆژگاری لەگەڵ ئەو کەسانەدا بەش بکە کە تێدەگەن بە چیدا تێدەپەڕیت. یارمەتیدەرە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ یان فێربوون لە کەسانی دیکە کە تووشی شیزۆفرێنیا بوون.

-خۆت و کەسانی تر دەربارەی شیزۆفرینیا پەروەردە بکە. فێربوونی نەخۆشییەکە دەتوانێت هانت بدات بۆ جێبەجێکردنی پلانی چارەسەرکردنەکەت و هەروەها دەتوانێت یارمەتی خۆشەویستەکانت بدات کە زیاتر پشتیوان و بەزەییدار بن.

-پرسیار بکە دەربارەی هاوکاری خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم خزمەتگوزاریانە یارمەتیدەرن لە خانووبەرەی گونجاو، هەلی کار، گواستنەوە و چالاکییەکانی تری ڕۆژانە.

 

 

وەرگێڕ: شیلان نووری عزیز

سەرچاوە : https://www.samhsa.gov/mental-health/schizophrenia

 

 

 

 

 

 

لیڤەرکوزن بە بێ دۆڕان گەیشتە یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیا
پێشت لیڤەرکوزن بە بێ دۆڕان گەیشتە یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیا
پارێزگایەکی عێراق هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەغە دەکات
دواتر پارێزگایەکی عێراق هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەغە دەکات
ەیوەندیدار