چارەنووسی هاووڵاتییان لەنێوان قەیرانی مووچە و گرانی بازاڕ دایە



ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەی سلێمانی دوو بەرامبەر زیادی کرد، وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاری دا بە هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوە، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانیش دەڵێت، “سبەینێ نرخی کیلۆیەک تەماتە لەنێوان ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ دینار دەبێت”.

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز گرانبوونی نرخی کاڵا و ماددە خۆراکییەکان هاووڵاتییان نیگەران دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ نرخەی تەماتە دوو بەرامبەر زیادی کرد.

گرانبوونی نرخی کاڵا و ماددە خۆراکییەکان لەکاتێکدایە، کە هاووڵاتییان بە قەیرانی ئابووری و داراییدا تێدەپەڕن، لەناوەڕاستی مانگی ئادارداین، بەڵام مووچەی مانگی شوبات دابەشنەکراوە، دیاریش نییە کە ئاخو مووچەی مانگی داهاتووش کەی و بە چ شێوازێک دابەشدەکرێت.

مانگی ڕەمەزان بۆ موسڵمانان لە تەواوی جیهان مانگێکی پڕ خێر و بەرەکەتە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ نزیکبوونەوە ئەو مانگە پیرۆزە هاووڵاتییان ترسیان لێدەنیشێت بەهۆی گرانبوونی کاڵا و ماددە خۆراکییەکان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی گۆشت و مریشک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمڕۆش لە عەلوەی سلێمانی نرخی کیلۆیەک تەماتە لە ٧٠٠ دینارەوە بۆ ١٤٠٠ دینار بەرزبووەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەروەر عەتا، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەک تەماتە لە عەلوە لەنێوان ١٠٠٠ بۆ ١١٠٠ دینار بوو، لە نیوەڕۆدا نرخەکەی گەیشتە ١٤٠٠ دینار، لە دوکاندار و دەستگێڕەکانیش نرخەکەی لە ٢٠٠٠ بۆ ٢٥٠٠ دیناردا بوو.

ئاماژەی بەوەکرد، نرخی تەماتە پێشتر لەنێوان ٦٥٠ بۆ ٧٥٠ دیناردا بوو، دوێنێش لە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان نرخەکەی گەیشتە ٩٠٠ دینار.

لەبارەی هۆکاری گرانبوونی نرخی تەماتەوە وتی، هۆکارەکەی بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتە دەگەڕێتەوە، بەهۆی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزیشەوە خواستی هاووڵاتییان لەسەری زیادی کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەرهەمی ناوخۆیش لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هێندە نییە کە خواستی هاووڵاتییان پڕبکاتەوە، لەکاتێکدا بەروبوومی تەماتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە کەمییە، دەشبێت بۆ هەر ١٩ پارێزگاکەی عێراق تەماتە دابینبکرێت.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووریی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی لە هەڵگرتنی قەدەغەی سەر بەرهەمی تەماتەی لە دەرەوەی وڵات ئاگادارکردووەتەوە.

سەروەر عەتا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بڕیاری دا قەدەغەکردنەکەی لەسەر هەڵبگرێت، بۆئەوەی هەڵاوسانی نرخ نەمێنێت و نرخی تەماتە هەرزانببێتەوە، بڕیارە ، تەماتە لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە بکەین لەبەرئەوەی دراوی ئێران بۆ ئێمە گونجاوە.

سەبارەت بە بەرهەمی ناوخۆی تەماتەش لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمی تەماتەمان لەم کاتەدا نییە، هاوکات خانووە پلاستیکییەکانی ئێمە تەنها بۆ ئەو وەرزێکی دیاری کراوە، هیچ کاریگەرییەکی بۆ زیادکردنی بەرهەم لە وەرزەکانی دیکەدا نییە، ئەگەر بیانەوێت بۆ وەرزەکانی تر بەکاری بهێنن پێویستی بە وزە و سووتەمەنییە، ئەوەش گراندەکەوێت.

لەبارەی نرخی تەماتە بۆ ڕۆژانی ئایندە ئاشکرای کرد، لە ئێستاوە بەهۆی بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە نرخی تەماتە لە ١٤٠٠ دینارەوە هاتەوەخوار بۆ ١٠٠٠ دینار، سبەینێ نرخی کیلۆیەک تەماتە لە عەلوەدا لەنێوان ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ دینار دەبێت، لە دوکانەکانیش لە ٧٥٠ دینار بۆ ١٠٠٠ دینار دەبێت.

هاوکات لە ماوەی ڕابردوودا، نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور بۆ نزیکەی ٢٥ هەزار بەرزبووەوە، نرخی کیلۆیەک مریشکیش گەیشتە ٤ هەزار دینار، وەزارەتی کشتوکاڵ چەندین ڕێکاری بۆ دابەزاندنی نرخەکان گرتەبەر، بەڵام هاووڵاتییان نیگەرانن لەوەی قەیرانی مووچە گرانی بازاڕیشی هاتووەتەسەر.

تورکمانەکان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ڕاگەیاند
پێشت تورکمانەکان بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان ڕاگەیاند
دادگای فیدراڵی دەربارەی کشانەوەی دادوەرە کوردەکە ڕوونکردنەوە دەدات
دواتر دادگای فیدراڵی دەربارەی کشانەوەی دادوەرە کوردەکە ڕوونکردنەوە دەدات
ەیوەندیدار