بانكی ناوەندی بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بڕیاریدا



پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئاشکرای دەكات، یەدەگی پێویستیان هەیە بۆ ئەوەی دۆلار بە نرخی فەرمی بفرۆشن و دەشڵێت: بە هیچ شێوەیەک سنووردارکردن بۆ کارەکانی فرۆشتنی دۆلار نییە، بوڵكو ڕێگریمان كردووە لە یاری پێوەكردنی.

عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاند، سەرۆکی حکومەت زۆر پاڵپشتی پرۆسەی گواستنەوە بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکات و کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەک و بەردەوام ئەنجام دەدات بەمەبەستی بەهێزکردنی ڕێکارەکانی پەیوەست بەم بابەتە، هەنگاوی گرنگمان ناوە لە ڕێکخستنی پارەی ئەلیکترۆنی لەسەر ئاستی کۆکردنەوە و پارەدان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، جگە لەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆمەڵێک پاکێج و بڕیاری گرنگی پەسەند کرد، کە ئاسانکاری بۆ ئەم پرۆسەیە دەکەن، هاووڵاتی باجی لێ‌ وەرناگیرێت لەكاتی پارەدانی ئەلیكترۆنیدا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بانکی ناوەندی هیچ کێشەیەکی لە پێشکەشکردن یان فرۆشتنی دۆلاردا نییە، هەروەها بە هیچ شێوەیەک سنووردارکردن بۆ کارەکانی فرۆشتنی دۆلار نییە و سنوورێکی کەمترمان بۆ بازرگان و هاوردەکاران یان بەکارهێنەرانی دۆلار دانەناوە لە پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی، بەڵام ڕێگرییمان کردووە یاری بە دۆلارەوە بکرێت.

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق وتیشی، “هەندێک گرووپ هەوڵ دەدەن، لە سەکۆی فرۆشتنی دۆلار دوور بکەونەوە، ئەوەش بە هۆکاری جیاواز، چ بۆ خۆدزینەوە لە باج و گومرگ، یان لەبەر بوونی بازرگانیی نایاسایی، بۆ نموونە، بازرگانی هۆشبەرەكان ناتوانێت دۆلار لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە بگوازێتەوە، یان ئەگەر پارەی گەندەڵیی بێت، ناتوانرێت لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە بگوازرێتەوە.”

سەبارەت بە ناجێگیری نرخی دۆلار، ئاشكرای كرد، ‌بانکی ناوەندی یەدەگی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی دۆلار بە نرخی فەرمی بفرۆشێت، بەلام هەندێک وڵات هەن، کە یەدەگی پێویستیان نییە بۆ وەڵامدانەوەی داواکاری فرۆشتنی دۆلار، هەربۆیە لەنێوان نرخی هاوتەریب و فەرمیدا جیاوازی زۆر هەیە.

سەبارەت بە دابینکردنی دۆلار بۆ گەشتیاران، عەللاق وتی، “دوای ئەو ئەزموونەی، کە لە چۆنیەتیی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران و هاووڵاتییان هەمانبوو، تێبینیی زۆرمان كرد، کە زەحمەتە گەشتیاری ڕاستەقینە دۆلار بەدەست بهێنێت، هەر بۆیە ئێمە کۆبوونەوەیەکمان لەمبارەیەوە هەبوو، بە میکانیزمێکی نوێ کۆتایی پێ دەهێنین، دوای پەرەپێدانی بەرنامەکانی پەیوەست بەم بابەتە، کە بەپێی ئەوە، تەنیا گەشتیاری ڕاستەقینە دۆلار وەردەگرێت”.

دەشڵێت: “یەکێک لەو شتانەی یارمەتیدەر بووە بۆ هێورکردنەوە و دڵنیاکردنەوەی بازاڕ، سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕ و دابینکردنی بژاردەی پارەدانە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، دوای دراوەکانی وەک یۆرۆ، درهەم، لیرەی تورکی و ڕوپییەی هیندیی، کە فراوانتر دەبن.”

 

عێراق و ئێران لەبارەی دەروازە سنوورییەکانەوە ڕێککەوتن
پێشت عێراق و ئێران لەبارەی دەروازە سنوورییەکانەوە ڕێککەوتن
كچێك لە قەڵادزێ پەینی ئەندامی بەرهەم دەهێنێ
دواتر كچێك لە قەڵادزێ پەینی ئەندامی بەرهەم دەهێنێ
ەیوەندیدار