دوای 7 ساڵ كوردێك دەبێتەوە بە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك



دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 7 ساڵ بەسەر ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 و كۆنتڕۆڵ كردنی كەركوك لەلایەن سوپای عێراقەوە و پەك كەوتنی كارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، كوردێك لە فراكسیۆنی “كەركوك هێز و ئیرادەمانە” لە پشكی یەكێتی دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

پێش ڕیفراندۆمی مانگی ئەیلوولی 2017 و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ئەو ساڵە، كە سوپای عێراق كۆنتڕۆڵی شارەكەی لەدەست هێزەكانی پێشمەرگە سەندەوە، كە لە 2014ەوە لەدەست داعش پاراستبوویان، پێش ئەو ڕووداوانە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كورد بوو (ڕێبوار تاڵەبانی) و پارێزگاریش كورد بوو لە پشكی یەكێتی (نەجمەدین كەریم)، بەڵام دوای ڕووداوەكان ئەو پۆستە گرنگانە لە كورد سەندرانەوە و لەلایەن ڕاكان جبوری، پارێزگار بەوەكالەت-ەوە بەڕێوەبرا و ئەنجوومەنی پارێزگاش پەكخرا.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ئەمڕۆ ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لە بەردەم سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك سوێندی یاساییان خواردووە و بەوەش سیفەتی ئەندامێتی ئەنجوومەنیان وەرگرت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ڕاكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت و كاندیدی دەرچوو لەسەر لیستی عەرەبی نەچۆتە دادگا بۆ سوێند خواردنی یاسایی و بەوەش تاوەكو ئێستا نەبۆتە ئەندامی ئەنجوومەن.

لە مانگی ڕابردوودا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بە ناوچە كوردستانییەكانیشەوە جگە لە سنووری هەرێمی كوردستان ئەنجام درا و لە كەركوك كورد 8 كورسی لە كۆی 15 كورسی پارێزگاكە بەدەستهێنا و بووە زۆرینە (یەكێتی 6 كورسی و پارتی 2 كورسی).

بەپێی یاسا لەدوای سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەماوەی 10 ڕۆژدا پێویستە پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كاندیدە دەرچووەكان كۆبكاتەوە و یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەستپێبكات، بەڵام ئەگەر پارێزگاری بەوەكالەت بەو ئەركە هەڵنەستا، یاسا دەسەڵاتی داوەتە كاندیدە دەرچووەكان خۆیان كۆببنەوە و بڕیار لە یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بدەن.

(خەڵك) زانیویەتی، “ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك تاوەكو پێنج شەممەیان دیاری كردووە تاوەكو ڕاكان جبوری كۆبوونەوە ئەنجام بدات، لەحاڵەتی ئامادەنەبوونی جبوری، ئەوا (پەروین فاتیح)، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پشكی یەكێتی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكە دەكات” بەوەش دوای نزیكەی 7 ساڵ ئەو پۆستە دەدرێتەوە دەست كوردێك.

لە لێدوانێكی پێشوویدا د. ئەحمەد فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە (خەڵك)ی ڕاگەیاندبوو، بۆ ئەنجامدانی یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك سەرەتا بەپێی یاسا چاوەڕێی بانگەوازی ڕاكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت دەكەین، ئەگەر بانگەوازی نەكرد، ئەوا تا 8ی 2ی 2024 دەست بە یەكەم كۆبوونەوە دەكەین.

وتیشی، ” یەكێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن شایستەی یەكێتییە”.

مامۆستا پەروین فاتیح جەباری، لێپرسراوی یەکەی سەرپەرشتیاری سەرەتایی له‌ په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك بووە و ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكە لە فراكسیۆنی یەكێتی “كەركوك هێز و ئیرادەمانە”.

پەروین فاتیح

ڕێككەوتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە ڕاگەیەنرا
پێشت ڕێككەوتن بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە ڕاگەیەنرا
عێراق هاوشێوەی هەرێم بایۆمەتری بۆ فەرمانبەران دەكات
دواتر عێراق هاوشێوەی هەرێم بایۆمەتری بۆ فەرمانبەران دەكات
ەیوەندیدار