عێراق دوو پێشنیار بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران ڕادەگەیەنێت



ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێشنیارەكانی حكومەتی عێراقی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، دوو پێشنیار خراوەتەڕوو بۆ چارەسەری ئەو پرسە، بەڵام حكومەتی هەرێم رازی نەبووە بە پێشنیارەكانی بەغدا.

موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، لە كۆبوونەوەكاندا حكومەتی عێراق بە شاندی حكومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە، بۆ چارەسەری كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، مووچەی 680 هەزار فەرمانبەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵیەوە خەرج بكرێت، ئەم پێشنیارەش لە لایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاڕاستەی حكومەتی عێراق كراوە.

ڕاشیگەیاندووە، دەتوانرێت لە ماوەیەكی نزیكدا ئەم پێشنیارە جێبەجێ بكرێت لایەن حكومەتی عێراقەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، شاندی هەرێم داوایان لە حكومەتی عێراق كردووە یاسای بودجە بە شێوەیەك هەموار بكرێتەوە، كە مانگانە 913 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان زامن بكات، بەڵام لە بەرامبەر ئەو پێشنیارەدا، بەغدا وتویەتی ئەوان دەتوانن 750 ملیار دینار بنێرن و حكومەتی هەرێم خۆی كورتهێنانەكە لە داهاتی ناوخۆ تەواو بكات و كێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە تا ئێستا مووچەی 3 مانگی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێم نەدراوە و تا ئێستا ناكۆكی لەسەر ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، بەجۆرێك حكومەتی هەرێم بەپێی سیستمی بایۆمەتری ڕایگەیاندووە، كە یەك ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆری هەیە، بەڵام حكومەتی عێراق پێی وایە 680 هەزار فەرمانبەر هەیە.

ماوەی دوو ڕۆژە شاندێكی حكومەتی هەرێم لە بەغدایە بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر پرسی هەمواری بودجە بۆ لابردنی مووچە لەسەر خەرجی كرداری و زیادكردنی پارەی حەقدەستی كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت.

دكتۆر عەلی قەرەداغی وەك سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان هەلبژێردرا
پێشت دكتۆر عەلی قەرەداغی وەك سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان هەلبژێردرا
“ھەموو فەرمانبەرانی ھەولێر بوونەتە خاوەنی ھەژماری من”
دواتر “ھەموو فەرمانبەرانی ھەولێر بوونەتە خاوەنی ھەژماری من”
ەیوەندیدار