دكتۆر عەلی قەرەداغی وەك سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان هەلبژێردرا



كوردێك بۆ یەكەمین جار لە مێژووی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵماندا بووە سەرۆكی ئەو ڕێكخراوە ئیسلامییە و ئەمڕۆ لە شەشەمین كۆنگرەدا بە بەشداری 600 ئەندام، متمانەی دەنگی 91%ی ئامادەبووانی بەدەستهێنا.

سامان حەمەكەریم، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی د. عەلی قەرەداغی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە 8ی 1ی 2024 لە دەوحەی پایتەختی وڵاتی قەتەر، پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرەداغی، كە پێشتر ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمانی هەبوو، لە كۆنگرەی شەشەمی ڕێكخراوەكەدا بە سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان هەڵبژێردرا.

ڕاشیگەیاند، ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەی شەشەمی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان پێكهاتبوو لە زیاتر لە 600 ئەندام و توانی ڕێژەی 91%ی دەنگەكانی كۆنگرە بەدەست بهێنێت و ببێتە سەرۆكی ڕێكخراوەكە.

وتیشی، “لەدوای دروستبوونی ڕێكخراوەكەوە لە ساڵی 2011ەوە بارەگای سەرەكی چۆتە وڵاتی قەتەر، د. عەلی قەرەداغی بۆ سێ‌ خوول ئەمینداری گشتی بووە و لەم كۆنگرەیەشدا بووە سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، كە بۆ یەكەمجارە لە مێژوووی دروست بوونی ئەو ڕێكخراوە كوردێك ئەو پۆستە وەربگرێت”.

ژیاننامەی د. عەلی قەرەداغی:
دكتۆر عەلی قەرەداغی لە گوندی نەوتی سەر بە شارۆچكەی قەرەداغی پارێزگای سلێمانی لە مانگی تەمموزی ساڵی 1949 لە خێزانێكی ئاین پەروەر و نیشتیمان پەروەر و زانست دۆست چاوی بە دنیا هەڵهێناوە.

سەرەتای فێربوون و خوێندنی زانستەكانی لە زێدی خۆی لە گوندی نەوتی دەستپێكرد، لەو ماوەیەدا هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەركردووە. دواتر چووەتە سلێمانی و مۆڵەتی 12 زانستی لەسەر دەستی (مامۆستا شێخ مستەفا قەرەداغی) وەرگرتووە، لە خزمەتی مامی شێخ نەجمەدین و زۆربەی زاناكانی سلێمانی وانەی خوێندووە. دواتر چووەتە شاری بەغداد و لە خزمەتی كۆمەڵێك گەورە زانای بەناوبانگی عێراق و كوردستاندا درێژەی بە خوێندنی زانستەكان داوە، لەو مەلا و زانا گەورانە، جەنابی (مەلا عبدالكریمی مودەڕیس) و جەنابی (مامۆستا شێخ عبدالقادر)ی وتاربێژ.

لە ساڵی 1969 پەیمانگای ئیسلامی تەواو كردووە و یەكەمی پەیمانگا بووە، یەك ساڵ دوای ئەوە لە ساڵی 1970 مۆڵەتی زانستی مەلایەتی وەرگرتووە. دواتر پەیوەندی كردووە بە كۆلێژی ئیمام ئەعزەم لە بەغداد بۆ خوێندنی بەكالۆریۆس لە شەریعەتی ئیسلامیدا لە ساڵی 1975، بە پلەی نایاب كۆلێژی ئیمام ئەعزەمی تەواو كردووە.

لە ساڵی 1980 ڕوو دەكاتە وڵاتی میسر و لەوێ بڕوانامەی ماستەری بە پلەی نایاب لە فیقهی بەراوردكاریدا لە كۆلێژی شەریعە و قانون لە زانكۆی ئەزهەر بەدەست دەهێنێت. دواتر لە ساڵی 1985 لەهەمان كۆلێژ و لەهەمان زانكۆ، لە بواری (گرێبەست و مامەڵە داراییەكان)دا بڕوانامەی دكتۆرای بە پلەی نایاب لەگەڵ روتبەی یەكەمی شەرف بەدەستهێناوە.

لەساڵی 1988لەگەڵ كۆمەڵێك زانا و ڕۆشنبیری كورد ڕێكخراوی ڕابیتەی ئیسلامی كوردیان دامەزراند و تائێستا ئەم ڕێكخراوە خێرخوازیە زیاتر لە 1540 پڕۆژەیان پێشكەش كوردستان كردووە .

لە ساڵی 2004 لەگەڵ كۆمەڵێك زانای جیهانی، یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمانیان دامەزراندووە، لە ساڵی 2011 بووەتە ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان تا ساڵی 2024، لەهەمان ساڵ بە متمانەی زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرە بۆتە سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان.

د. عەلی قەرەداغی خاوەنی زیاتر لە 100 توێژینەوە و دەیان كتێبن بە زمانی عەرەبی و بەشێك لە كتێبەكانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی كوردی و زمانەكانی تر.

ژمارەیەك لەو پۆست و بەرپرسیارێتیانەی، كە دكتۆر عەلی قەرەداغی وەریگرتووە:
• ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان.
• جێگری ئەنجوومەنی ئەوروپی بۆ فەتوا و توێژینەوە.
• مامۆستا و سەرۆك بەشی كۆلێجی شەریعە و یاسا و دیراساتی ئیسلامی لە زانكۆی قەتەر.
• سەرۆكی ئەنجوومەنی ئەمیندارێتی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییە لە كوردستانی عێراق.
• سەرۆكی ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی (رابیتەی ئیسلامی كوردی پێشوو).
• سەرۆك یان ئەندامی جێبەجێكردنە لە كۆمەڵێك دەستەی فەتوا و چاودێری شەرعی لە كۆمەڵێك بانكی ئیسلامی و كۆمپانیای ئیسلامی لەناو قەتەر.

پەتای “كۆرۆنای خەڵەتێنەر” بڵاودەبێتەوە
پێشت پەتای “كۆرۆنای خەڵەتێنەر” بڵاودەبێتەوە
عێراق دوو پێشنیار بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران ڕادەگەیەنێت
دواتر عێراق دوو پێشنیار بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران ڕادەگەیەنێت
ەیوەندیدار