وەزیری كارەبا كێشەی كەمی كارەبای نیشتمانی ئاشكرادەكات



وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی قەیرانی دارایی و سووتەمەنییەوە ناتوانن كارەبای زیاتر بەرهەم بهێنن و جەختیشدەكاتەوە، هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری كارەبا بەرەو دۆخێكی باشتر ببەن.

كەمال محەمەد، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، زۆربەی یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبایان لە گازوایلەوە گۆڕیوە بۆ غازی سروشتی و چەند گرێبەستێکیان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا واژۆکردووە.

وتیشی، “چەندین وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لە دامەزراندندان به قەبارەی ٣٠٠ میگاوات لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك، ئەمە جگە لە وێستگەی دێرەلۆك لە پارێزگای دهۆك، كە لە ڕێگەی ئاوەوە بە توانای 37 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت”.

لەبارەی وێستگەی دێرەلوکەوە وتیشی، “ئێستا لە دوو یەکەی ئەو وێستگەیە یەکەیەکی کەوتووەتە کار و یەکەکەی دیکەیشی لە ئیشپێکردنی ئەزموونیدایە و چوار گرێبەستیان بۆ بەرهەمهێنانی ٣٠٠ مێگاوات كارەبا واژۆكردووە”.

كەمال محەمەد، باسی لەوەشكرد، ڕێنماییان دەركردووە بۆ پێوانەکردنی كارەبای زیادەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر.

لەبارەی كێشەی كەمیی كارەباشەوە، وەزیری كارەبا ڕایگەیاند، لەم کابینەیەدا توانیویانە ئاستی ژێرخانی كارەبا بگەیەنینە 7 هەزار و ٤٠٠ مێگاوات كارەبا، بەڵام لە هەرێم كێشەی قەیرانی دارایی و سووتەمەنی هەیە و ناتوانن زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ بۆ سێ هەزار ٦٠٠ مێگاوات بەرهەم بهێنن.

دەشڵێت، “ئەمەش بەرهەمهێنانێكی كەمە ئەگەر بەراورد بكرێت بە هەڵكشانی خواست و زیادبوونی هاوبەشانی كارەبا و داواكاریی كارەبا لە لایەن هەموو پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و كارگە و بوارەكانی دیكەی پڕۆژەكانەوە.”

جەختیشی كردەوە، هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری كارەبا بەرەو دۆخێكی باشتر ببەن.

 

ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی ئەوەی ئۆتۆمبێل بەنزینی زۆری بوێت
پێت ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی ئەوەی ئۆتۆمبێل بەنزینی زۆری بوێت
تەندروستی ئامادەكاری بۆ وەرزی حەج ڕاگەیاند
دوات تەندروستی ئامادەكاری بۆ وەرزی حەج ڕاگەیاند
پەیوەندیدار