خۆپیشاندانی جەماوەری ئەنجامدەدرێت



دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن ڕایگەیاند، تاکە خزمەتگوزاریی سەرەتایی دابینکردنی کارەبای هەمیشەییە لە پێنجوێن، بەڵام هەموو ساڵێک لەم وەرزی سەرمایەدا ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک دەیکوژێننەوە، هەر بۆیە خۆپیشاندانی جەماوەری ئەنجامدەدەین.

دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن له‌ په‌یامێکدا‌ كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ حكومییه‌كان كراوه‌، ڕایگەیاند، “پێنجوێن پەیڕەوی بەکارهێنانی جۆزەی (١٦) ئەمپێری کردووە، بڕی پێدانی کارەبای بەراورد بە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێم کەمترە، ئەگەر کەمتەرخەمیش لە ئیدارەدانی کارەبا و دروست بوونی هۆکاری زیادەڕۆیی کارەبا هەبێت، ئەوە لایەنی پەیوەندیدار و بەتایبەت فەرمانگەی کارەبا لێی بەرپرسە، کە لەماوەی ١١مانگی ڕابردوو نەیانتوانیووە جڵەوی کارەبای پێنجوێن بکەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “جیگەی داخە کە هەموو ساڵێک هاووڵاتیان ناچار دەکەن، کە بۆ داواکردنی ئەم مافە سەرەتاییە چەندان شەو و ڕۆژ لەم وەرزی سەرمایەدا لەسەر شەقام بمێنێتەوە”.

لە کۆتایی پەیەمەکەدا ڕایانگەیاند، “نائومێدبووین لە هەوڵەکانمان بۆیە بڕیارماندا (ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی١١ی٢٠٢٣) هەڵوێستی مەدەنی بۆ داواکارییەکانمان بگرینەبەر و خۆپیشاندانی جەماوەری لە شاڕێگای ملەکەوە ئەنجامبدەین.”

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن:

بەناوی خودا…

بەڕێزان:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وەزیر و بریکاری وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان

پارێزگاری پارێزگای سلێمانی

بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی

قائیمقامی قەزای پێنجوێن

فەرمانگەی کارەبای پێنجوێن

زۆر بەڕاشکاوی دەڵێن پێنجوێن سەرباری ئەوەی دوو مەرزی نێودەوڵەتی وەک سەرچاوەی داهاتی تێدایە، بەم هۆیەوە بۆتە ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگی بارزگانی و ئابووری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ماوەی (١٠) ساڵە هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری بۆ نەکراوە، ئەوەی کە هەیە، تەنها کارەبای هەمیشەیی و کردنەوەی فەرمانگەی چاکسازی ڕێگاوبانە، ئەویش بە داوا و هەڵوێستی خەڵک بووە.

بەڵام وەک دەبینین تاکە خزمەتگوزاریی سەرەتایی کە دابین کردنی کارەبای هەمیشەییە پێمان ڕەوا نابینن، هەموو ساڵێک لەم وەرزی سەرمایەدا ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک لێمان دەکوژێننەوە.

لە کاتێکدا پێنجوێن لەچاو شوێنەکانی دیکەی هەرێم هیچ جێگرەوەیەکی کارەبای نییە و کارەباش تەنها سەرچاوەی خۆ گەرمکردنەوەی هاوڵاتیانیەتی، هەروەها پەیڕەوی بەکارهێنانی جۆزەی (١٦) ئەمپێری کردووە، واتە بڕی پێدانی کارەبا بۆ هەر بەشداربوویەک بەراورد بە شار و شارۆچکەکانی دیکە هەرێم کەمترە.

ئەگەر کەمتەرخەمیش لە ئیدارەدانی کارەبا و دروست بوونی هۆکاری زیادەڕۆیی کارەبا هەبێت، ئەوە لایەنی پەیوەندیدار و بەتایبەت فەرمانگەی کارەبا لێی بەرپرسە، کە لەماوەی ١١مانگی ڕابردوو نەیانتوانیووە جڵەوی کارەبای پێنجوێن بکەن، ئیتر بۆ دەبێت هاوڵاتیان باجەکەی بدەن!

جیگەی داخە کە هەموو ساڵێک هاووڵاتیان ناچار دەکەن، کە بۆ داواکردنی ئەم مافە سەرەتاییە چەندان شەو و ڕۆژ لەم وەرزی سەرمایەدا لەسەر شەقام بمێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی سوپاسی هەموو هەوڵەکانی چاککردنی کارەبای پێنجوێن دەکەین، بەڵام دوای نائومێد بوونی هەوڵەکان و دوای ڕەچاوکردنی دۆخی کەشوهەوای پێنجوێن و هێشتنەوەی دەرفەتێکی دیکە بۆ هەوڵی ناوبراوانی سەرەوە بڕیارماندا (ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی١١ی٢٠٢٣) هەڵوێستی مەدەنی بۆ داواکارییەکانمان بگرینەبەر و خۆپیشاندانی جەماوەری لە شاڕێگای ملەکەوە بەڕێوە ببەین.

داواکارییە هەنووکەییەکانیشمان لەمانە پێکهاتوون:

١- دابەشکردن و پێدانی کارەبای پێنجوێن بگەڕێتەوە ئاستی پێشووی خۆی و بە هەمیشەیی و جێگیری بمێنێتەوە، ئەم کێشەیە بە یەکجاریی و ڕیشەیی چارەسەر بکرێت، یان هەر میکانیزمێک کە زامنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بکات.

٢- دابین کردن و خەرج کردنی گووژمەیەک پارە بۆ نۆژەن کردنەوە یان صیانەکردنەوەی کارەبای پێنجوێن، بۆ ئەوەی چیتر کارەبای ناو پێنجوێن و گوندەکان لە کێشە و گرفت بە دووربن.

٣- چالاککردنی لیژنەی بە دواداچوونی زێدەڕۆیی کارەبا و هەوڵبدرێت کارەبای ئەو شوێن و جێگایانەی کە زێدەڕۆییان کردووە یان پێویست نین، ببڕدرێت و سەرپێچیکاران سزای توند بدرێن.

٤- صیانەکردنەوەی تۆڕی ئاوی پێنجوێن.

٥- لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لەبەرپرسانی کەمتەرخەم و گەندەڵ بکرێت.

٦- جێبەجێکردنی پڕۆژەی جووت سایدکردنی ڕێگای پێنجوێن- سەیدسادق کە زیاد لە ٤ ساڵە بڕیاری لێدراوە و بودجەی بۆ تەرخانکراوە.

دوو خاڵ وەک جێگرەوە بۆ چارەسەرکردنیی گرفتی کارەبا پێشنیار دەکەین کە هیوادارین لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا کاری لەسەر بکرێت، چونکە دڵنیاین کێشەی (کارەبا و سەرچاوەی خۆگەرمکردنەوە)ی پێنجوێن بەیەکجاری چارەسەر دەکات:

١- ڕەزامەندیدان بۆ ڕاکێشانی بۆری غازی ماڵان لە وڵاتی ئێرانەوە، کە تەنها ٦ کیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دروورە.

٢- کارەبای پێنجوێن بخرێتەوە سەر وڵاتی ئێران، لەم حاڵەتەدا دەکرێت پەیڕەوی پێوەری زیرەک بکرێت.

دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن

پەیامی دانیشتوانی پێنجوێن و دەوروبەری

٢٤ی ١١ی ٢٠٢٣ز

٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ ک

پێنجوێن

 

هۆشدارى لە کاریگەرییەکانى شەڕى ئیسرائیل و حەماس لەسەر عێراق دەدرێت
پێشت هۆشدارى لە کاریگەرییەکانى شەڕى ئیسرائیل و حەماس لەسەر عێراق دەدرێت
ڕوسیا هاوکاری زیاتری ڕەوانەى کەرتی غەززە کرد
دواتر ڕوسیا هاوکاری زیاتری ڕەوانەى کەرتی غەززە کرد
ەیوەندیدار