٨٦ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەید ڕەزای دێرسم تێپەڕ دەبێت



ئەمڕۆ ٨٦ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەید ڕەزای دێرسمدا تێپەڕدەبێت کە ڕێبەرایەتی یەکێك لە شۆڕشە گەورەکانی باکووری کوردستانی کرد.

سەید ڕەزا  لەدایکبووی ١٨٦٣ دێرسیمە. سەید ڕەزا کوڕی سەیدا ئیبراھیمە. لە سەر دەستی ماموستایەک بە ناوی موحەممەد عەلی ئەفەندی فێری خوێندن بووە. موحەممەد عەلی زانستی ئایینی فێری سەید ڕەزا دەکات و ھەستی نەتەوایەتی لەناو دەروونیدا دروست ئەکات. لە دوای مردنی باوکی، پلەی سەیدی وەرگرت و لە ناو شاری ئاخداددا نیشتەجێ بوو.

لە ڕابردوودا زۆربەی کات هەرێمی دێرسم سەربەخۆیی خۆی پاراستووە، تەنانەت لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ماوەیەک لەلایەن دەوڵەتەوە بە ویلایەتی (کوردستان) ناودەبرا. دوای جەنگی یەکەمی جیهانییش خەڵکی هەرێمەکە بۆ بە دەستهێنانی سەربەخۆییان ڕاپەڕینێکیان دژی کەمالییەکان بە ناوی ڕاپەڕینی (کۆچگیری)ـیەوە بەرپاکرد، بەڵام ڕاپەرینەکە دڕندانە سەرکوتکار و ژمارەیەکی زۆریش ژن و منداڵ و خەڵکی ناوچەکە کوژران و گوندێکی زۆر سوتێندران و خەڵکێکی زۆریش ڕاگوێزان دەربەدەر بوون.

ئەم سیاسەتە پڕ لە زەبر و زەنگەی کەمالییەکان دژی کورد بەکاریان دەهێنا لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم، بەهۆی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردەوە بوو وەک شۆرشی شێخ سەعیدی پیران و شۆرشی ئاگری داخ و دواتریش ڕاپەڕینی دێرسم بە ڕێبەرایەتی سەید ڕەزای دێرسم.

لەگەڵ سەرەتای هاوینی ١٩٣٦ بارودۆخی هەرێمی دێرسم تێکچوو، بەهۆی ئەو هەموو هێزە سەربازییە و دام و دەزگا سەرکوتکەرانەی کە تورکیا لە ناوچەکە دایمەزراند و دواتریش ئەو گەمارۆ سەختەی کە سەرکردەی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکە (ئالب دۆغان) سەپاندبووی بەسەر دانیشتوانی ئەو هەرێمە، ئەم هۆیانە و زۆری تریش کە پەیوەندی بە سیاسەتی شۆڤینیانەی کەمالییەکانەوە هەبوو، بە هۆی بێزاری و ڕق و قینی کوردەکان بەرامبەر کەمالییەکان و بە ئاشکرا خەڵک ڕووبەڕووی کەمالییەکان دەبۆوە و ناڕەزاییان دەردەبڕی، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی مستەفا کەمال (ئەتاتورک) بەڕاشکاوی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەورەی نیشتیمانی تورکیا لە ساڵی ١٩٣٦ دا دەڵێت: (گرنگترین مەسەلەی باری ناوخۆی ئێمە گیروگرفتی دێرسمە، لەبەر ئەوە و بۆ بنبڕکردنی ئەو کوانە کوشەندەیە و بۆ ئەوەی بتوانین خێراتر بڕیاربدەین، پێویستە حکوومەت دەسەڵاتێکی فراوان  و بێ سنووری بدرێتێ).

هەروەها ئەو گرانی برسێتی و بێکاریەی کە لە ئەنجامی قەیرانی ئابووری جیهانی ساڵانی (١٩٢٩ – ١٩٣٢) دروستبوو، کوردستانیشی گرتبۆوە.

سەید ڕەزا بۆ ئەوەی ناوچەکە لە شەڕ دووربخاتەوە چەند جارێک نامەی بۆ (ئالب دۆغان) نارد، تەنانەت جارێکیان کوڕێکی خۆی نارد بۆ وتوێژ، بەڵام بە فێڵ گرتیان و دواتر کوشتیان. بۆیە شۆرش لە زستانی ١٩٣٧ز دا دەستی پێکرد. شۆڕشگێڕان چەندین سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر هێزەکانی تورکیا بەدەست هێنا، بۆیە تورکیا بڕیاری دا هێزێکی گەورەی پڕ مەشق و پشت ئەستوور بە چەکی قورس و فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی دەسیم بکات، تەنانەت سەرۆک وەزیران (عیسمەت ئینۆتۆ) خۆی سەرکردایەتی سوپای تورکیای گرتە ئەستۆ، لە پەلامارێکی گەورەدا رووبەرێکی فراوانی لە دارستان و کێڵگە و گوندەکانی دێرسمی ئاگرتێبەردا بەو بیانووەی شوێنی خۆ حەشاردانی شۆرشگێڕانە.

پاشان چەندین شەڕی قورسی نا هاوتا لە نێوان هەردوولا هەڵگیرسا و لە تیایدا کورد ئازایانە بەرگریان کرد، بەڵام لەبەرامبەر لەشکری گەورە و پڕچەک و مەشق پێکراو و فڕۆکەی جەنگی تورکیا نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن و تەنانەت لە شەڕێکیاندا سەید ڕەزا خۆی کە تەمەنی (٧٥) ساڵ بوو بە قورسی بریندار بوو.

زستانی ساڵی ١٩٣٧ زۆر سەخت بوو، خەڵکێکی زۆر ئاوارە و دەربەدەر ببون بێ جێگا و شوێنی حەوانەوە بوون و شۆڕشگێڕانیش ئازووقە و تەقەمەنیان زۆر کەم ببوو لە چیا سەختەکانی دێرسم. لەو کاتانەدا (ئالب دۆغان) نامەیەکی بۆ سەید ڕەزا نارد و بەناوی حکومەتی تورکیاوە ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ دەربڕی، بۆیە سەید ڕەزا بۆ گفتوگۆ چوو بۆ شاری (ئەرزنجان)ی باکووری کوردستان، بەڵام دەستبەجێ دەستگیریان کرد و بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

هەرچەندە بەپێی یاساکان نەدەبوو سەید ڕەزا لەسێدارە بدرێت، لەبەر ئەوەی تەمەنی لە سنووری سێدارەدان تێپەڕیبوو، بەڵام تورکەکان پابەندی ئەو یاسایە نەبوون و ڕۆژی ١٥ی ١١ی ١٩٣٧سەید ڕەزایان لەسێدارەدا.

“نۆ پڕۆژەی کارەبا بە بەهای ٣٤٠ ملیۆن دینار لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن”
پێشت “نۆ پڕۆژەی کارەبا بە بەهای ٣٤٠ ملیۆن دینار لە هەڵەبجە جێبەجێ دەکرێن”
پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ ڕۆژانی داهاتوو
دواتر پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ ڕۆژانی داهاتوو
ەیوەندیدار