حاكم قادر: پێویستە حكومەت مووچەی مامۆستایان و مووچەخۆران دابین بكات



 

حاكم قادر ڕایدەگەیەنێت، گازی سروشتی ھەرێم پرسێكی نێودەوڵەتییە و دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و دەشڵێت: “پێویستە حكومەت بە ھەر رێگەیەك بێت شایستە داراییەكانی مامۆستایان و مووچەخۆرانی ھەرێم دابین بكات”.

‌حاكم قادر حەمەجان، لە میانی بەشداریكردنی لە سیمینارێكی یاساییدا، كە بۆ ژمارەیەك یاساناس و خوێندكارانی بەشی یاسا سازكرابوو، باسی لە ئاستەنگیەكانی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری كرد و وتی، “تا دادگا سەربەخۆ نەبێت، ئەستەمە بتوانرێت دەسەڵاتێكی بەهێزی دادی بنیاتبنرێت، كە هەمووان لە بەردەمیدا یەكسان بن و دەبێت ڕۆڵی داواكاریی گشتی زیاتر كارابكرێت تا بتوانرێت دیاردە دزێوەكانی كۆمەڵگا چارەسەر بكات و ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە، چونكە هەتا یاسا سەروەر نەبێت، وەك یەك بەسەر هەمواندا جێبەجێ نەكرێت، ئەستەمە بتوانین ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە.”

باسی لە كۆبوونەوەكانی نێوان یەكێتی و پارتی كردوو ئەوەی دوپاتكردەووە، “هەمیشە دانوستان و گفتوگۆ ڕێگا چارەی كۆتاییە بۆ چارەسەری كێشەكان، بۆیە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسیە كوردستانییەكان بە تایبەت یەكێتی و پارتی بە نەخشە رێگەیەكی ھاوبەش رووبەڕووی ئەو ئاڵەنگاریانە ببنەوە كە دووچاری ھەرێمەكەمان بووەتەوە و لە ھەمانكاتدا خۆیان بۆ ھەر ئەگەر و ئاڵۆزیەك ئامادەبكەن، كە ڕوودەدات.”

حاكم قادر پشتگیری خۆی بۆ داواكانی مامۆستایان و مووچەخۆران و خوێندكاران دەربڕی و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، “خۆپیشاندانی شارستانی مافێكی سروشتیە لەپێناو داوا و داخوازییە ڕەوا و یاساییەكانی مامۆستایان و مووچەخۆرانی ھەرێم، بۆیە ناكرێت حكومەت تا سەر بێباك بێت لە ئاست داواكارییەكانیان، بەڵكو دەبێت بە خێراترین كات، بە ھەر رێگایەك بێت ماف و شایستە داراییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم دابین بكات و ھەروەھا ئەركە لەسەر حكومەتی عێراقیش شایستە داراییەكانی ھەرێم رەوانە بكات و ململانێ سیاسییەكان رێگرنەبێت لە ناردنی شایستە داراییەكانی ھەرێم.”

لە بارەی هەناردەی گازی سروشتی هەرێمیشەوە، ‌حاكم قادر پێداگری لەوە كرد، كە دەبێت ئەو دۆسییە بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، چونكە پرسێكی نێودەوڵەتییە بەر لەوەی پرسێكی ناوخۆیی بێت و ناكرێت هاوشێوەی دۆسییەی نەوت بە ناشەفافی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و لە ڕابردوودا بینیمان نەوت بە چ دەردێك برا و لە جیاتی سوود، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەری قەرزار بووە.”

ھێمای بۆ ئەوەشكرد، “پێویستە ئەو وادەییەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكراوە لەوە زیاتر دوانەخرێت، چونكە زۆرینەی دامەزراوەكانی هەرێم ماوەكەیان كۆتایی هاتووە و مافی گەلی كوردستانە نوێنەرانی خۆیان دیاری بكەن و چیتر هاووڵاتیان لەوە زیاتر نائومێد نەكەن بە دواخستنی هەڵبژاردن، ئەمە جگە لەوەی كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكات و قەوارەی هەرێمیش لە ئەنجامی دواخستنی زۆری هەڵبژاردن ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.”

لاهور شێخ جەنگی: سلێمانی تاسەر لە كەسی قبووڵ نەكردووە
پێشت لاهور شێخ جەنگی: سلێمانی تاسەر لە كەسی قبووڵ نەكردووە
لە هەرێم نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی
دواتر لە هەرێم نرخی زێڕ بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی
ەیوەندیدار