ئەمریکا وەزیری بەرگری ئیسرائیلی لە جەنگی حزبوڵا ئاگادارکردووەتەوە



وەزیری بەرگری ئەمریکا دەربارەی هێرشکردنە سەر لوبنان هۆشداری داوەتە هاوتا ئیسرائیلییەکەی و ئاگاداری کردووەتەوە لەوەی بەرەی جەنگ لە دژی حزبوڵادا فراوان نەکەن.

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بە پشت بەستن بە زانیاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا هۆشداری داوەتە یواف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل و ئاگاداری کردووەتەوە لەوەی بەرەی جەنگ لە دژی حزبوڵای لوبنانی فراوان نەکەن.

ماڵپەڕەکە ڕوونیشیکردەوە کە ئیدارەکەی جۆ بایدن نیگەرانە لەو هەڕەشانەی گالانت ئاڕاستەی حزبوڵایان دەکات و واشتن پێیوایە هەڕەشەکان جگە لە زیادکردنی پشێوی هیچی دیکەیان لێ ناکەوێتەوە.

گالانت بە هاوتا ئەمریکییەکەی ڕاگەیاندووە، سیاسەتی ئیسرائیل بەو ئاڕاستەیەدا نییە بەرەی جەنگی لوبنان لە دژی خۆی بکاتەوە، بەڵام ئەوەشی خستووەتەڕوو کە حزبوڵا بە زیادکردنی هێرشەکانی یاری بە ئاگر دەکات.

دوێنێش سەرلەنوێ وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەکانی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند حزبوڵا، لوبنان ڕادەکێشێتەوە نێو جەنگێکەوە کە لوبنانییەکان باجەکەی دەدەن و وتیشی: “حزبوڵا لە ئەنجامدانی هەڵەیەکی گەورە نزیک دەبێتەوە کە بە هەڵهاتنی دانیشتووانی بەیروت لە ماڵەکانیان کۆتایی دێت” وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی لە وەڵامی هێرشی حزبوڵادا، پایتەختی لوبنان دەکەنە ئامانج.

گالانت وتیشی: “هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا بۆ سەر کەرتی غەززە، کەمتر لە دە یەکی تواناکانی بەکاردەهێنێت و فڕۆکەکانیشمان بەرەو باکوور ئاڕاستە کردووە” کە مەبەست لێی لوبنانە.

دوو تۆمەتبار بە چەکی کڵاشینکۆفەوە دەستگیرکران
پێشت دوو تۆمەتبار بە چەکی کڵاشینکۆفەوە دەستگیرکران
یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کشایەوە
دواتر یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کشایەوە
ەیوەندیدار