پزیشكێك هۆشداری لە بەكارهێنانی حەبە “3 دەنكی و 6 دەنكییەكە” دەدات



بەهۆی هاتنی سەرما و وەرزی پاییزەوە، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان تووشی پەتا بوون و پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی هۆشداری دەدات لە بەكارهێنانی حەبی (ئەزیسرۆمایسین) كە بە حەبە “سێ دەنكی و شەش دەنكییەكە” ناسراوە و دەڵێت ئەم دەرمانە بۆ نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان نابێت.

د.زانیار ئاغال، پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای وەرزی بەشێك لە هاووڵاتییان ئەم دەرمانە بەكاردەهێنن كە پێی دەڵێن حەبە سێ دەنكییەكە یان شەش دەنكەكە بەپێی ژمارەی ناو پاكەتەكە، ئەم دەرمانە ئەزیسرۆمایسینە خۆی دەرمانێكی دژە بەكتریایە و بۆ نەخۆشی ئەنفلۆنزا نابێت، كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە.

ڕاشیگەیاندووە، زۆرجار خەڵك سەربەخۆ دەرمانەكە دەكڕێت، كە شتی وا لە هیچ سووچێكی ئەو وڵاتانەدا نییە، كە دەسەڵاتی تەندرووستی بەهێز بێت، چوونكە مرۆڤ نابێت بە بێ ڕەچەتەی پزیشك دەرمانی دژە بەكتریا بەكاربهێنێت. بە ئاساییش دەرمانەخانەكە پێی دەفرۆشێت، جا دەرمانخانەی دەرمانساز بێت كە پزیشكی دەرمانسازی هەیە یان دەرمانخانەی كارمەندی تەندرووستی بێت، لە هەردوو بارەكەدا هەر هەڵەیە.

د.زانیار ئاغال لە ڕوونكردنەوەكەیدا هۆشداری دەدات، كە:

١- ئەم دەرمانە وەكو وتمان بۆ ڤایرۆس نابێت، هیچ نەبێت لە سەرەتاوە بۆی نابێت، بەكارهێنانی وا دەكات لاشەت توانای بەرگری نەمێنێت بەرامبەر پەتا. جگە لەوە، وا دەكات لە كوردستان میكرۆبەكان چی تر نەكوژرێن بەم دەرمانانە.

٢- حەبی ئەزیسرۆمایسین، كارلێك دەكات لەگەڵ دەرمانەكانی دژە چەوری وەكو ئەتۆرڤاستاتین، بۆیە دەبێت بە چاودێری پزیشك بەكاربێت و تەنانەت زۆرجار پێویستە دەستكاری دەرمانی چەورییەكە بكرێت.

٣- دەرمانی ئەزیسرۆمایسین، سەر بە گرووپی ئەو دەرمانانەیە، كە كارەبا گەیاندنی دڵ درێژ دەكەنەوە لە هەندێك كەسدا كە نەخۆشییەكی دەگمەنی دڵیان هەیە. بەمەش ئەگەری تێكچوونی كارەبایی دڵ دەبێت.

ئەو پزیشكە جەختیشی كردۆتەوە، دەرمانی ئەزیسرۆمایسین یەكێكە لە دەرمانە باشەكان بۆ چارەسەری زۆربەی بەكتریاكان، زۆریش سەلامەتترە لە دەرمانە كۆنەكانی دژە بەكتریا، بەڵام بە مەرجێك تەنها پزیشك بۆت بنووسێت، چوونكە دەتوانێت هەڵسەنگاندن بكات بۆ هەموو ئەو پێشهاتانەی باسم كردن.

هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکە ئاشکرا کرا
پێشت هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکە ئاشکرا کرا
تەیموری تاقانەكەی ئەنفال دەستڕێژی گولـلەی لێكرا
دواتر تەیموری تاقانەكەی ئەنفال دەستڕێژی گولـلەی لێكرا
ەیوەندیدار