“مەسرور بارزانی هەموو هەوڵێکیداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە”



ئەندامێکی پارتی سەبارەت بە گرفتی مووچە دەڵێت، مەسرور بارزانی هەموو هەوڵێکیداوە بۆ چارەسەکردنی کێشەی مووچە، هاوکات پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، کێشەی مووچە کاتێک چارەسەردەبێت کە لەلایەن عێراقەوە دابەشبکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، دڵشاد شەعبان، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ئەستۆ ناگرێت.

دڵشاد شەعبان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی “بەغداد الیوم” ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ناردنی شاندێک و پێدانی هەموو زانیارییەک بۆ حکومەتی فیدراڵی بە مەبەستی خەرجکردنی مووچە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەوڵێک هەیە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە بۆ هاندان و خۆپیشاندان دژی پارتی دیموکرات، چونکە هۆکاری دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران دەخەنە ئەستۆی پارتی”.

وتیشی، لایەنی سیاسی لە بەغدا هەیە کە ئاستەنگ بۆ هەر ڕێککەوتنێکی نێوان بەغدا و هەولێر دروست دەکات و ئێمەش زۆرترین کاریگەریمان لەسەرە بەهۆی نەدانی مووچەوە.

چەند ڕۆژێک دەبێت مووچەی مانگی ئاب وەرگیراوە و چارەنووسی مووچەی مانگەکانی دیکەش بە نادیاری ماوەتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی چوارشەممە یوسرا ڕەجەب، کاندیدی سەربەخۆ بۆ پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، “قەیرانی مووچەی فەرمانبەران لە کوردستاندا کۆتایی نایەت جگە لەوەی مووچەی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق دابەشبکرێت”.

یوسرا ڕەجەب لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ “بەغداد الیوم” ڕایگەیاندووە، “سەرنجمان داوە حکومەتی عێراق چۆن ڕێز لە فەرمانبەران و خانەنشینان دەگرێت و بیر لە زیادکردنی مووچەکانیان و دابینکردنی قەرز دەکاتەوە”.

هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگی تشرینی یەکەم مووچەی مانگی ئاب-ی هاوین وەردەگرن، چارەسەری کێشەی مووچە تەنها دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیناندای هەرێمە ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە”.

سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە
پێشت سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە
مەسرور بارزانی: ڕاگرتنی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە
دواتر مەسرور بارزانی: ڕاگرتنی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە
ەیوەندیدار