مەسرور بارزانی: ڕاگرتنی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە



سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چەندین ملیار دۆلار زیانی بە گەنجینەی گشتی عێراق گەیاندووە و پێویستە هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبووەوە.
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دووپات کردەوە، “ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە”.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە.

لەوبارەیەشەوە مەسرور بارزانی، وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، خواستی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگای ده‌ستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە.

بڕیاریشدرا کە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە یاسایی و دارایی و تەکنیکیيەکان بدەن تاکوو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت.

“مەسرور بارزانی هەموو هەوڵێکیداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە”
پێشت “مەسرور بارزانی هەموو هەوڵێکیداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە”
کۆڕبەندی سامسۆنگ بۆ زیرەکی دەستکرد”ی 2023 بەردەوامە
دواتر کۆڕبەندی سامسۆنگ بۆ زیرەکی دەستکرد”ی 2023 بەردەوامە
ەیوەندیدار