دۆخی کورد لەناوچە جێناکۆکەکان چۆن دەبێت… هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان چی دەگۆڕێت؟



وابڕیارە لە 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە تەواوی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەرێوەبچێت، ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە کە لە کەرکوک ماوەی هەژدە ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام نەدراوە، لە ناوچە جێناکۆکانیش زیاتر لە دە ساڵە ، ئەمە جگە لەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار کراوەتەوە و کورسی پارێزگان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و کوردیش باڵادەستی لەو ناوچانە لەدەستداوە، بۆیە لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا دەکرێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش بۆ پارتە کوردییەکان گۆڕانی بەسەردا بێت.

 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، یاسای هەڵبژاردنەکانی هەمووار کردووەتەوە و بەپێی هەموواری سێیەمی ژمارە (12)ی ساڵی 2018 کورسی پارێزگاکانی دیاری کردووە،کە لە بڕگەی دووەمی مادەی نۆی یاساکەدا هەموو پارێزگایەک 12کورسی جێگیری بۆدانراوە، بەڵام ئەگەر هاتوو ژمارەی دانیشتوانی لە ملیۆنێک زیاتر بوو، ئەوا بۆ هەر 200 هەزار کەسێک کورسییەک زیاد دەکرێت، لەبەر رۆشنایی ئەم یاسایەدا جگە لە کۆتاکان کەرکوک 15 کورسی، موسڵ 26 کورسی، سەلاحەددین 15 کورسی، دیالەش 15 کورسییان بۆ دیاریکراوە، کە کۆی گشتی دەگاتە (71) کورسی.


هەرچی پەیوەست بە کەرکوکە، ئەوا ٢٤٨ کاندید، کێبڕکێی یەکدی دەکەن، کە لە 10 هاوپەیمانیەتی و 5 حیزب 3 کاندیدی سەربەخۆ پێکدێن، هەروەها پارتە کوردییەکانیش بە 3 هاوپەیمانێتی بەشداری دەکەن، کە بریتین لە (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) کە لە یەکێتی و هاوپەیمانەکانی پێکدێن، (پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانانی)، (هاوپەیمانی مەشخەڵ ) کە لە نێوان یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی پێکهێنراوە، ئەمە جگە لەوەی نەوەی نوێش خۆی بەشداری دەکات، هاوکات بزووتنەوەی گۆڕان و زەحمەتکێشانیش بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە.

دۆخی کورد لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە چۆن دەبێت؟

بۆ ئەوەی پێشبینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکەین، ئەوا دەبێت پشت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ببەستین، لێرەشدا چەند نموونەیەکی پارێزگای کەرکوک وەردەگرین، کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی 2005 کورد لە کۆی 9 کورسی 5 کورسی بەدەستهێنا، لە ساڵی 2010شدا لە کۆی 13 کورسی ئەنجومەنی نوێنەران 6 کورسی بەدەستهێنا، لە ساڵی 2014دا 8 کورسی و لە 2018، 6 کورسی بەدەستهێنا، کە لەو ساڵانەدا کەرکوک 13 کورسی بۆ دیاریکرابوو.

هەرچەندە کورد لە دوای ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە باڵادەست نەماوە، بەڵام ئەگەر ئەم ئامارە وەک نموونەیەک وەربگرین ئەوا کورد لە کەرکوک زۆرینە بەدەستدەهێنێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا و ئەنجامەکان هەرچۆنێک بێت،  چارەنوسی کەرکوک وەک خۆی دەمێنێتەوە، چونکە بەپێی مادەی 13 بڕگەی دووەم، “ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نابێتە بنەمای یاسایی بۆ دیاریکردنی چارەنوسی کەرکوک”، واتە ئەنجامەکان گۆڕانکاری لە پۆستەکان دەکات، بەڵام چارەنوسی پارێزگاکە ماددەی 140 دیاری دەکات.


کورد جگە لە کەرکوک لە موسڵ و سەلاحەددین و دیالەش بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکات، کە کۆی گشتیان (71) کورسییە، دەیەوێت لەم ناوچانە زۆرترین کورسی بەدەستبهێنێت، کە بە پشت بەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، دەکرێت 25 کورسی بەدەستبهێنن،کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان چاوی لە کەرکوکە و پارتی دیموکراتی کوردستان-یش چاوی لە موسڵە.

هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق ئەنجامدەدرێت و 134 لیست بەشداری دەکەن، کە 39 هاوپەیمانێتی و 29 حزب و 66 کاندیدی سەربەخۆ لەخۆ دەگرێت، هەروەها 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەریش مافی دەنگدانیان هەیە و دەنگ بۆ 275 کورسی پارێزگاکان دەدەن، کە 203 بۆ پیاوان و 72ی بۆ ژنانە، ئەمە جگە لەوەی 10 کورسی بۆ کۆتاکان دیاریکراوە، بەمەش کۆی کورسییەکان دەبێتە 285 کورسی.

ئامادەکردنی؛ گۆران قادر

میلیشیاکانی عێراق زیاتر لە ٤٠ هێرشیان کردووەتە سەر ئەمریکا
پێشت میلیشیاکانی عێراق زیاتر لە ٤٠ هێرشیان کردووەتە سەر ئەمریکا
ئایسەل توغڵوك ئازاد کرا
دواتر ئایسەل توغڵوك ئازاد کرا
ەیوەندیدار