میلیشیاکانی عێراق زیاتر لە ٤٠ هێرشیان کردووەتە سەر ئەمریکا



ھاوکات لەگەڵ بەردەوامی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، ھەروەھا ھێرشی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بەردەوامە و لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ٤٢ ھێرشیان ئەنجام داوە.

ھێرشی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بەردەوامە، ئەویش وەک کاردانەوەیەک لە ھەمبەر بەردەوامی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە.

لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا بە ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، ٤٢ ھێرش بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا ئەنجامدراون.

ئەو ھێرشانە لەلایەن گرووپێک بەناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق نزیک لە حەشدی شەعبی ئەنجامدەدرێن و بەرپرسیارییەتی ھێرشەکانیش لە میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبی بڵاو دەکرێنەوە.

گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەنجامدانی ھێرشەکان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لە وەڵامی ئەو ھێرش و بۆردومانانەیە کە سوپای ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە بۆسەر کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات.

یەکەم ھێرش لە ١٧ ی مانگی تشرینی یەکەم، لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆسەر بنکەی تەنەف لە سووریا کە ھێزەکانی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون ئەنجامدرا، ھەروەھا لە ھەمان ڕۆژدا، لەڕێگای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەکەوە لەلایەن گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی، دوو ھێرش کرایە سەر بنکەی عەین ئەسەد.

لە ڕۆژی ١٨ی مانگی تشرینی یەکەم، لەڕێگای ئاراستەکردنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە، ھێرشکرایە سەر بنکەی ھەریر لە پارێزگای ھەولێر کە ھێزەکانی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراوە.

ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، پاتریک ڕایدەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو کە لە ١٧ی تشرینی یەکەمەوە لە عێراق و سووریا بە گشتی ٣٨ ھێرشی جیاواز لە دژی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئەنجام دراون.

بەگوتەی پاتریک ڕایدەر، ٢٠ ھێرشیان لە عێراق و ١٨ ھێرشیان لە سووریا بووە و بە فڕۆکە بێ فڕۆکەوان و مووشەک ھێرش کراوەتە سەر ھێزەکانیان و ئەوەش بە “دەستدرێژی و ھێرشی ھەراسانکەر” لێکدراوەتەوە.

پاتریک ڕایدەر ئاشکراشی کردبوو: “بە ھۆی ئەو ھێرشانەوە تا ئێستا ٤٥ کەس لە ھێزەکانمان بریندار بوون کە لەو ژمارەیەوەش ٢٤یان زیان گەیشتووەتە مێشکیان”.

ھاوکات دوای رۆژێک لە لێدوانەکەی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ، چوار ھێرشی دیکە لەڕێگای ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، بنکەی ھەریر، بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بنکەی تەنەف لە سووریا ئەنجامدراون.

لەئێستادا، لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، ترسی ئەوە ھەیە کە شەڕەکەی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین لە کەرتی غەززە لە ناوچەکە فراوانتر بێت.

لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان لە لێدوانیکی ڕۆژنامەوانییدا ھۆشداریدا لە کردنەوەی بەرەی دیکەی شەڕی دژبە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراست و ڕایگەیاندووە، بەردەوامی ھێرش و بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە بەرەی دیکەی شەڕ لەلایەن ھێزەکانی (مقاوەمەوە) لە ناوچەکە بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەیشداوە کە ئەگەر ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بەردەوام بێت، ئەوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و ململانێیەکەیش بۆ ناوچەکە پەرەدەسەنێت.

ئەم لێدوانەی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان دوای سەردانەکەی ٥ی ئەم مانگەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن بۆ عێراق ھات کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: “ئێمە ھیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکمان لەگەڵ ئێران ناوێت، بەڵام ھەموو ڕێوشوێنێک بۆ پاراستنی ھێز و ھاووڵاتییانمان لە ناوچەکە دەگرینەبەر”.

ئەنتۆنی بلینکن ھۆشداری دایە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، لەوەی شەڕی غەززە بۆ ھێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانمان نەقۆزنەوە و گوتبووی: “ئێمە لە ھاوکارییەکانمان لە بواری ئەمنی و سیاسی لەگەڵ عێراق بەردەوامین”.

بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری ڕومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار و یەکێکە لەو بنکانەی کە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمریکای تیایدا جێگیرکراون.

لەئێستادا، دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازیی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ راوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بنکەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار، بنکەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و بنکەی ھەریر سەربە پارێزگای ھەولێر و جێگیرکراون.

بەپێی زانیارییەکان لەئێستادا، سێ ھەزار سەربازی ئەمریکا لە بنکەکانی رومێلان، مەبروکە، خەراب ئەلجیر ، عەین عیسا، عەین عەرەب، شەدادی، تەل ئەبیەز، تەل بەیدەر و تەنەف لە سووریا جێگیرکراون.

‏پێشتر بۆ چەند جارێک گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسول ڕایگەیاندووە، ھێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکان لە عێراق کە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایاندا جیگیرکراون و ڕەتدەکەنەوە و ئاماژەی بەوەیشداوە کە لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەدا، بێ دەنگ نابن.

لە ماوەکانی ڕابردوودا، لیوا یەحیا ڕەسول لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، فەرمانی بە ھێزە ئەمنییەکانداوە کە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکان و بارەگاکانی نێردە دیپلۆماتییەکان جێبەجێ بکەن و ئەنجامدەرانی ھێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکان دەستگیر بکەن و ڕێگایش بە ھیچ لایەنێک نەدەن زیان بە ئاسایش و سەقامگیری وڵات بگەیەنن.

سەرباری ئەو ھەڵوێستەی حکومەتی عێراق، بەڵام ھێشتا، ھێرشکردنە سەر بنکەی عەین ئەسەد بەردەوامە، لە کاتێکدا گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی، بە فەرمی بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکان ڕاگەیاندووە.

 

ئاسایشی دەروونی مامۆستایان، هەنگاوی چارەسەر
پێشت ئاسایشی دەروونی مامۆستایان، هەنگاوی چارەسەر
دۆخی کورد لەناوچە جێناکۆکەکان چۆن دەبێت… هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان چی دەگۆڕێت؟
دواتر دۆخی کورد لەناوچە جێناکۆکەکان چۆن دەبێت… هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان چی دەگۆڕێت؟
ەیوەندیدار