توانای سەربازی حزبوڵڵا لە نێوان ئێستا و ڕابردوو جیاوازی چییە؟



حزبوڵڵای لوبنان هۆشداریدا لە ئامادەیی بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئیسرائیل، پاش ئەوەی چەکدارەکانی بۆ چەندین ڕۆژ لە سنوورەکان ڕووبەڕووی سەربازانی ئیسرائیل بوونەوە.

چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی ترسیان لە پەیوەندیکردنی حزبوڵڵا بە شەڕی دژ بە ئیسرائیل هەیە، کە ببێتە هۆی وێرانکاری لە لوبنان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە دوای هێرشی چەکداری حەماس لە حەوتی تشرینی یەکەم، نزیکەی هەزار و ٤٠٠ کەس کوژران، هەردوولا لە سنوورەکانەوە تۆپ و مووشەکیان ئاڕاستەی یەکتر دەکرد.

شرۆڤەکاران بە کەناڵی جەزیرەیان ڕاگەیاند، ڕەنگە ئەو سیناریۆیە گوشارەکانی سەر حەماس و هاوڵاتیانی مەدەنی گەمارۆدراو لە غەززە کەم بکاتەوە، بەڵام بۆ لوبنان وێرانکەر دەبێت و بۆ ئیسرائیلیش تێچووی زۆری دەوێت.

 

ئایا پێشتر حزبوڵڵا شەڕی ئیسرائیلی کردووە؟

لە مانگی تەمموزی ٢٠٠٦ حزبوڵڵا دوو چەکداری ئیسرائیلی لە سنوورەکانی خۆیدا گرت، دواتر بووە هۆی وەڵامدانەوەی سەربازی بەرفراوان لەلایەن ئیسرائیلەوە.

شەڕەکە ٣٤ ڕۆژی خایاند و لە ئەنجامدا زیاتر لە هەزار و ١٠٠ هاوڵاتی لوبنانی و ١٦٥ ئیسرائیلی گیانیان لەدەستدا، هیچ لایەنێک نەبووە براوەی شەڕەکە، بەڵام هاووڵاتیانی مەدەنی لوبنان زەرەرمەندی سەرەکی بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ خاچی سوور، ئیسرائیل نزیکەی ٣٠ هەزار ماڵ، ١٠٩ پرد و ٧٨ دامەزراوەی پزیشکی وێران کردووە یان زیانیان پێگەیاندووە.

نیکۆلاس بلانفۆرد، پسپۆڕی لێکۆڵەر لە حزبوڵڵای لوبنان لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی، کە ناوەندێکی بیرکردنەوەیە لە واشنتۆن دی سی، ڕایگەیاند، گروپەکە سێ بۆ ٥ هەزار فڕۆکەی جەنگی و مووشەکی کورتمەودایان بۆ لێدانی ئیسرائیل لەبەردەستدایە، لە ماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوودا حزبوڵڵا توانا سەربازییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر کردووە.

نیکۆلاس بلانفۆرد، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند، ” ئەمڕۆ حزبوڵڵا توانای ئەوەی هەیە گەورەترین زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت لەو کاتەوەی دەوڵەتی جولەکە لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە”.

 

ئەمڕۆ حزبوڵڵا چەند بەهێزە؟

نیکۆلاس بلانفۆرد خەمڵاندنی بۆ توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵا خستەڕوو، حزبوڵڵا زیاتر لە ٦٠ هەزار چەکداری هەیە، کۆگای مووشەکەکانی لە ١٤ هەزار مووشەک لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ نزیکەی ١٥٠ هەزار لە ئێستادا زیادکردووە، زۆربەیان مەوداکورتن، مووشەکی ئێرانیشی تێدایە کە مەودای ٣٠٠ کیلۆمەتر دەبڕن.

نیکۆلاس بلانفۆرد ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەی هێزە تایبەتەکانی حزبوڵڵا مەشقیان پێکراوە بۆ دزەکردنە ناو ئیسرائیل لە ئەگەری ڕوودانی شەڕدا، هەر بۆیە ئیسرائیل لە چەند ساڵی ڕابردوودا حزبوڵڵای بە مەترسی سەرەکی زانیووە.

ڕاندا سلیم، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ململانێ و چارەسەرییەکان لە ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند، شەڕی سوریا کە حزبوڵڵا لەلایەن سەرۆک بەشار ئەسەدەوە دەستوەردانی کرد، وایکرد گروپەکە توانای شەڕکردنی خۆی باشتر بکات، سیستەمی هەواڵگرییان بەهێزتر بکەن.

 

تا چەند ئەگەری شەڕی حزبوڵڵا و ئیسرائیل هەیە؟

ڕاندا سلیم، ئاماژەی بەوەکرد، ڕەنگە حزبوڵڵا و ئێران بڕیاری کردنەوەی بەرەی دووەم لە دژی ئیسرائیل بدەن بەپێی ئاستی ئەو دڕندەییانەی لە غەززە ئەنجامدراون، هاوکات لە ئەگەری بنبڕکردنی حەماس ئەو کاتە حزبوڵڵا دەتوانێت دەستوەردان بکات.

ڕاندا سلیم وتی، “ئێران کۆمەڵێک یاریزانی لە وڵاتانی عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن هەیە، لە کاتێکدا حزبوڵڵا باسی بیرۆکەی یەکگرتنی بەرەکانی کردووە، وێڕای مەترسییەکان، شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە حزبوڵڵا وەک ڕێگرییەکی گەورە لە بەرامبەر هەر پلانێکی ئەگەری ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران کار دەکات.

نیکۆلاس بلانفۆرد وتی، ئەگەر شەڕێک لە لوبنان ڕووبدات، ئەوا حزبوڵڵا لێی دەدرێت و ئێران ئامرازێکی سەرەکیی ڕێگریکردن لە دەست دەدات، بەڵام ئێران هێشتا دەتوانێت یاریزانەکانی خۆی لە دژی ئیسرائیل چالاک بکات، ئەمریکا ئاگاداری ئەو مەترسیانەیە و دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کردووە بۆ ئەوەی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێرانن لە بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل ڕابگرن.

نیکۆلاس بلانفۆرد ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە ئیسرائیل پلانی تایبەتی خۆی هەبێت کە هەوڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی سەرەتا هێرش بکاتە سەر حزبوڵڵا.

 

 

حزبوڵڵا دەتوانێت شکست بە ئیسرائیل بهێنێت؟

ڕاندا سلیم ئاماژەی بەوەکرد، حزبوڵڵا توانای ئەوەی هەیە زەربی کوشندە لە ئیسرائیل بدات، هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بۆ ژێرخانی گرنگی وڵاتەکە وەک فڕۆکەخانەی بن گوریون و تۆڕە سەرەکییەکانی کارەبا وێران دەکات.

عیماد سەلامی، مامۆستای یاریدەدەری زانستە سیاسییەکان و کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئەمریکی لوبنانی، هۆشداریدا لەوەی شەڕ لە دژی حزبوڵڵای لوبنان دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێی مەدەنی لە لوبنان، کە ماوەیەکە بە قەیرانی ئابووری و سیاسیدا تێدەپەڕێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆچکردنی هاوڵاتیانی لوبنانی کە زۆربەیان شیعەن بۆ شارە مەسیحییەکان و سوننە زۆرینەیان لە باکور ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی گرژیی تائیفی، هەروەها ڕەنگە ڕەخنەگران و نەیارانی حزبوڵڵا بە ڕوونی گرووپ و لایەنگرانی هەستپێکراو تاوانبار بکەن.

عیماد سەلامی بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند، ئەگەر جەنگێک ڕووبدات، ئەوا وەک ساڵی ٢٠٠٦ نابێت، لە ناوخۆدا شەڕ و ململانێ لە نێوان پێکهاتەکاندا دروستدەبێت.

 

سەرچاوە: Al Jazeera

نوێترین زانیاری دەربارەی گەشتی ئاسمانی سنە-سلێمانی
پێشت نوێترین زانیاری دەربارەی گەشتی ئاسمانی سنە-سلێمانی
باڵیۆزی ئیسرائیل لە کۆڵۆمبیا دەرکرا
دواتر باڵیۆزی ئیسرائیل لە کۆڵۆمبیا دەرکرا
ەیوەندیدار