ئەلعەرەب؛ ناتانیاهۆ و عەباس، دۆڕاوی شەڕی غەززەن



شەڕی بەردەوامی نێوان حەماس و ئیسرائیل گۆزەکەی لەسەری هەردوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ و سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین مەحمود عەباس (ئەبو مازن) دا شکاند و هیچ کامیان لەڕووی سیاسییەوە بێ زیان لەم دۆخە دەرناچن، یەکەمیان بەهۆی ئاژاوەیەک کە لەم ماوەیەی دواییدا لەناو ئیسرائیل و ناوچەکەدا دروستیکردووە، دووەمیان کە بووەتە هێمایەک بۆ شکستی ڕەهای دەسەڵات و بێتوانایی لە بڕیاردان لە دەسەڵاتی فەلەستین.

 

بە فەرمی ڕاگەیاندنی دۆخی شەڕ لە ئەنجامی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس و جیهادی فەلەستینی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاووڵاتی ئیسرائیلی و زیاتر لە دوو هەزار بریندار، بوومەلەرزەیەکی سەربازیی و سیاسی بوو کە لێکەوتەی سیاسی بۆ حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەبێت.

 

میدیا عیبریەکان وردەکارییە پڕ لە گێژاوەکانی دانیشتنی حکومەتی ئیسرائیلیان ئاشکراکردووە، کە شەوی شەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، کە لە دانیشتنەکاندا پێکدادانی زارەکی ڕوویداوە، بەرپرسان لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ یەکدییان تۆمەتبار کردووە و شەڕی زارەکی توند لە نێوانیاندا هاتووەتە ئارا.

 

ناتانیاهۆ بەشێکی زۆری ئەو شکستە ستراتیجییە هەڵدەگرێت کە ڕووبەڕووی سوپای ئیسرائیل و دەزگا هەواڵگرییەکان دەبێتەوە، بە درێژایی ماوەی ڕابردوو سەرقاڵی چۆنیەتی چەسپاندنی دەسەڵاتەکانی بەسەر حکومەت و کنێست بووە لە پێناو ڕێگە دۆزینەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری.

 

نیگەرانییە سیاسی و ئایینیەکان لە ئەدای دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیلدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، ئەمەش دەکات سەرۆکوەزیران زۆرێک لەو شکستەی باهۆزی ئەقسای بکەوێتە ئەستۆ کە بەسەر سوپا ناڕێکخراوەکەیدا هات لە لایەن باڵە سەربازییەکانی بزووتنەوەی حەماس،(لیواکانی عیزەدین قەسام) و (لیواکانی قودس).

 

ڕەنگە ناتانیاهۆ دوای ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی غەززە بۆ ماوەیەکی کاتی لە لێپرسینەوەی سیاسی دەرباز بێت، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی بێدەنگی لەوە بکرێت کە ڕوویدا و لە هەردوو باردا ئیسرائیل ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئاڵۆز دەبێتەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە داوای پێکهێنانی حکومەتێکی فریاگوزاری نیشتمانی کە متمانەی 100 ئەندامی کنێستی هەیە چانسێکی لەبەردەمە، لە لایەکی دیکە ئەو پشتیوانییەی لە ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپی وەریگرت ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەردەوام دەبێت لە دەسەڵات و ئێستا بەدوای سەرکەوتنێکی سەربازی خێرادا دەگەڕێت.

 

مەحمود عەباس (ئەبو مازن) ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختتر لە ناتانیاهۆ دەبێتەوە، ڕەنگە زیانەکانی بەهۆی ئەم شەڕەوە قورستر بێت، چونکە هێزەکانی فەلەستین بە سەرۆکایەتی بزووتنەوەی حەماس ڕۆڵی سەرەکیان لە پرسی فەلەستین دا هەیە و بژاردەی جەنگێکی درێژخایەنی سەربازییان لەگەڵ ئیسرائیل نزیکتر کردووەتەوە.

 

ئەو لێدوانە سیاسییانەش سەرکردایەتی دەسەڵاتی فەلەستین دەیدات، سەرکەوتوو نەبوون لە قایلکردنی بەرامبەرەکانیان بەوەی خۆیان بە بەرپرسیار نەزانن لە کاریگەرییەکانی حەماس لەناو فەلەستیندا دوای ئەوەی بزووتنەوەکە بوو بە ژمارەیەکی باوەڕپێکراو بۆ زۆرێک لە هاووڵاتیانی کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە.

 

شرۆڤەکاران دەڵێن، دەرئەنجامی یەکەمی شەڕ، دەبێتە هۆی تێپەڕاندنی سەردەمی ئەبو مازن و سەرکردەکانی فەتحی نزیک لە خۆی، چونکە بزووتنەوەکانی حەماس و جیهاد بەرهەمی سیاسی زۆریان چنییەوە و سەرنجی زۆرێک لە فەلەستینییەکان و عەرەبەکانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا، ئەوەی باڵی سەربازی ئەو هێزە و بزووتنەوەکانیان کردیان وەک چیرۆکێکی ئەفسانەی وا بوو، کەس باوەڕ نەدەکرد کە ئەم جۆرە هێرشە ڕووبدات.

 

چاودێران دەڵێن، سوپای ئیسرائیل دەستەوستان نابێت بەرامبەر بە حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و دەستێکی پۆڵاینیان لێدەکاتەوە و لە کوشتن و ماڵ وێرانکردنی فەلەستینییەکانیشدا درێغی ناکات، ئەمەش دژی ئەبو مازن و دەسەڵاتەکەی فەلەستینە.

 

چاودێران دەشڵێن، زیندانییە ئیسرائیلییەکان نابنە بەربەست بۆ سنووردارکردنی هێرشەکان بەرامبەر ئەو دوو بزووتنەوەیە، ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات بە درێژەدان بە بۆردومانی ئاسمانی سەر غەززە قەرەبووی ئەو شکستە سەختە سیاسی و سەربازیە بکاتەوە کە تووشی بووە، ڕەنگە پەنا بۆ لەشکرکێشییەکی زەمینیش ببات، کە زیانی مرۆیی گەورەتری هەبێت لەوەی ئیستا هەیە.

وەزیری وزەی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات
پێشت وەزیری وزەی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات
“ئەو پارەیەی بۆ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی وەردەگیرێت نایاساییە”
دواتر “ئەو پارەیەی بۆ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی وەردەگیرێت نایاساییە”
پەیوەندیدار