بڕینەوەی زەیتوونەكانی عەفرین بەردەوامە



 

بڕینەوەی تەواوەتی یان بەشێكی باخە زەیتوونەكانی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیاوە بەردەوامە.

ڕووانگەی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە سووریا بڵاویكردەوە، باخەكانی زەیتوون لە گوندی كفرشیل و دەوروپشتی گەڕەكی مەحمودیە بە تەواوی یان بەشێكیان بڕدراونەتەوە لەلایەن چەكدارانەوە، هەرچەندە هاووڵاتیان سكاڵایان لەلای سووپای نیشتمانی سووریای سەر بە توركیا كردووە، بەڵام هیچ جوڵەیەك نەكراوە.

گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای سەر بە توركیا لەوانە مەلەك شا و سوڵتان موراد نزیكەی 120 داری زەیتوونیان لە گوندی قیبار لە ریفی عەفرین و چەند شوێنێكی دیكە بڕیوە كە خاوەندارێتییان بۆ چەند هاووڵاتییەك دەگەڕێتەوە و براون بۆ پارێزگەی ئیدلب بۆ فرۆشتن.

پارێزگەی ئیدلب تاكە پارێزگەی باكووری سووریایە لە ژێر دەستی گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریادا ماوە كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن.

لە سنووری ئەم پارێزگایە و ناوچە داگیركراوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان عەفرین، گرێسپی، سەرێكانیێ چەند جارێك لەسەر تاڵانی و دابەشكردنی ماڵ و موڵكی هاووڵاتیانی كورد لەنێوان گرووپە چەكدارەكان خۆیاندا بووە بە شەڕ و چەندین كەسیان لە یەكدی كوشتووە، یان بریندار كردووە.

لە درێژەی دەستدرێژیی گرووپە چەكدارە توندڕۆكانی سەر بە توركیا لە عەفرین، چەكدارەكانی گرووپی موعتەسەم لە گەڕەكی ئەشرەفیەی عەفرین خانووی هاووڵاتییەكیان فرۆشتووە بە بڕی 1400 دۆلاری ئەمریكایی كە هی هاووڵاتییەك بووە.

هاوكات چەكدارەكان هەستاون بە فرۆشتنی سێ خانووی دیكەی هاووڵاتیان لە شاری عەفرین بە بڕی 2200 دۆلاری ئەمریكایی.

گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كە لە دەیان گرووپی چەكداری ئیسلامی توندڕۆی جۆراوجۆر پێكهاتوون، هەر لە قاعیدەوە تا داعش و چەندینی دیكە بە پشتیوانی توركیا توانیویانە پێگەكانی خۆیان لە باكووری سووریا بپارێزن بەتایبەت ئیدلب.

ئەم گرووپانە پێشتر لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی گەلانی سووریا لە 2011 هاتنە ناو ناڕەزایەتییەكانەوە و لەلایەن چەندین دەوڵەتی عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەكران، بەڵام دواتر لەگەڵ كشانیان بەرەو تیرۆر، پشتیوانییەكانیان ڕاگیراو ئێستا لەلایەن دەوڵەتی توركیا پشتیوانی دەكرێن.

ئەم گرووپانە چەندین جار لەسەر دەسەڵات و تاڵانی شەڕی سەخت لەنێوانیاندا ڕوویداوە، لەوێ دەیان چەكداریان كوژراون و بریندار بوون.

ئەمریكا و ڕووسیا دژی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕێككەوتن
پێشت ئەمریكا و ڕووسیا دژی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕێككەوتن
نەتەوە یەكگرتووەكان دەستگیرۆیی چەندان پڕۆژە دەكات
دواتر نەتەوە یەكگرتووەكان دەستگیرۆیی چەندان پڕۆژە دەكات
ەیوەندیدار