ئەمریكا و ڕووسیا دژی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕێككەوتن


 

سەرچاوە دیپلۆماسی و سیاسییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەڵێن لەنێوان ئەمریكا و ڕووسیادا لە باكووری سووریا كۆبوونەوەیەك پێكهاتووە، تێیدا ڕێككەوتوون بە هیچ شێوەیەك ڕێگا بە هیچ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە باكووری سووریا نەدرێت، كە ئاماژە بووە بۆ هەڕەشەكانی هێرشی زەمینی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان.

لەلایەكی دیكەوە ڕووسیا ئەلێكسەندەر چوەیكۆ فەرماندەی هێزەكانی خۆی لەسووریا گۆڕیوە بە فەرماندەیەكی نوێ، ئەو فەرماندە نوێیە لەگەڵ هەسەدەدا كۆبووەتەوە.

لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەوە، سەرچاوەكان دەڵێن مۆسكۆ دووپاتیكردووەتەوە لەسەر گفتووگۆی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە ئامانجی ڕێككەوتن.

لەبارەی هەڕەشەكانی توركیاشەوە، ڕووسیا داوای لە هەسەدە كردووە هێزەكانی هەسەدە و ژمارەیەك فەرماندە كە توركیا پێیان نیگەرانە لە كۆبانێ و منبج بكشێنەوە، لەبەرامبەردا هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی دەوڵەتی سووریا جێگەیان بگرنەوە.

هاوكات كەناڵی حەدەس بڵاویكردووەتەوە، كاروانێكی گەورەی هێزی ئەمریكا بە چەكی قورسەوە گەیشتووەتە ڕۆژئاوای كوردستان.

بەپێی ڕاپۆرتی كەناڵەكە، كاروانەكەی سوپای ئەمریكا لە 40 ئامێری سەربازی برادلی شەڕكەر، ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ، كرێنی گواستنەوەی تانك و زرێپۆش، ئامێری ڕادار و چاودێری، گوێزەرەوەی كەلوپەلی لۆجیستیكی پێكهاتووە و لە دوو بنكەی سەربازی سنووری پارێزگەی حەسەكە جێگیربوون.

گەیشتنی ئەم هێزە دوای ئەوە دێت ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكایی بڵاویكردەوە، بەم نزیكانە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەكانیان بەشێوەیەكی زۆر گەورە و بەرفراوان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێدەكەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی واشنتن پۆست، ژمارەیەك كاربەدەستی ئەمریكایی وێڕای سووربوونی ئەمریكا لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە، گومانی خۆیشیان نیشانداوە كە ڕەنگە توركیا كاردانەوەی سەربازی بنوێنێت و پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا گرژی زیاتر بەخۆوە ببینن.

لای خۆیەوە دەیڤید پۆلۆك، سەرۆكی پەیمانگەی واشنتۆن بۆ لێكۆڵینەوەكانی ڕۆژهەڵاتی نزیك، ڕایگەیاند ئەمریكا “سنوری بۆ هێرشەكانی توركیا داناوە”.

پۆلۆك ڕەتیكردەوە كە “توركیا بتوانێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدات”.

ناوبراو بەئاژانسی نۆڕس پرێسی ڕاگەیاند، “توركیا دەیەوێت تەحەدای بوونی ئەمریكا لەسەر خاكی سوریا بكات، بەڵام لەم ڕووەوە ڕووبەڕووی چەندین تەحەدا دەبێتەوە، لەوانە ناڕازیبوونی ڕووسیا لە ئۆپەراسیۆنێكی نوێی زەمینی توركیا و ئامادەیی كوردان بۆ شەڕی بوێرانە بۆ ڕادەستنەكردنی شارە ستراتیژییەكانی خۆیان”.

هاوكات ڕاوێژكاری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێی وایە كە ڕەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا پەرە بسەنن لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردن لە توركیا، كە دەبێت “دەستێوەردانی دیپلۆماسی ئەمریكا هەبێت بۆ ئەنجامدانی دانوستانەكانی ئاشتی كورد و توركیا”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “هەوڵدان لەم بوارەدا پێویستی بە فشاری ئەمریكا هەیە لە فایلی ئێف ١٦دا، هەروەها پاڵنانی كورد بۆ قبوڵكردنی ئاشتی لەگەڵ لایەنی توركی.”

ئیدارەی ڕاپەڕین هەلی دامەزراندن ڕادەگەیەنێت
پێشت ئیدارەی ڕاپەڕین هەلی دامەزراندن ڕادەگەیەنێت
بڕینەوەی زەیتوونەكانی عەفرین بەردەوامە
دواتر بڕینەوەی زەیتوونەكانی عەفرین بەردەوامە
پەیوەندیدار