بڕیارێكی دیكە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە عێراقەوە دەدرێت



جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، 120 واژۆیان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابكەنەوە.

دوێنێ‌ یەك شەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و بڕیاریدا بە شێوەی قەرزی مانگانە بڕی 700 ملیار دینار تا سێ‌ جار بۆ هەرێمی كوردستان بۆ مووچە بنێرێت و ئەوەش مەترسی بۆ مووچەی مانگەكانی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێم دروست كردووە، بۆیە داوا دەكرێت پشكی مووچەی هەرێم لە خەرجی جیابكرێتەوە تاوەكو وەك فەرمانبەرانی عێراق مووچە خەرج بكرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بۆ سێ مانگی مووچەی مووچەخۆران ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.

وتیشی، “ئەو بڕە پارەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بۆ مووچەی مانگی 7، 8 و 9ـی مووچەخۆران خەرج دەكرێت و هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە خەرجی ڕاستەقینە جیابكەینەوە و رێگەچارەیەك بۆ سێ مانگەكەی دیكەش بدۆزرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، نزیكەی 120 واژۆیان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابكرێتەوە، هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق و ئەوە دەكەنە پڕۆژەیەك بە مەبەستی ئەوەی لە پەرلەمان هەمواربكرێتەوە.

دەشڵێت: “پڕۆژەكە وەڵامدانەوەیەكی باشی هەیە، تەنانەت لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەی لەكاتی خۆیدا پڕۆژە یاسای بودجەیان بەلاڕێدا برد و ئەم ئەنجامەی لێكەوتەوە. هەموو لایەنێك هاوهەڵوێستن لەسەر ئەوەی نابێت قوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تێكەڵی كێشە سیاسییەكان بكرێت”.

ئەمڕۆش، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو 700 ملیار دینارەی، كە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگات، بۆ مووچەی مانگی 7 خەرج دەكرێت.

پەرلەمان دەنگی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەداو دواخرا
پێشت پەرلەمان دەنگی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەداو دواخرا
ڕێگای گەشەپێدان باسی گەرمی G20 و بەهێزی عێراقە
دواتر ڕێگای گەشەپێدان باسی گەرمی G20 و بەهێزی عێراقە
ەیوەندیدار